بەشی شەشەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ بەعەرەب بوون:

بەشی شەشەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ بەعەرەب بوون:


بریتییە لە کرداری پێناسەکردنی سەرجەم دام و دەزگاکانی دەوڵەت و سیستەم و فەلسەفەی حوکمڕانی لە چوارچێوەی بیری نەتەوەپەرستی عەرەبیدا.

بە واتایەکی تر ئەزموونی عێراقی بوون بۆ گەشەپێدان و دروستکردن و چەسپاندن و پابەندبوونی عەرەبایەتی کاریکردووە، بە چەوساندنەوەی نەتەوەکانی تر.

عێراقی بوون لە تێڕوانینی بەعسەوە تەنها یەک واتای هەیە، ئەویش بەعەرەب بوونە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە تایبەتمەندی حوکمی بەعس پەنابردن بووە بۆ توندوتیژی، وەک ڕێگە چارەیەک بۆ بابەتی فرە نەتەوەیی، بەسەر گەلانی عێراق بەگشتی و عەرەبە شیعەکان و لە باشووری کوردستان بەتایبەتی ڕەنگیداوەتەوە.

ئەگەر سەرنج لە کرداری سیاسەتی بەعەرەبکردن بدەین، وەک ڕێگایەک بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی گەلی کورد، دەبینین بە دوو ئاراستەی هزریدا کاریان کردووە.

جۆرێکیان بریتی بووە لە گۆڕینی ناوی شوێنە کوردییەکان و دەرکردنی کورد لە زێدی باب و باپیرانیان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە جیگایاندا.
یاخود کارکردن بۆ گۆڕین و شێواندنی مێژووی نەتەوەیی کورد و شوێنەوارە دێرینەکانی، کە کوردبوونی ناوچەکە دەسەلمێنێت، بۆ نموونە ڕژێمی بەعس کەوتە هەوڵی تێکدانی قەڵای کەرکووک.

ڕۆژی۰٥ی۱۰ساڵی۱۹۹۱ی.ز لە سمینارێکی زانکۆی تکریت بە ئامادەبوونی کەسی دووەمی ڕژێمی بەعس(عیزەت دووری-عزت الدوری)، لە بەردەم کۆمەڵێک ئەکادیمیست و دیپلۆماتی عەرەب و بیانیدا، لە وتارێکدا ڕایگەیاند( پێویستە بە وردی چاو بە کتێبەکانی مێژوودا بگێڕین بۆ ئەوەی ڕاستییە مێژووییەکان بدۆزینەوە، سەلاحەدینی ئەیوبی پاڵەوانێکی عەرەبە نەک کورد). سەرجەمی ئەم کۆڕ و سیمینارانە دەچنە چوارچێوەی قوتابخانەی بابەتی(المدرسة الموضوعیة)، بۆ دیاریکردنی شوناسی نەتەوەیی عەرەب، بەڵام لە نەوەکانی سەدەی ڕابردوو واتە(بیست)، حکوومەتی عێراق ڕێگایەکی تری گرتەبەر بۆ گۆڕینی شوناسی نەتەوەیی کورد، ئەویش بە دابەشکردنی فۆرمی ڕاستکردنەوەی باری نەتەویی(استمارة تصحیح القومیة).

لە هەمان کاتدا ویستویەتی ڕۆڵێکی یاسایی و ئارەزوومەندانە بدات بە گۆڕینی شوناسی نەتەوەیی، کە بێگومان فشارێکی ئیگجار زۆر هەبووە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە، سەرپێچیکردن لە پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە، بریتی بوو لە بەندکردن، دواتر ڕاگواستن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

تعليقات