هێزێکی دیکەی حەشدی شەعبی ئەمجار لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان جێگیر کراوە.

لە ئەگەری هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کەسانە وەکوو ئامرازی سەرکوت و بە مەبەستی ترساندنی خەڵک کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.


دوای جێگیر بوونی گرووپێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شاری شنۆ، هەواڵەکان باس لە جێگیر بوونی گرووپێکی دیکەی ئەو هێزە عێراقیەی نزیک لە ئێران لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان دەکەن.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی نهێنی لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان جێگیر بوون.
فەرماندەیەکی سەربازی لە سەقز وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندووە کە، ئەو هێزانە بە شێوەیەکی تەواو نهێنی لە کەمپی ناسراو بە ”کەمپی دیلە عێراقییەکان“ لە نێوان گوندەکانی ”سەرچاوە و سەرا“ کە لە سەر جادەی سەقز بۆ بۆکان هەڵکەوتووە، جێگیر بوون.
ئەو سەرچاوەیە ڕێژەی چەکدارەکانی حەشدی زیاتر لە ١٠٠ کەس ڕاگەیاندووە و وتوویە کە هەموو جۆرە چەک و چۆڵێکیان پێیە و هێزێکی پۆشتە و پەرداختەن.
بە وتەی ئەو سەرچاوە، ناوەندە ئەمنییەکان هاوکات ئەندامانی لایەنە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی شاری سەقزیان چەکدار کردووە هەتا لە ئەگەری هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک لەو کەسانە وەکوو ئامرازی سەرکوت و بە مەبەستی ترساندنی خەڵک کەڵکیان لێ وەربگرن.
پێشتر هەواڵی جێگیر بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شاری شنۆ بڵاو کرابووەوە. هەروەها هێندیک زانیاریش لە سەر جێگیربوونی ئەو هێزانە لە سنوورەکانی مەریوان و کرماشان بڵاو بووەتەوە کە هەتا ئێستا پشتڕاست نەبووەتەوە.
سەرچاوەی هەواڵ: هەنگاو

تعليقات