پەخشان بە شێوازێکی ڕوون و بە زمانێکی پاک و پاڕاو باسی بابەتێک دەکات و بیر و باوەڕ و هەست و سۆزی نووسەرەکەی دەردەبڕێ.
١. وتار:
پارچە نووسێنێکە بە پەخشان دەنووسرێ، درێژییەکەی چەسپاو نییە، دەشێ یەک دوو لاپەڕە بێ و دەشێ بیست سی لاپەڕەبێ، بە شێوازێکی ڕوون و بە زمانێکی پاک و پاڕاو باسی بابەتێک دەکات و بیر و باوەڕ و هەست و سۆرزی نووسەرەکەی دەردەبڕێ.
لە هەموو جۆرە (ژانرە) ئەدەبییەکانی دی نەرم و دەستەمۆترە، چۆنت بۆێ وا دێتە دەست.
کورتە مێژوویەکی وتار:
ئەگەر چی ڕەگ و سەرە داو و ڕەگەزەکانی نووسینی وتار زۆر کۆنە بۆ سەردەمی یۆنانەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لەسەر دەستی مۆنتێنی فەڕەنسی (١٥٣٣-١٥٩٢) یاسا و بنەماکانی گەڵاڵە بوون، ئەو کاتەی کە ساڵی (١٥٨٠) دوو بەرگی وتاری ئەدەبی بە ناوی (هەوڵەکان – Les essaies)ی بڵاو کردەوە، مۆنتێنی وتارەکانی درێژبوون و دەگەیشتنە چەند هەزار وشەیەک، بابەتەکانی بە زۆری بە دەوری شتی وەکوو: بدۆزنەکان، دەستووری جل و بەرگ و هونەری گفتوگۆدا بوو.
لە دوای مۆنتێنی (باکۆن) ئینگلیزی لە ژێر کاریگەری مۆنتێنی دا کۆمەڵە وتارێکی بڵاو کردەوە.
لە سەدەی حەڤدەهەمدا، هەندێ نووسەری وەکوو سێر ویلیەم کۆرنوێلیر و نیکولاس بریتون و سێرتۆماس ئۆڤەربێری، لە بواری وتار نووسیندا بەشداری چاکیان نواند و جێ پەنجەیان بە ڕەوتی وتار نووسینەوە ئاشکرایە.
لە سەدەی هەژدەهەمدا، بە هۆی دەرچوونی بڵاوکراوە و چاپەمەنی، وتار زیاتر بەرەو پێشچوو، ڕیچارد ستایل و جۆزیف ئەدیسۆن داهێنانی باشیان لە نووسینی وتاردا کرد.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا وتار بناغەی پتەوتر خۆیشی گەشاوەتر بوو، بابەتەکانی فراوانتر بوون و وتار نووسەکان زیاتر بابەت و شێوزای خودییان پەێرەو دەکرد، چونکە سەردەمەکە سەردەمی بڕەوسەندنی ڕێبازی ڕۆمانتیک بوو.
دیارترین وتارنووسی ئەم سەردەمەیە (لام و هازلت و دی کوینسی و ستیڤنسن) بوون… ئەوەی زیاتر گەشەی بە وتاردا دەرچوونی گۆڤار و ڕۆژنامە بوو، چونکە جێگای بڵاوبوونەوەی وتار بە زۆری گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکرایەوە… لە سەدەی بیستەمدا، وتار هەر لە چوونە پێشەوەدابوو و تا ئێستاش وتار نووسین نرخی خۆی لە دەست نەداوە.
لە کوردیدا، نووسینی وتار لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامە سەری هەڵدا و چەسپا، ئەگەر پێشتر ڕەگەز و بنەماکانی وتار لە هەندێ نووسیندا هەشبووبێ بەو جۆرە نەبووە، ببێ بە ژانرێکی سەربەخۆ…
جۆرەکانی وتار:
وتار بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆرە:
١. وتاری خودی (ذاتی)
٢. وتاری بابەتی (موضوعی)
یەکەمیان زیاتر پەیوەندی بە خودی نووسەرەوە هەیە و هەست و سۆزی نووسەری بەسەردا زاڵە و کەسێتی نووسەرەکەی بە ڕوونی پێوە دیارە، کەچی دووەمیان پێ لەسەر لایەنی بابەتی دادگرێ و هەوڵ دەدا ڕاستەقینەی چەسپاو باس دەکات، بۆیە ڕێگە بە هەست و سۆزی خۆی نادا تێکەڵی نووسینەکەی ببێ و کەسێتی نووسەر لەم جۆرە وتارەدا دەرناکەوێ.
