بەشی شازدەیەمی ژینۆساید (جینۆساید)؛ کورتە مێژوویەک لە بارەی کوردە فەیلیەکان:

ئەم زاراوەیە (فەیلی) بە کۆمەڵە هۆزێکی لوڕی دەگوترێت، کە نیشتەجێی (پێشکۆ و پشتکۆ)ی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس بوون، زۆربەی مێژوونووسان کۆکن لە سەر ئەوەی کە لە ڕەچەڵەکی ئیلامی یان گۆتییەکانن.


کوردە فەیلییەکان بە درێژایی مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە ژیاون و بەشێکی دانەبڕاوەن لە نەتەوەیی کورد.
ئەم زاراوەیە (فەیلی) بە کۆمەڵە هۆزێکی لوڕی دەگوترێت، کە نیشتەجێی (پێشکۆ و پشتکۆ)ی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس بوون، زۆربەی مێژوونووسان کۆکن لە سەر ئەوەی کە لە ڕەچەڵەکی ئیلامی یان گۆتییەکانن، لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ژیاون، لە ناوچەکانی (مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جەسان، خانەقین، کەرکووک، بەغدا، کوت، عەمارە و بەسرە).
ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی (ڤلادمێر میۆرسکی) و هەریەک لە (جۆن ماڵکۆن و بڕاون) و توێژەری کوردی (د. ئیسماعیل قوماندار) پشتگیری بۆچوونەکەی دەکەن، کە بڕوای وایە سەرەتاکانی درکەوتنی زاراوەی (فەیلی) لە سەدەی شازدە بووە، بۆ جیاکردنەوەی میرنشینی (لوڕی بچووک) و حوکمڕانەکەی کە خۆیان بە لوڕی ڕەسەن دادەنا، بە بەراورد لە گەڵ (لوڕی گەورە) کە وایان دادەنا، لوڕی بچووک بەشێکن لە لوڕی گەورە، نەک ڕەسن و بنچینە.
سەرەرای ئەوەی ئەم زاراوەیە لەم ناوچانە بە دەگمەن بەکارهاتووە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەم، تەنیا لە لایەن دانیشوتانی پشتکۆ بەکارهاتووە.
سەردەمی ئێستاش ئەم زاراوەیە تەنیا بۆ ئەو کوردانە بە کار دەهێندرێت، کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن بەر دەوڵەتی عێراق کەوتوون، لە دوای دیاریکردنی سنووری نێوان ئێران و عوسمانییەکان لە ساڵی ١٩٠٥، بەڵام دانیشتوانی خانەقین و مەندەلی کە کوردی گەرمەسێرن، ئەم زاراوەیە بۆ ناساندنی خۆیان بەکار ناهێنن.
هەندێک لە توێژەرەوان بروایان وایە کە بنچینەی زاراوەی فەیلی، لە ناوی پاشای ئیلامی (بیلی) هاتووە، کە بنەماڵەکانی دەوڵەتی (ئیلامیان) لە ساڵی (٢٦٧٠ پ.ز) دامەزراندووە، ناوی (بیلی) بە درێژایی ڕۆژگار گۆڕاوە بۆ (فەیلی)، بە گۆڕانی بڕگەی (با) بۆ (فا) هەروەک گۆڕانی ناوی( بارس – پارس) بۆ (فارس)ی ئێستا.
(بهلە) وەک ڕووبەرێکی جوگرافیایی بۆ یەکەمجار، کە لە سەرچاوە عەرەبییە ئیسلامیەکاندا هاتووە، لە سەدەی دەیەمی زایینی لە کتێبی (مختصر تاریخ البلدان)ی (ابن فقیە الهمدانی)، ئاماژەی پێکراوە، ئەم ناوچانە دەگرێتەوە هەمەدان، ماسین (ئیلام). سمرە (درشهر)، ماە البصرە (نهاوند)، ماە الکوفە (دینور) و (کرمانشاه – کرمنشاە – کرماشان).
ابن ندیم لە کتێبی (الفهرست) هەر ئەو شارانە باس دەکات کە سەر بە (فهلە)ن، هەروەک (تەبەری) لە کتێبی (تاریخ الرسل و الملوک) کەوا (فهلو) خەڵکی هەرێمی چیاکانن، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کوردە فەیلییەکان دانیشتوانی ئەوپەڕی باشووری کوردستانن، ئەم ناوچانەش تەنها (پشتکۆ) و (پێشکۆ) دەگرێتەوە.
ناوی (لوڕ) بەو هۆزانە دەگوترێت کە لە بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان نیشتەجێن و بە هەموو لوڕەکانی دانیشتوی عێراق دەگوترێت (فەیلی).

تعليقات