پێنجا و پێنج: گرنگترین دیاردە شارستانیەکانی کوردستان

 فێربوونی ئاودێری وایکرد بیر لە ناوچە و دەشتی فراوانتر بکاتەوە و کۆچی بۆ بکات، ئەوەبوو دانیشتوانی کوردستان بەرەو ناوەند و باشووری عێراق کۆچیان کرد، لەو ناوچانە چەندین مەڵبەندی گەورەی شارستانێتی (شار)ی بنیادنا و سیستەمی حوکمرانی دانرا و نووسینیان دۆزیەوە.
پێشتر زانیمان کە کوردستان لانکەی یەکەمی پەیدابوونی شارستانیەت بووە و مرۆڤ لەم پێگە جوگرافیایەدا کشتوکاڵی دۆزیەتەوە و بووەتە هۆی وەرچەرخانێک  لە ژیانی مرۆڤایەتیدا و وای لێبکات  کۆببێتەوە و پێکەوە بژیت و کۆمەڵگا پێک بهێنن و پاشانیش مرۆڤ بکەوێتە رێکخستنی کۆمەڵگاو گەشە پێدانی ئامێرو کەرەسەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەروەها ببێتە سەرهەڵذانی بیری ئایینی.
بەڵام زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و سەرکەوتنی مرۆڤ گەشەپێدانی هۆیەکانی بەرهەم هێنان و پاشانیش فێربوونی ئاودێری وایکرد بیر لە ناوچە و دەشتی فراوانتر بکاتەوە و کۆچی بۆ بکات، ئەوەبوو دانیشتوانی کوردستان بەرەو ناوەند و باشووری عێراق کۆچیان کرد، لەو ناوچانە چەندین مەڵبەندی گەورەی شارستانێتی (شار)ی بنیادنا و سیستەمی حوکمرانی دانرا و نووسینیان دۆزیەوە.
ژمارەیەک لە توێژەرەوان لەو باوەڕەدان کە ئەو سۆمەریانەی لە باشووری عێراقدا شارستانیەتی پێشکەوتوویان بنیادنا یەکێکن لە دانیشتووانی دێرینی کوردستان، ئەوانە دوای ئەوەی ژمارەیان زیادی کردووە قۆناغ بە قۆناغ بەرەو باشووری عێراق کۆچیان کردووە، ئەمەش ماویەکی زۆری خایاندووە، بەڵگە شوێنەواریەکان ڕاستی گواستنەوەی مەڵبەندە شارستانیەکان لە کوردستانەوە بەرەو باشووری عێراق دەسەلمێنن.
لە کۆتایی (هەزارەی پێنجەمی پ.ز) باشووری عێراق بۆتە مەڵبەندێک بۆ (ڕاکێشتنی دانیشتوان) ئیتر گوندەکان گەشەیان سەندوەو بوونەتە شارۆچکە و شار، هەر شارێک دەوڵەتۆکەی تایبەتی تێدا دامەزرا، پێیان گوترا (دەوڵەتۆکەکانی شارە سۆمەریەکان). ئەو سەردەمە پێی دەگوترا: (سەردەمی بەرەبەیانی بنەماڵە سۆمەریەکان) پاشان دەوڵەتی ناوەندی لە ناوەند و باشووری عێراق دەرکەوت، لەوانەش:(دەوڵەتی ئەکەدی ٢٣٧١- ٢٢٣٠ پ.ز) بۆیە پاشتر دۆخەکە گۆڕا، ئەمجارەیان لە ناوەند و باشووری عێراقەوە بەرەو ناوچەکانی دراوسێی عێراق گوێزرانەوە لەوانەش (کوردستان).
دانیشتوانی کوردستان زۆرێک لە داهێنراوەکانی خۆیانیان بۆ ئەو دیاردە شارستانیانە زیاد کرد ئەمەش بە هۆی دەوڵەمەندی خاکی کوردستان بە کەرەستە سەرەتاییەکانی بنیادنانی شارستانیەت وەکوو بەرد و تەختە و کانزا، بە پێچەوانەوە ژینگەی (ناوەند و باشوور) لەم ڕووەوە تا ڕادەیەک هەژاریان پێیەوە دیاربووە...
هەمیشە خاکی کوردستان بۆتە سەرچاوەی کەرەسە سەرەتاییەکانی بنیادنانی شارستانیەت، بۆیە دانیشتوانی ناوەند و باشووری عێراق چ بە هۆی بازرگانی بێت یان بە هۆی داگیرکردن و پەلاماردان بێت بە دەستیان هێناون.
بە هۆی لێچوونی دیاردە شارستانیەکان لای دانیشتوانی کوردستان و دۆڵی دووئاوان و ناوچەکانی دراوسێیان باس لەو دیاردانە دەکەین کە لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیکدا هەبوون ئەمەش لە میانەی باسکردنی دیاردە شارستانیەکانی دۆڵی ڕافیدەین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئایینی زەردەشتی تەنها لە کوردستان و ئێراندا بڵاوبووەتەوە و بە شێوەیەکی فراوان لە دۆڵی ڕافیدەین و ناوچەکانی تر بڵاونەبۆتەوە، بە کورتی باسی لێوە دەکەین....

تعليقات