هەندێ سیمای وتاری چاک:
١. وتار نووسینێکە، نە زۆر کورتە و نە زۆر درێژە بە دەوری (١٠) لاپەڕە مەزەندە کراوە.
٢. باسێکی سەربەخۆیە، واتە نە لێکدانەوەی بیرێکی کورت و چڕە و نە کورت کرانەوەی باسێکی درێژە.
٣. وتار بینای تایبەتی خۆی هەیە. لە پێشەکی و چەند پەڕەگرافیک و ئەنجام پێک دێ، بیری گشتی وتارەکە: بە پێی گرنگی، بەسەر پەرەگرافەکان دابەش دەبێ.
٤. وشە و ڕستەکانی ڕوون و پوخت و بژاردەن، هەریەکە وەکوو خشتی دیوار لە شوێنی خۆی هاتووە.
٥. ئامانجی سەرەکی بزواندنی هەست و سۆزی خوێنەرە…
٦. وتار ناونیشانی هەیە و دەبێ ناونیشانەکە لەگەڵ ناوەڕۆکەکەی بوگنجێ.
نموونەیەکی وتار:
وتارێک لە ژمارە (٩)ی ڕۆژنامەی (کوردستان) بە ناوی ( وڵات – وطن) بڵاو کراوەتەوە، نزیکەی سێ ستوونی داگرتووە، لە پێشەکیدا دەڵێ:
(وەتەن، ئانکۆ ولاتی مرۆ، جسمەک وەیە کویێن ژ وی جسمی موتەئەسیر دبن خەڵقێن وێ دەرێنە. دە وێجا هنگی مرۆێین وڵاتەکی خۆی قووەت ببن هەوقاس ئاخ و بەرێ وی ولاتی خۆی دبە. هنگێ بابێ من ژ کوردستانێ ڕابی ئەو مەئموورێن حکوومەت ڕێ دکە سەر گوند و باژاڕێن کوردستانێ وەک مارا، خونا خەلقێن کوردستانێ ڤەدەخۆن…)
لێکدانەوەی ماناو وشەکان:
مرۆ: مرۆڤ
یێن: ئەوانەی
وێ دەرێ: ئەوێندەرێ، ئەوێ
هنگی: کاتێ کە
خۆی: خاوەن، خودان
هەوقاس: ئەوەندە
ئاخ: خۆڵ، زەوی
بەر: بەروبووم
ڕابی: هەستا، ڕۆیشت
ڕێ دکە: دەچێتە
ڤەدخون: دەخۆنەوە.
ئەم وتارە بە کوردییەکی ڕەوان نووسراوە، ئەگەرچی جاروبار وشەی بیانیشی تێکەوتووە بەڵام داڕشتەنەکی ڕوون و ڕەوانە.
ئەم وتارە هاندانە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی کورد یەک بگرن و دژی داگیرکەر بجەنگن، جا ئەو داگیرکەرە چ عوسمانییەکان بێ و چ مسقۆف (واتە ڕووس).
٢. کورتە چیرۆک:
چیرۆک لە ئەدەبی جیهاندا ڕەگی زۆر کۆنە و لە قاڵبی هەقایەتی فۆلکلۆری و ئەفسانە و داستان و چیرۆکی گیانداراندا دەردەکەوێ، بەڵام کورتە چیرۆک وەکوو جۆر (ژانر)ێکی سەربەخۆ لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە سەر دەستی (ئەگار ئاڵان پۆوگی دی مۆپاسان و چیخەف) قاڵبی هونەری خۆی وەرگرت.
کورتە چیرۆک بە گشتی دوو جۆرە:
– چیرۆکی بنیاتگەریی (ترکیبی)
– چیرۆکی شیکاریی (تحلیلی)
هەریەکە لەم دوو جۆرە سیما و بنەمای تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کورتە چیرۆک لەم ڕەگەزانە پێکدێ: (کەس، کات، ڕووداو. شوێن) هەر یەکە لەم ڕەگەزانە مەرج و خاسیەتی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی چیرۆکەکە سەرکەوتووبێ.
لە ئەدەبی کوردیش، وەکوو ئەدەبی نەتەوەکانی دی، ڕەگەزی کورتە چیرۆک بۆ چیرۆکی نەتەوەیی و ئەفسانە و داستان… ذەچێتەوە، بەڵام وەکوو جۆرێکی ئەدەبی سەربەخۆ لە سەدەی بیستەم سەری هەڵدا و نەش و نمای (گەشەی) کرد.
