بەشی یەکەم: کورتەیەکی مێژووی لە سەر پەیدابوونی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ:

کورتەیەکی مێژووی لە سەر پەیدابوونی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ:
 لە پەیدابوونی کۆمەڵی مرۆڤایەتی و هاتنە کایەی چەمکەکانی مۆڵکداری و بەرژەوەندی و دەسەڵاتەوە، ناکۆکی و پێکداپژان و شەڕ هاتوونەتە ئاراوە و تەنانەت دوو جەنگی جیهانیشیان لێکەوتەوە، ئەو دوو جەنگە کارەساتی گەورەو ناهەمواری وایان خستەوە کە بە ملیۆنان کەس گیانیان تیادا لە دەستبدەن. هەر لە زوورەوە ژیرانی دونیا هەستیان بەو پێشێلکارییە گەورانە کرد کە دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکران و دەکرێن، بە تایبەتی لە کاتی شەڕ و پشێوییەکاندا، بۆیە هەوڵی دانانی سیستمێکی وایان دا کە ڕادەیەک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن.. بەو هۆیەوە بیر لە دانانی چەند بنەمایەک کرایەوە تا مافی تاکە کەس و خەڵکە سڤیل و شەڕنەکەرەکە بپارێزێ و بەڵێنی پایبەندبوونی دەسەڵاتدارانیش بەو بنەما سەرەکییانە وەربگیردرێ…
ساڵی(١٢١٥). خەڵکی ئینگلتەرا بەڵگەنامەیەکیان بە فەرمانڕەواکەیان واژۆکرد کە چەند مافێکی مرۆڤی تیادا دیاریکرابوو، پەیماننامەکە بە (ماگناکارتا( ١)) واتە( پەیمانی مەزن) ناسرا…
لە چەرخی” ڕێنیسانس”یشدا، لە ئەورووپا کۆمەڵە پیاوێکی زانا و هۆنەرمەند و کارامە پەیدابوون، بیرۆکەی گرنگی وایان ورووژاند کە سەرجەم مرۆڤایەتی پێڕاچەڵەکێ و ڕۆڵێکی مەزن لە زەمینە خۆشکردن و گەشەپێدان و چەسپاندنی مافی مرۆڤیشدا ببینن.
ساڵی (١٦٤٢)، (ئولیڤەر کرومیل)(٢) سەرکردایەتی شۆڕشێکی بورژوای دیموکراتیانەی لە (ئینگلتەرا)دا کرد و شا( شارلی یەکەم)ی لە ناوبرد و پەرلەمانێکی پێکهێنا، پەرلەمانەکە لە ساڵی ١٦٨٩دا چەند بنەمایەکی وای داڕشت کە ئامانجی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی و پشتگیریکردنی ئازادییە کەسسیەکان بوو. هەر لەو سەردەمەدا فەیلەسوفێکی مەزن بە ناوی “جون لوک”ەوە پەیدا بوو، بۆچوون ونووسینەکانی خۆیی لە سێ خاڵدا کۆکردەوە:
١- یاسا سرووشتیەکان، بێجیاوازی نەژاد، ئایین…هتد لە ڕێگەی هۆشەوە لە ئەزموونی هەستەکانماندا دەناسرێن.
٢- دانانی کۆیلایەتی بە کارێکی ناڕەوا.
٣- هەموو کەس بۆ پاراستنی ژیان و ئازادی لە ماف وئەرکدا یەکسانە.
ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکا، لە (٤)ی تەممووزی(١٧٧٦)دا، بۆ یەکەمین جار جەخت لە ڕاستییەک دەکات کە مرۆڤ لە لەدایکبوونیانەوە یەکسانن و پەروەردگار هەندێک مافی لە بننەهاتووی پێبەخشیون، وەک مافی ژیان و ئازادیی و گەڕان بە دوای بەختەوەریدا، حکومەتانیش لە پێناو وەدەستهێنانی ئەم مافانەدا دروستکراون. سێزدە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستووری بنەڕەتی خۆیان گۆڕی و هەشتی دیش ئەو ڕاگەیاندنەی مافی مرۆڤ دەخەنە سەر دەستووری ناوچەکانیان.
هەموویان مافە تاکە کەسییەکان وەبیردەخەنەوە دەڵێن ئەمانە ئازادیی سەرەتایی مەدەنین(سڤیل)ن.
شۆڕشی فەڕەنسا لە تەممووزی(١٧٨٩)دا بەرپابوو، لە مانگی ئابی هەمان ساڵیشدا ئەنجومەنی گەل(پەرلەمان)دامەزرێنرا. ئەم ئەنجومەنە سوودی لە هەر دوو نموونەی بەریتانیی و ئەمریکایی لە بورای مافی مرۆڤدا وەرگرت، جگە لەوە سوودی زۆریشی لە بەرهەمەکانی سێ بیرمەندی فەڕەنسیای( ژان ژاک رۆسۆ(٣))، (ڤۆلتێر(٤))، (مونتسیکۆ(٥)) وەرگرت. ئەنجومەنەکە مافی مرۆڤ و هاونیشمانی بە (١٧) بەند ڕاگەیاند و لە ساڵی (١٧٩١)یشدا خرایە دەستووری فەڕەنساوە.
ڕێکەتننامەی (لاها)ی ساڵی (١٨١٩) ئەو ڕاگەیاندن و ڕێکەوتننامانە لەخۆ دەگرێت کە پێویستە لە کاتی جەنگدا پێڕەو بکرێن، لەوانە ڕیکەوتننامەی لاهای (١٨٨٩)و ڕێکەوتننامەی(١٩٠٧)ی تایبەت بە کاتی جەنگ، لە شێوازەکانی ڕێکخستنی خەڵک و بەکارنەهێنانی چەکە کۆکوژییەکان و قەدەغەکردنیان و چۆنێتی هەڵسوکەوتی جەنگاوەران و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان.
ڕێکەوتننامەکە بەندە بە پارێزگاریکردنی مافی مرۆڤ لە کاتی جەنگ و پێکداداندا، باس لە پارێزگاریکردنی دیل و زامداران دەکات، ساڵی (١٩٠٧) دەستکاری دەقی ڕیکەوتننامەکە کراو گرنگی زیاتری بە پێکراوی جەنگ و دیل و خەڵکە سڤیلەکەدا. دواتریش ساڵی (١٩٤٩) لە ژێنێف لە سەر چوار خاڵی گرنگ ڕێککەوتن، ئەوانیش ” پارێزگاریکردنی: بریندارانی شەڕ، دیل، شوێنە پیرۆزەکان، شوێنە مەدەنیەکان.”
پرۆتۆکۆلێک بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی “گازی ژەهرای و ماددە بەکتریۆلۆژییەکان”، کە بە ئامرازی شەڕی دڕندانە دانران، لە ژێنێف واژۆکرا.

