هێزەكانی ئاسایش دەگەڕێنەوە كەركووك
بەهۆی زیادبوونی هێرشەكانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك، ئەمریكا گوشاری بۆ حكومەتی عێراق هێناوە كە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە سنووری پارێزگای كەركووك، بەڵام بەغدا و هەولێر لەسەر میكانیزمی گەڕانەوەكە ناكۆكن. بەرپرسێكی ئەمنی لە كەركووك ئاشكرای كرد كە دوای پێشمەرگە، هێزەكانی ئاسایشیش دەگەڕێنەوە شارەكە.
رەوەند مەلا مەحموود، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك دەڵێت ئەمریكییەكان بە پەرۆشن بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك “بەغداش پێی باشە، چونكە وا دەبینن داعش گەشە دەكاتەوە، ئەوە رێگایەكی باشە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان”.
تاوەكو ئێستا چۆنێتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، هاوڕاییەكی لە نێو لایەنە كوردستانییەكان دروست نەكردووە، ئەوان بەهۆی رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هێشتا خەریكی یەكدی تۆمەتباركردنن، بەڵام ئێستا پرسەكە بووەتە داخوازی ئەمریكییەكان و بەپێی زانیارییەكان، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكی كە لەگەڵ هەردوولا دانیشتوون، پێیانگوتوون نایانەوێ دەرفەت بە داعش بدرێ خۆی رێكبخاتەوە.
محەممەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان كە تاوەكو پێش رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر یەكێك بوو لە فەرماندە سەربازییەكانی كەركووك، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك دەبەستێتەوە بە گرەوێكەوە كە ئەمریكییەكان لەسەر عەبادی كردوویانە “نایانەوێ لە هەڵبژاردنەكاندا عەبادی بیدۆڕێنێ، چونكە ئەمریكا ترسی لەوە هەیە مالیكی و هادی عامری كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن ببنە سەرئێشە بۆ عەبادی”.
محەممەدی حاجی مەحموود، هەرچەندە پێیوایە گەڕانەوەی پێشمەرگە لەم دۆخەدا لەڕووی سایكۆلۆژییەوە بۆ كورد باشە، بەڵام پێی باش نییە پێشمەرگە بەوجۆرە بگەڕێتەوە كەركووك و دەڵێت: “هەر ناوچەیەك بە شەڕ لەدەستی بدەی، دەبێ بەشەڕ وەریبگریتەوە نەك بە گفتوگۆ، چونكە ئەوكات ناتوانن شتەكان بەسەرتدا بسەپێنن، هەرچۆن بێت ئەمریكا چەند جار گوتوویەتی كەركووك بەدەست هەرلایەنێكەوە بێت، لای ئەوان ناوچەی ناكۆكی لەسەرە”.
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتوون، گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بە ئاگاداری ئەمریكییەكان بۆ رێككەوتن لەسەر شێوازی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك بەردەوام دەبن، ئێستا كورد پێداگیریی لەسەر ئەوە دەكات پێشمەرگە بە دەسەڵات و قورساییەوە بگەڕێتەوە، نەك وەك جێبەجێكاری فەرمانەكانی بەغدا.
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك دەڵێ، لەسەر شێوازی گەڕانەوەكە ناكۆكی هەبوو “لە سەرەتاوە بەغدا دەیویست ژووری ئەمنیی هاوبەش هەبێ، بەڵام ئێمە داوای ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان كرد، پێموایە ئێستا ئەوان بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیش كێشەیەكی وایان نییە و دەمێنێتەوە سەر میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو گەڕانەوەیە”.
ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگە رازی ببێ بەداخوازیی بەغدا و ژووری ئەمنیی هاوبەش پەسەند بكات، ئەوكات پێشمەرگە فەرمان لە بەرپرسی یەكەی ئیداریی ناوچەكە وەردەگرێ، بەڵام لە دۆخی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا، دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش پەیدابوونی داعش، ئەوكاتەی هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئارامیی ناوچەكەیان دەپاراست، بەڵام فەرمانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرت.