ئەگەرچی بیرۆڕای جیا جیا هەیە، ئاخۆ یەکەم کورتە چیرۆکی کوردی کامەیە و کەی بڵاوبووەتەوە، بەڵام بە زۆری تۆژەرەوان لەسەر ئەوە ڕێکن کە یەکەم چیرۆک ئەوەی (فوئادی تەمۆیە) کە لە ژمارە (٢-٣)ی گۆڤاری ڕۆژی کورد ( ١٩١٣) لە ژێر ناوی (شەویش)دا بڵاو کراوەتەوە.
ئەمەش نموونەیەکە لەم چیرۆکە:
(شەویش کوڕی شڤانەکییە، ب خوە دە سالییە، زارۆکە، بەڵێ پڕ چاڤێ وی گرییە، شەویش دیا خوە نەدییە، ڕەبەن و بەلەنگازە، قەت تشتەکی وان تونینە، تنێ مەتەکی شەویش هەبوو، ئەو ژی پیرەک بوو، شەیش جارنا بال وێ دچە، دلێ مەتا خوە هنک دکر…)
لێکدانەوەی وشەکان:
شڤان: شوان
ب خوە: خۆی
زارۆکە: منداڵە
بەلێ: بەڵام
چاڤ: چاو
گری: گریان
دی: دایک، دیاخوە: دایکی خۆی
نەدیبە: نەدیتیە، نەدیوە.
ڕەبەن: بێ کەس و کار
بەلەنگاز: هەژار و نەدار
تونینە: هیچ نییە
تنێ: تەنیا
مەت: پوور، خوشکی باوک
ئەوژی: ئەویش
جارنا: جاروبار، هەندێ جار
یا ل وێ: لای ئەو (لای پووری)
هنک: فێنک، خۆش.
ئەم چیرۆکە وێنەی ژیانی کوێرەوەی شوانێکی کورد دەخاتە بەرچاو کە لە باوکێکی پیر و منداڵێکی دە ساڵانە پێک هاتووە ناوی (شەویش)ە.
ڕۆژێکیان باوکە پیرەی نەخۆش دەکەوێ و ناتوانێ بچێتە بەر مەڕی، ڕدێن سپییەکی گوند، بە نەخۆشیەکەی دەزانێ، دێ (شەویش) دەباتە ماڵی خۆیان، خواردنی دەداتێ و هەندێ خواردنیش بۆ باوکی شەویش دەنێرێ و ڕزقۆی کوڕی ڕادسپێرێ لە باتی باوکی شەویش بچێتە بەر مەڕ تا لە نەخۆشیەکەی چاک دەبێتەوە.
ئەم چیرۆکە بە دوو حەلقە بڵاو کراوەتەوە و لە کۆتاییدا نووسراوە (دوای هەیە- ماویەتی).
لە ژمارە سێدا چیرۆکێکی دی بە ناوی (کندو) بڵاو کراوەتەوە، ئەمە زیاتر چیرۆکێکی نەتەوەییە و لە ناو خەڵکدا باوە، زۆر لە چیرۆکێکی مەحموودی بایەزیدی دەکات. دوور نییە هەر ئەوبێ و داڕژابێتەوە.
دوای ئەمە چیرۆکی (لە خەوما) جەمیل سائیب دێ، کە لە (١٩٢٥)ەوە بە زنجیرە لە ڕۆژنامەی (ژیانەوە)دا بڵاوی کردەوە، ئەم چیرۆکە هەموو ڕەخنەیە لە فەرمانرەوایی شێخ مەحموود.
٣.شانۆگەری:
شانۆگەری بەرهەمێکی درامییە (کردەنییە) بۆ ئەوە نووسراوە لە سەر شانۆ پێشکەش بکرێ، ئەکتەر دەوری کەسەکانی شانۆ گەییەکە دەگێرن.
کۆنترین شانۆگەری لای یۆنانەکان بووە کە لە بۆنە ئایینییەکاندا پێشکەشیان کردووە شانۆگەری ئەوسا بە هەڵبەست بووە و لە شانۆی کراوەی نیمچە بازنەییدا پێشان دراوە.
دوای یۆنانەکان ڕۆمانەکان پەرەیان پێداو لە چاخەکانی ناوەڕاستیش زمانی لاتیینی بە سەر نووسیندا زاڵ بوو و شانۆگەری خرایە خزمەت بیروباوەڕی ئایینیەوە.
