به‌رپرسانی رووسیا ده‌ڵێن، خۆمان له‌ به‌شداری سه‌ربازیی ده‌بوێرین.

ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی کە له‌ ئاكامی سیاسه‌تە نا به‌رپرسیارانه‌کەی ئێراندا هاتووەته‌ ئاراوە، ناكرێت بخرێته‌ ئه‌ستۆی رووسیا، چونكه‌ رێككه‌وتنی چه‌كی ناوكی هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ رووسیاوه‌ نه‌بووه‌.


رۆژ دوای رۆژ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مریكا له‌ دژی ئێران خێراتر ده‌بن، زۆرێک چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی رووسیا بوون له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێران، به‌ڵام ڤلادیمێر پوتین ڕاشكاوانه‌ گوتی “رووسیا تیمی ئاگر كوژێنه‌وه‌ نییه‌، تا یه‌ك له‌ دوای یه‌ک هه‌مووان رزگار بكات”، له‌ باره‌ی دوایین هه‌ڵوێستی سه‌رۆكه‌كەیان، به‌رپرسانی رووسیا ده‌ڵێن، خۆمان له‌ به‌شداری سه‌ربازیی ده‌بوێرین.
به‌گدان بێزپالكه‌، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نێونه‌ته‌وه‌یی ‌سه‌رۆكایه‌تی رووسیا بە كوردستان٢٤ی راگەیاند: “په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك پوتین ده‌شێت وه‌ڵامێک بێت بۆ ئه‌و داوایانه‌ی ئاراسته‌ی كراون به‌ مه‌به‌ستی یارمەتی و هاوكاری بۆ چاره‌سه‌ری گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران تا به‌ شێوه‌ی سه‌ربازیی پشتیوانی ئێران بكات، به‌ڵام من پێم وایه‌ رووسیا نه‌ ته‌نیا توانای سه‌ربازی نییه‌ هاوكاری بكات، به‌ڵكوو سه‌رۆک پوتین به‌ وریاییه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م داوایه‌ی دایه‌وه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ئەو وڵاته‌. له‌ دۆخی سووریادا ئێمه‌ به‌پێویستمان زانی به‌هانه‌وه‌ بچین و به‌شداربین، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كانی دیكە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جارێ خۆمان له‌ به‌شداری سه‌ربازیی ده‌بوێرین، چونكه‌ ده‌شێت هاوسه‌نگی ناوچه‌كه‌ بشێوێندرێت”.
كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشدایه‌ له‌ گه‌ڵ به‌شێک له‌ وڵاتانی رۆژئاوا، ئێستاش كه‌ تاران دووچاری ئه‌م دۆخه‌ هاتووه‌، كاربه‌ده‌ستانی رووسیا ده‌ڵێن، پێویسته‌ ئه‌م چاوه‌ڕوانیه‌ زیاتر لە ئه‌ورووپا بكرێت‌.
لەو بارەوە میخایل ماركێله‌ڤ، راوێژكاری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی یه‌كگرتووی رووسیا له‌ په‌رله‌مانی رووسیا بە كوردستان٢٤ی گوت: “ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له‌ ئاكامی سیاسه‌تی نا به‌رپرسیارانه‌کەی ئێراندا هاتووەته‌ ئاراوە، ناكرێت بخرێته‌ ئه‌ستۆی رووسیا، چونكه‌ رێككه‌وتنی چه‌كی ناوكی هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ رووسیاوه‌ نه‌بووه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوبه‌شی رێككەوتنه‌كه‌ن به‌رپرسیارییه‌تی دیاریكراوی خۆیان له‌ ئه‌ستۆیه‌، رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا واژوو كراوه‌، ده‌ست پێشخه‌ر بۆ ده‌رچوون ئه‌مریكایه‌، بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌ورووپا ده‌بێت هه‌ڵوێستی هه‌بێت، به‌و پێیه‌ی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، زیان به‌ گرێبه‌ستی ئابووری و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی ئه‌وان ده‌گه‌یه‌نێت، رووسیا ناچار نییه‌ نێوه‌ندگیری بكات، ئێمه‌ ده‌توانین دۆخه‌كه‌ هه‌ڵبه‌سه‌نگێنین، به‌ڵام توانای به‌شداری راسته‌وخۆمان نییه‌”.

Comments