“شاژنی به‌ریتانیا نه‌وه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌”

شاره‌زایانی مێژوویی له‌ به‌ریتانیا له‌و بڕوایه‌دا، شاژن ئه‌لیزابێسی دووه‌م، به‌ ٤٣ پشت ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر وه‌چه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام (محه‌مه‌د – د.خ)، دوای ئه‌وه‌ی لێكدانه‌وه‌یان بۆ بنه‌چه‌ی باب و باپیرانی شاژن كردووه‌.
ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی ١٩٨٦، له‌لایه‌ن بێركس پیره‌یج بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی رێگه‌پێدراوی بنه‌چه‌ی شاهانه‌یه‌ له‌و وڵاته‌.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دووباره‌ هاتنه‌وه‌ به‌ر باسی ئه‌و هه‌واڵه‌، دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژنامه‌یه‌كی مه‌غریبی بڵاویكرده‌وه‌، بنه‌چه‌ی شاژن ئه‌لیزابێسی دووه‌م، ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر خێزانی په‌یامبه‌ری ئیسلام.
به‌ گوێره‌ی دۆزینه‌وه‌كه‌، شاژن ئه‌لیزابێسی دووه‌م، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئیرل كامبریج له‌ سه‌ده‌ی ١٤ه‌مین، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی موسڵمانانی ئیسپانیا له‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گه‌نه‌وه‌ سه‌ر بنه‌چه‌ی فاتیمه‌ی كچی په‌یامبه‌ر.
سه‌ره‌ڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و رایه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك شاره‌زایانی مێژوو، به‌ڵام تۆماری موسڵمانان له‌ ئیسپانیای كۆن، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن و پێشتریش عه‌لی جومعه‌، موفتی پێشووتری میسر، له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كدا گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌مان ئه‌نجام.
به‌ڕێوه‌به‌ری بڵاوكراوه‌كانی بێركس، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌، ئه‌و كات نووسیویه‌تی، دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ئه‌نجامه‌، مارگرێت تاچه‌ر، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی به‌ریتانیا، داوای كردووه‌ تاقمی پاسه‌وانی شاژن زیاد بكرێت و سیسته‌می سیكیوریتی به‌هێزتر بكه‌ن.
بێركس پیره‌یج، بۆ تاچه‌ر نووسیویه‌تی: “ناتوانرێت بۆ پاراستنی بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌ ره‌چه‌ڵه‌كیان تا هه‌تایه‌ له‌ (تیرۆریسته‌ موسڵمانه‌كان) بشارینه‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی په‌یامبه‌ر”.
بێركس باسی له‌وه‌ش كردووه‌، راگه‌یاندنی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ شۆكێك بۆ به‌ریتانییه‌كان و ده‌ڵێت: “ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ به‌ریتانییه‌كان ده‌زانن، كه‌ خوێنی په‌یامبه‌ر محه‌مه‌د له‌ ده‌ماره‌كانی شاژندا ده‌گه‌ڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ئاشكرا بێت، ته‌واوی سه‌ركرده‌ موسڵمانه‌كان شانازی به‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌كه‌ن”.
ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن بێركس كراوه‌، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌ فه‌رمی بنه‌چه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر وه‌چه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام.
به‌ گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه‌، ئه‌لیزابێسی دووه‌م، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی شاژن زه‌یده‌، به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ مه‌سیحی، له‌ سه‌ده‌ی ١١ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ سیڤیای ئیسپانیا جێهێشتووه‌.

زه‌یده‌ چواره‌م هاوسه‌ری شا موعته‌مید بن عه‌بادی سیڤیا بووه‌ و دایكی كوڕێك بووه‌ به‌ ناوی “سانچۆ”، دواتریش ئه‌و كوڕه‌، له‌ سه‌ده‌ی ١١هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ئیرل كامبریج كردووه‌.
به‌ڵام هه‌ندێك له‌ گۆڤاره‌ به‌ریتانییه‌كان، گومانیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌كی زه‌یده‌ و به‌ بابه‌تێكی جێگه‌ی مشتومڕ وه‌سفی ده‌كه‌ن، هه‌ندێك له‌ مێژووناسانیش له‌و بڕوایه‌دان، زه‌یده‌، ئه‌و كچه‌ی خه‌لیفه‌ی موسڵمانانه‌ كه‌ “شه‌ڕاب” ده‌خواته‌وه‌ و بنه‌چه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر خێزانی په‌یامبه‌ر، هه‌ندێكیش پێیانوایه‌ زه‌یده‌ له‌ناو بنه‌ماڵه‌كه‌یدا هاوسه‌رگیری كردووه‌.
په‌یوه‌ستبوونی ره‌چه‌ڵه‌كی شاژن و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی په‌یامبه‌ر، كاردانه‌وه‌ی جیاوازی به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌ و خه‌ڵكیش رای پێچه‌وانه‌ی هه‌یه‌.
عه‌بدولحه‌مید ئه‌لعه‌ونی، له‌ رۆژنامه‌ی “الاسبوع”ی مه‌غریبی پێشوازی له‌و بۆچوونه‌ كردووه‌ و نووسیویه‌تی: “ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ بنیاتنانی پردی په‌یوه‌ندی نێوان دوو ئایین و میرنشین”.
له‌ هه‌مان كاتدا، تۆڕی بێباوه‌ڕان “الملحد” عه‌ره‌ب، له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت نووسیویه‌تی: “پێویسته‌ شاژن ئه‌لیزابێس داوای مافی خۆی له‌ فه‌رمانڕه‌واییكردنی موسڵمانان بكات”.
یه‌كێكه‌ دیكه‌ش له‌سه‌ر كۆڕبه‌ندی “رێدیت” له‌سه‌ر ئینته‌رنێت نووسیویه‌تی: “ئه‌و قسانه‌ ته‌نها پرۆپاگه‌نده‌ن و له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌ به‌كارده‌هێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌ی موسڵمانانی به‌ریتانیا رازی بكات”.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی راشیگه‌یاندووه‌، ئه‌وان له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان به‌ كۆشكی به‌كینگهام، كۆشكی شاهانه‌ی به‌ریتانیا، ئه‌وه‌ی لێدوانی خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ بده‌ن و هه‌ڵوێستی خۆیان رابگه‌یه‌نن.
k24
سه‌رچاوه‌: Daily Mail

Comments