تێبینیەکان:
(١)لە ساڵی (١٢١٥) دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئینگلتەرا زۆر لاواز بوو بە تایبەت پاش هاوبەشی کردنی ئینگلتەرا لە جەنگی خاچ پەرەستاندا و تێکشکاندنی کڵێسای کاسۆلیک ئەم کارە بووە مایەی ناڕەزایی لە نێوان پیاو ماقوڵان و سوراچاکاندا، لە لایەکی تریشەوە دانیشتوانی شارەکان دژی دەسەڵاتی پاشا ڕاپەڕین و ناچارکرا پەیماننامەیەکیان لەگەڵدا واژۆ بکات بە ناوی (ماگناکارتا – پەیمانی مەزن)، پەیمانەکە لە (٦٣) بەند پێکهاتبوو، لەو بەندانە: ڕێکخستنی باج- بەندنەکردنی هیچ کەسێک بەر لە ڕێگەنەدانی یاسا- دەستێوەرنەدان لە کاروباری دادگا- هەرکاتێک پاشا پابەندی یاسا نەبێت بۆ پیاو ماقوڵان و دەرەبەگەکان هەبێ دژی بوەستن.
(٢)سیاسەتمەدارێکی ئینگلیزی ئەندام پەرلەمان بووەو سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی بەرهەڵستکارانەی دژ بە شا کردووە. ساڵی (١٦٤٢) جەنگی ناوخۆ لە ئینگلتەرا، لە نێوان پشتگیرانی پاشا و لایەنگرانی پەرلەمان دەستیپێکرد و ساڵی (١٦٤٥) بە سەرۆکایەتی (ئۆلیڤەر کرۆمێڵ) سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست هێنا.
(٣) ژانژاک ڕۆسۆ: (١٧١٢-١٧٧٨)، نووسەرێکی فەڕەنسییە و کتێبێکی لە بوارەکانی فەلسەفە و کۆمەڵایەتیدا داناوە و تیایاندا باسی لە چاکیی مرۆڤ کردووە و داوای گەرانەوە بۆ سرووشتیان لێدەکات. لە بەرهەمەکانی “پەیمانی کۆمەڵایەتی، ئەمیل، دانپێدانان”. بنەمای بڕواکانی کاریگەرێتی خۆیان لە شۆڕشی فەڕەنسادا هەبوو.
(٤) ڤۆڵتێر:(فرانسوا ماری ئەروای) (١٦٩٤-١٧٧٨)، لە دایکبووی پاریسە. نووسەرێکی بلیمەتی فەڕەنساییە، سەرکردایەتی بزووتنەوەی فەلسەفەی ماتریالی کردەووە و بەرەنگاری دەسەڵاتە ئایینی و مەدەنییەکانی بۆتەوە و ڕەخنەی لێگرتوون. شێعر و مێژوو و شانۆنامە و نامەگۆڕینەوە و فەلسەفەی نووسیوە.
(٥) مۆنتیسکۆ: (١٦٨٩- ١٧٧٥) لە گەورە ڕووناکبیرەکانی فەڕەنسایە کتێبێکی (گیانی یاساکان) مەزنترین بەرهەمیەتی کە تیایدا پێ لە سەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان(یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) دادەگرێت. مۆنتیسکۆ، لە پێناو دابینکردنی ئازادیی و دادوەری، داوای کرد بە شێوازی سیستمی ئینگلیزی ئەوکات کە مۆنتیسکۆ بە باشترین جۆرەکانی حوکمی دەزانی، پادشا و چینی ئۆرستۆکراتی و چینی گشتی هاوبەشی حوکم بکەن.

تعليقات