مێژووی کاشییەکان:

مێژووی کاشییەکان:

(لوڕستان) زێدی ڕەسەنی (کاشییەکان)ە ڕۆڵی کاشییەکان لە (هەزارەی دووەمی پ.ز) پەرەی سەند، بە هۆی کار و کاسبیەوە ژمارەی کاشییەکان لە وڵاتی بابل ڕووی لە زیاد بوون بووە، زۆر بوونی ژمارەی کاشییەکان لەو وڵاتەدا بووە هۆی زیادبوونی کاریگەریان لە ژیانی هاوڵاتیانی (بابل) بەتایبەتی لە بواری (ئابووری)دا.


بەڵام کاتێک (مورسیلیسی یەکەم) پاشای حیثییەکان لە (١٥٩٦ پ.ز) پەلاماری بابلی دا و کۆتایی هێنا بە حوکمڕانی بنەماڵەی (حەموڕابی)، بووە هۆی پەیدابوونی (بۆشایەکی سیاسی) لە بابل، کاشییەکان ئەم هەلەی قۆستەوە و حوکمیان گرتە دەست، بۆ ماوەی زیاتر لە چوارسەدە( ١٥٩٥-پ.ز١٢٦٢ پ.ز) حوكمڕانی وڵاتی بابلیان کرد.


وڵاتی بابل لە سایەی حوکمرانی کاشییەکان لە شەڕ و ئاژاوە دوور کەوتەوە کەوتە ژێر سایەی ژیانێکی ئارام و سەقامگیرەوە. کاشییەکان چەندین دیاردەی شارستانیان هێنایە بابل، وەک بەکارهێنانی (ئەسب) و (گالیسکە).


هەروەها کاشییەکان ڕۆڵی گرنگیان بووە لە گۆڕینی پەیوەندییەکانی هێزە سیاسیەکانی ئەو کاتەی ڕۆژهەڵاتی نزیک، میسر بووەتە ناوەندێک بۆ پەیوەندیە دبلۆماسیەکان، ئەو نامانەی لە (عەمارنە) لە میسر دۆزراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە کاشییەکان خەڵات و دیارییان لە گەڵدا ئاڵوگۆڕکردوون، لەو پەیوەندیانەشدا کلتووری بابلی ( کە بریتی بووە لە بەکارهێنانی زمانی ئەکەدی و نووسینی بزماری) زمانی دبلۆماسیەتی بووە.


هەروەها باسی شووکردنی خاتوونە کاشییەکان دەکەن بە میسرییەکان، هەروەها پاشاکانی کاشییەکان خوشک و کچی خۆیان داوە بە فیرعەونەکانی میسر.


کاشییەکان لە گەڵ ئاشوورییەکاندا پەیوەندی ئاشتیانەیان پیادە کردووە پەیمانی ڕێکخستنی سنووریان مۆرکردووە و پاشاکانی کاشییەکان خاتوونی ئاشووریان هێناوە.


کاشییەکان پاش سەقامگیربوونی ڕەوشی گشتی وڵات شارێکی نوێیان بنیاتنا تا ببێتە پایتەختیان، ناویان ناوە(دورکوریکالزو) بە ناوی پاشاکەیان (کوریکالزوی دووەم).. پاشماوەی ئەم شارە ئەمڕۆ دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری بەغداد بە نزیکەی (٢٣کم)، پێی دەڵێن (عەقرقوف).


کۆشک و پەرسگایان تیادا بنیاتناوە کە بە پتەوی بە ناوبانگ بوون و ئەستووری دیوارەکانیان زیاتر لە (٢پێ) بووە، قوڕ و خشتیان لە بنیاتناندا بەکارهێناوە، شەقامەکانیشیان بە خشت کردووە، لە گرنگترین شوێنەوارەکانی ئەم شارە، زەقورەی (عەقرقوف)ە، تاکوو ئێستا هاوڵاتییە جێنشینەکانی ئەو دەورووبەرە بە پاشماوەی شارەکە دەڵێن (حاری کوردان).


کاشییەکان سیستەمێکی پێشکەوتووی کشتوکاڵیان دامەزراند، پاشاکان زەویان بە سەر سەرۆک هۆزەکان دابەشکردووە، نیشانەو سنووریان لە نێوان زەوی تاک و کۆمەڵەکاندا داناوە. بایەخیان بە جۆگەکانی ئاودێری داوە.


شێوازی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ پەرەی سەندووە بووەتە شێوازیکی نیمچە دەرەبەگی. ئەمەش بووە هۆی زۆربوونی بەرهەمهێنان و جێنیشینبوونی دانیشتوان و پتەوبوونی پەیوەندییان بە دەسەڵات، بۆیە حوکمڕانی کاشییەکان ماوەیەکی درێژی خایاند.

تعليقات