پێنجاوهەشت: پەیدابوونی سیستەمی حوکمڕانی

پەرەسەندنی سیستەمی حوکمڕانی بەلای سۆمەریەکان لە چاخە مێژوویەکان گەواهی ڕەگ داکوتانی ئەم سیستەمەیە لە زەمانێکی کۆنترەوە سەریهەڵداوە.
مەبەست لە سیستەمی حوکمڕانی، شێوازی کارگێڕی و بەڕیوەبەردنی شار یان دەوڵەتە کە لە چەندین شارۆچکە و گوندە پێکهاتووە، هەروەها جۆری دەسەڵات کە ئەو کارگێڕییە دەگرێتە ئەستۆ..
بە گشتی ئەستەمە باس لە یەکەمین سیستەمی حوکمڕانی عێراق بکرێت و ئەوەشی کە توێژەرەوان لەم بارەوە باسیان کردوون دەچنە بواری خەمڵاندن و گریمانەوەیە، ئەفسانە و ڕوایەتی سۆمەری و خشتەی پاشاکان باس لە فەرمانڕەواو بنەماڵە فەرمانڕەواکان دەکەن کە لە دێرین زەماندا حوکمڕانیان کردووە، بۆیە مەزەندە دەکرێت، پێش دۆزینەوەی (نووسین) جۆرێکی دیکەی حوکمڕانی هەبووبێ.
پەرەسەندنی سیستەمی حوکمڕانی بەلای سۆمەریەکان لە چاخە مێژوویەکان گەواهی ڕەگ داکوتانی ئەم سیستەمەیە لە زەمانێکی کۆنترەوە سەریهەڵداوە.
دژواری ژینگەی باشووری عێراق کە لە کەمی باران و بەرزی پلەکانی گەرما لە هاوین و لافاو لە بەهار خۆی دەنوێنێ.. کاریگەریان لە هاندانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە هەبووە بۆ ئەوەی هاوکاری یەکتر بکەن بەرامبەر ئەو دژواری و نەهامەتیە.. پێکەوە بۆ بنیاتنانی بەربەست و بەنداو هەڵکەندنی جۆگە و جۆگەڵە کاریان کردووە. جگە لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی گوند و کێڵگەکانیان.
وەک دەزانین ئەم جۆرە کارانە پێویستیان بە کەسانێک هەیە وەک سەرپەرشتیارێک کە ئەرکی ڕێکخستنیان بگرێتە ئەستۆ، خەڵکی ئەو سەردەمە باوەڕیان بە پیاوە ئاینیەکان زۆر پتەو بووە، وایاندەزانی ئەوان لە هەموو شتێک دەزانن وەکوو ڕوودانی لافاو یان بەرپابوونی پەلاماردان...
چونکە پیاوە ئاینیەکان لە پەرستگاکان دەژین و خزمەتی خواوەندەکان دەکەن و لە پەیکەری خواوەندەکەیانەوە نزیکن.
بە پێی بیروباوەڕی ئەوانیش هەڵبژاردنی پیاوی ئایینی بەلایانەوە ئەرکێکی خوداییە، بۆیە پیاوی ئاینی(کاهن)یان دەست نیشاندەکرد بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دنیاییان جگە لەوەی کە بە کاروباری ئایینیش هەڵدەستان. بەو پیاوە ئاینیە(کاهن- ئاخوند)ی سەرکردایەتیانی دەکردن دەیانگوت (ئین) لە زمانی سۆمەریدا بە مانای (سەردار یان گەورە)دێت.
بە هۆی پەرەسەندن و پێشکەوتنی ژیان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان پیاوی ئاینی "ئین" ئەرکە ئایینی و دونیایەکانی زیادی کرد.. بۆیە پێی نەدەکرا ئەرکەکانی بەڕێکی جێبەجێ بکات ناچار بوو یاریدەر بۆ خۆی دابنێ بۆ هاوکاری کردنی لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە، خۆشی چۆەتە دەرەوەی (پەرستگا)، کۆشکی بنیاتناوە، خزمەتگوزار و پاسەوان و بەردەستی ڕاگرتووە و خەڵکانی تریشی بۆ خۆشگوزەرانی و ڕابواردن وەکوو چێشت لێنەرو ئاوگێڕو سترانبێژوو مووسیقا ژەنیشی، ڕاگرتووە.
نازناوی حاکمی نوێ گۆڕا و لە زمانی سۆمەریدا(ئینسی) پێدەگوترا بە مانای (جێگر یان بریکاری خواوەند) بە فەرمانی خواوەند، هاتووە.
بە شێوەیەکی ئاسایی(ئین) یان(ئینسی) حوکمڕانی یەک شاری دەکرد.
بە هۆی گۆڕانی باری سیاسی، دەسەڵاتی حوکمڕان(حاکم) فراوانتر بوو، زیاتر لە شارێک دەکەوتە بن دەستی. ئەو حاکمە کە حوکمڕانی چەند شارێکی دەکرد پێیان دەگوت(لۆگاڵ) لە زمانی سۆمەریدا بە مانای (پیاوی مەزن یان پاشا) دێت. بەرامبەر وشەی(لۆگاڵ) لە زمانی سۆمەریدا وشەی (شڕو) لە زمانی ئەکەدیدا بەکارهاتووە.

تعليقات