بەڵام هەواڵی ناخۆشیش لە بەغداوە خۆیان دەكەن بە نێو دەرفەتی دانوستاندنەكاندا. حاكم زاملی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە دوزخورماتووەوە رایگەیاند، پاڵپشتی لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام ئەو پێشمەرگانەی ئەو پشتیوانییان دەكات دەتوانێ فایلی دانوستاندنەكان ئاڵۆز بكات “ئەوانەی مووچە لە بەغدا وەردەگرن و لە ژێر بڕیاری حكومەتی ناوەندیدان”.
پێش رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ٣٠ لیوای پێشمەرگە لە كەركووك و دەوروبەری هەبوون، رەوەند مەلا مەحموود، دەڵێ: “گەڕانەوەی پێشمەرگە، واتای گەڕانەوەی ئەو لیوایانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بوون”.
لە دوای دەستبەسەرداگرتنی كەركووك و ناوچەكانی دیكە لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە، ژمارەیەكی زۆر رووداوی گەورە و بچووك، نیشانەی پرسیاریان لەسەر ئایندەی پێكەوە ژیانی نەتەوەكانی ئەو پارێزگایە دانا. هەر لە رووداوەكانی كوشتن، رفاندن، تەقەكردنی بەردەوامی شەوانە، هەوڵی لابردنی زێدەڕۆییەكان كە كورد بە دەستكاریكردنی دیموگرافیای شارەكە ناوی دەبات، بەڵام پەیدابوونەوەی چەكدارانی داعش، وای كردووە بەغدا زۆر كات بە دانانی مەرجەوە نەكوژێ و رێگا بدات پێشمەرگە لە كەركووك هەبن.
هێشتا ئەمانە تەنیا قسەن. ئەوەی دانیشتووانە كوردەكەی كەركووك ئارام و دڵنیا دەكاتەوە، بینینی تەپوتۆزی قافڵەی ئەو ئۆتۆمبیلە سەربازییانەیە كە ئاڵای كوردستانیان پێوەیە، چونكە ئەوان لەمێژە ئەو قەناعەتەیان بۆ دروستبووە كە بەبێ پێشمەرگە و ئاڵای كوردستان، وێنەی كەركووك هەمیشە ناتەواوە.
بەرپرسێكی ئەمنی پارێزگای كەركووك كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە لە قۆناغی سەرەتادایە و “سەریشدەگرێ”، چونكە گەڕانەوەی پێشمەرگە بەلای ئەوانیشەوە بووەتە زەرورەت و هەندێك خاڵ ماوە لەسەری رێكبكەون “پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك و كەركووك وەك جارانی لێدێتەوە، دوای پێشمەرگە هێزەكانی ئاسایشیش دەگەڕێنەوە كەركووك”.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە گوتیشی “ئەوە بڕیارێكە كاری لەسەر دەكرێ و لە رۆژانی داهاتوودا دەبینین كە هەنگاوی باش دەنرێن”.
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە پشتبەستن بە هەندێ زانیاری دەڵێ، گفتوگۆكان بەردەوامن و تەنیا ئەوە ماوە بگەنە خاڵی هاوبەش، ئێستا بەغدا و سوپای عێراق گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی “داعش بووەتە مەترسی لەسەر سێكوچكەی تكریت- دیالە – كەركووك و هێزە ئیتیحادییەكان ناتوانن ئارامی ئەو ناچانە بپارێزن و كۆنتڕۆڵی بكەن، بۆیە پێویستیان بە پێشمەرگە هەیە”.
محەممەد دووشیوانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێ لەگەڵ فەریق روكن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق قسەی كردووە لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك. یارەڵڵا پێیگوتووە “ئێستا دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە كە داعشە، دەبێ پێكەوە رووبەڕووی ببینەوە و هەماهەنگی بكەین”.
محەممەد، لەبارەی ئەو پێشمەرگانەی كە رێگای گەڕانەوەیان پێدەدرێ بۆ كەركووك دەڵێ “گەڕانەوەی ئەو لیوایانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و بەپێی دەستووریش پێشمەرگە بەشێكە لە هێزی بەرگریی عێراق”.
سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزەكانی ئاسایش، دووشیوانی گوتی: “پێشمەرگە و ئاسایش یەك هێزن، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێنەوە، هێزەكانی ئاسایشیش دەگەڕێنەوە”.
ڕووداو
Comments
Post a Comment