لە سەدەی شازدەم و حەڤدەیەمدا لە ئینگلتەرە شەکسپیر و هەر لە سەدەی حەڤدەیەمدا کۆڕنێ و مۆلیێر و ڕاسین لە فەڕەنسا گەشەیان بە شانۆگەریدا لە سەدەی هەژدەیەم و نۆزدەیەم ئینجا بیستەمدا جۆرە ڕێبازی جیا جیا لە نووسین و پێشکەشکردنی درامادا سەری هەڵدا لە کوردیدا، جگە لەوەی ڕەگەزی دراما لە زۆر یاری نەتەوەی ناو کوردەواری هەیە وەکوو میر ئاشەوان، ئاغا و ئاغایانێ و هتد….
یەکەم درامای کوردی ئەوەیە کە عەبدە ڕەحیمی ڕەحمی هەکاری (١٨٩٠-١٩٥٨) بە ناوی مەمی ئالان نووسیویەتی و لە ژمارە (١٥)ی گۆڤاری (ژین) ساڵی ١٩١٩ بڵاو کراوەتەوە.
نموونەیەک لە شانۆگەرییەکە:
(مەمۆ: بەڵێ… ئیۆکە میر عەمر کرییە غەزایە، نەیاران سەر حەد گرتنە، زاریێ کوردان مەعازەللاه دێ دبەر دەست و پێیێن دژمنان بچت… ئەز ژی کێمترم! ما ئەز کورمانج نیم! ما نامووسا هەر کوردەکێ نامووسا من نیینە!؟ ئەڵبەت، ئەڵبەت ئەزێ بچم قیامەت ڕابت دیسا ئەز دچم، خوین سەران ببت دیسا ئەز خوە ناگرم. هەتتا خەزال ژی من مانع بکەت دیسا ئەز ناوەستم. ئەز مەمێ ئالانم، میرێ هەکارییان ئەمر کرییە…)
لێکدانوەی وشەکان:
ئیرۆکە : ئەمڕۆکە، ئەمڕۆ، ئیرۆ
عەمر : ئەمر، فەرمان
غەزا : چوونە شەڕی کافران
نەیار : دوژمن
سەرحەد : سەرسنوور، سەرتخووب
زاری : زارۆ، منداڵ
مەعازەللاه : پەنا بە خوا
ئەڵبەت : بێ گومان
ڕابت : هەڵبسێ
خوەناگرم : خۆم دوا ناخەم
مانیع بکەت : ڕێ بگرێ، لێ نەگڕێ.
هەرچەندە پاڵەوانی ئەم چیرۆکە ناوی (مەمی ئالان)ە، بەڵام هیچ پەیوەندی بە داستانی مەمی ئالانی ناو کوردەوارییەوە نییە وەکوو هەر ناوێکی تر بۆ پاڵەوانی شانۆگەرییەکە دانراوە.
شانۆگەرییەکە بیری نەتەوەیی و ئایینی پێکەوە گرێ داوە و هەڵوێستێکی پڕ سۆزی لە کۆتاییدا نواندووە کە لە ئەدەبی بیهودەیی (عبث) کامۆی فەڕەنسی نزیک دەبێتەوە.
مەمی ئالان گەنجێکە تازە ژنی هێناوە (خەزال) و پیرە دایکێکی هەیە کە جارێ شەڕی قڕالی کافران دەدرێ و سەلاحەدینی ئەیووبی بەرەو ڕووی خاچ پەرستان دەبێتەوە، مەمی ئالان بە دوای جاڕەکەدا دەچێ و دوای ساڵێک دەگەڕێتەوە لە گەڵ خەزالی ژنی باوەش بە یەکدا دەکەن و ڕادەکێشن و خەو دەیانباتەوە و ئەو دەمە دایکی لە ماڵ نابێ کە ئەو دێتەوە، پاشان دایکی بەسەردا دێتەوە و دەبینێ پیاوێک لەگەڵ خەزالی بووکی ڕاکشاوە، ئەویش یەک ڕمی لێ دەدا و دەیکوژێ و خەزال بە ئاگادێ و هاوار دەکا( تە چاڤێ خوە کۆرکر)…
ئەم کۆتاییە دڵتەزێنە لە چێرۆکی (مەمۆ)ی فلکۆریدا هەیە و شانۆگەری (تێک نەگەیشتن)ی کامۆی فەڕەنسی لەسەر هەمان بنەما هاتووە.
No comments:
Post a Comment