ئیمپراتۆرییەتی میدییەکان-مادەکان (٥٥٠-٧٠٠ی پ.ز):

ئیمپراتۆرییەتی میدییەکان-مادەکان (٥٥٠-٧٠٠ی پ.ز)




لە ناوچەی باشووری ڕۆژئاوای (ورمێ) لە سەدەی نۆیەمی پ.ز (میدییەکان) جێنشین بوون، شاری “ئەکبەتانە” (هەمەدانی ئێستا)یان کردە پایتەختی خۆیان.

(هیردۆتس) مێژوونووسی یۆنانی، ئاماژە بەو شارە دەکات و دەڵێت: زۆر جوان و ڕێک و پێک بووەوە بە شوورە دەوردرا بوو، لە ناوەندی شوورەکان شا “دیوسیس” (دیاکۆ) کۆشکی خۆی بنیادناوە.

میدییەکان باری کارگێڕیان ڕێکخستووە و گەشەیانداوە بە (پۆستە) و گالیسکەی جەنگی، شمشێری کەوانەیی و کەوانی مەزنیان دروست کردووە، بۆ هاویشتنی (تیر) بۆ مەودایەکی درێژ، جگە لەوەش تیرەکانیان قەبارەی گەورەتر بوو، دەگەیشتنە جێگەی مەبەست. هەندێ دیاردەیان لە (ئاشوورییەکان)ی دراوسێیانەوە وەرگرتووە وەک: هونەری جەنگ و پیشەسازی چەک.

لە بەناوبانگترین پاشاکانیان وەک شا(دیاکۆ) کە بە بنیادنەری دەوڵەت دادەنرێت، شاری(ئەکبەتانە)ی بنیادناوە، شا “فراورتیس” (خاشاثریتا) و شا “کەیخەسرەو” و شا “ئەستیاکس”.

شا (کەیخەسرەو) توانی سوپاییەکی بەهێز دابمەزرینێت و هۆزەکانی (ئەسکیث)ی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، پاشان پەیمانی لە گەڵ پاشای (بابل) شا (نەبوبلاسەر) بەستووە، ئەم پەیوەندییە، بووە هۆی مێردکردنی کچی (کەیخەسرەو) بە ناوی (ئەمیتس) بە کوڕی شای بابل (نبوخەزنەسەر)، ڕووی لە بەهێزبوون کرد.

دەوڵەتی (میدییەکان) پاش گرتنی شارە ئاشوورییەکان وەکوو ئاشوور و کەڵخ و نەینەوا، لە نێوان ساڵانی (٦۱۲-٦١٤ی پ.ز) گەیشتە لووتکەی هێز. قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتی میدییەکان لە ڕۆژئاوادا ناوەندی ئاسیای بچووک و لە باشوور گەیشتە شاری تکریت. بۆیە میدییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا بوونە یەکەم هێزی سیاسی و سەربازی و دەستیان گرت بە سەر ڕێگە بازرگانییەکان.

شایانی باسە، گەلی کورد ساڵگەردی دامەزراندنی دەوڵەتی میدییەکان (مادەکان) لە دەورووبەری (٧٠٠ی پ.ز)ی کردووەتە سەرەتای ساڵنامەی(کوردی).













تعليقات