بەشی هەژدەیەمی خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئاگر خستنەوە:

ئیبن سیرین دەڵی: ئاگر کردنەوە لە خەودا، نیشانەی حاکم و فەرمانڕەوایەکی بەهێز و بە پێزە.

ئاگری بێ دووکەڵ، ڕووناکی و دەرکەوتنی دەگەینێت.

ئاگری دووکەڵداریش نیشانەی حاکمێکی زۆردار و خەم و خەفەت و زیانبارە.

ئەگەر بینی ئاگری کردەوە بۆ ئەوەی گەرمی ببێتەوە، یان کەسێکی تر بە هۆیەوە گەرمی ببێتەوە، شتێکی دەوێ و داوای دەکات کە سوودی لێ ببینێت.

ئەگەر بینی بە بێ هۆ و بە بێ سوود ئاگری هەڵدەگیرساند، ئەوا بە بێ هۆ، شەڕ و دوژمنایەتی بەرپا دەکات.

ئەگەر بینی ئاگرێکی کردەوە بۆ ئەوەی شتێک ببرژێنێت، ئەوا کارێک دەکاتە پیشە، بۆ باسکردنی خەڵک لە پاشەملە (غەیبەت کردن)، بۆ ئەوەی لە حاڵی کەسێک بپرسێت و لێی ئاگادار بێت.

ئەگەر بینی لەو برژاوەی خوارد، بە قەدەر ئەوە، ڕۆژگارێکی پڕ مەینەت و کڵۆڵ ڕووی تێ دەکات.

ئەگەر لە ژێر مەنجەڵێکدا ئاگری هەڵخست و لە ناو قازانەکە گوشت یان شتی تری تێدا بوو، کارێک دەکات کە کەیبانووی ماڵ سوودی لێ دەبینێت.

ئەگەر بینی لە ناو مەنجەڵەکە، هیچ خواردنێکی تێدا نەبوو، ئەوا لەو کارەدا کەیبانووەکە تووشی خەم و مەینەتی دەبێت.

ئەگەر بینی ئاگری کردەوە بۆ ئەوەی حەڵوا لێنێت، ئەوا قسەی خێری بۆ دەکات (بۆ کەیبانوو).

ئەگەر بینی ئاگری کردەوە بۆ ڕووناکیەکەی، ئەوا کارەکەی بە بەڵگە و پاژە ڕوون دەکاتەوە.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی لە شوێنێک ئاگری کردەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو شوێنە بسووتێنێت، ئەوا غەیبەت و بەدگۆیی بەرامبەر بە خەڵکی ئەو دەڤەرە دەکات.

ئەگەر بینی لە ناو تەنوور یان لە ناو ئاگرداندا ئاگری هەڵکرد، بە بێ ئەوەی خواردنێک لێ بنێت، لە گەڵ پیاوێک لە خزمەکانی، یان یەکێک لە خێزانەکەی، تووشی دوژمنایەتی دەبێت.

ئەگەر بینی کە ویستی ئاگر بکاتەوە، بۆ ئەوەی خۆی سوودی لێ ببینێت، بەڵام ئاگرەکە هەڵنەدەگیرسا و ڕووناکی نەدەدایەوە، ئەوا کەڵک لە زانستی خۆی وەردەگرێت.

بەڵام ئەگەر ئەو کەسە حاکم و فەرمانڕەوا بوو، گەورەیی و شوێن و پێگە و نیشانەی ئەوەیە کە دەمرێت و تێدا دەچێت.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی کە لە بیاباندا ئاگری دەکردەوە و خەڵکی سوود لەو ئاگرە دەبینی کە ڕێگای ڕۆشتنیان پێ دەدۆزیەوە و هەرکەسە و بۆ شوێن و جێگەی خۆیان دەڕۆشتنەوە، ئەوا سوود لە زانست و داناییەکەی وەردەگرن و ڕێگەی ڕاست دەگرنە بەر.

ئەگەر بینی ئەو ئاگرە کەم دەبێتەوە و ڕووناکییەکەی ون دەبێت، حاڵ و بارودۆخی دەگۆڕێت و لە دونیا دەردەچێت و دەمرێت، ئەگەریش بینی کە ئاگری لە بیاباندا کردەوە، بەڵام بۆ ڕێگەی ڕاست نەبوو، ئەوا زانستەکەی، ئەو کەسە خەڵک بەرەو ژێر دەستی و چارەڕەشی دەبات.

ئەگەر بینی ئاگری کردەوە بۆ ئەوەی ئەو دەڤەرە بسووتێنێت و کەچی ئاگرەکە خۆی سووتاند، ئەوا ئەگەر بازرگان بوو، واتە بە دووڕوویی، کڕین و فرۆشتن دەکات و ماڵ و سامانەکەی حەرام دەبێت.

ئەگەر بینی لە ماڵی دراوسێکیان ئاگری برد، ئەوا ماڵی حەرامی پێدەگات.



تعليقات