تەرمی ڕەزاشا لە مەزارگەی عەبدولعەزیم حەسەنی لە شاری ڕەی لە ئێران دۆزرایەوە.

تەرمێکی مۆمیاکراو لە باکووری ئیران دۆزاریەوە و ئەگەری زۆرە تەرمی ڕەزا شا، شای یەکەمی ئێران بێت.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، یەکشەممەی ڕابردوو و لەکاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بۆ فراوانکردنی مەزارگەی عەبدولعەزیم حەسەنی لە شاری ڕەی سەر بە پارێزگای تاران تەرمی مرۆڤێکی مۆمیاکراو دۆزراوەتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسوخواسی زۆری لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئێران ڕایانگەیاندووە، ئەگەری زۆری هەیە ئەو تەرمە، تەرمی ڕەزا شا بێت.

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی مەزارگەی عەبدولعەزیم حەسەنی ڕایگەیاندبوو، پەیکەرەکە پەیکەری مرۆڤێکی ئاساییە و ناتوانرێت ڕووخساری بناسرێتەوە.
هاوکات حەسەن خەلیل ئابادی ئەندامی ئەنجومەنی شاری تاران کە سەرۆکی لیژنەی ئاسەوارە کلتورییەکانی ئەنجومەنەکەیە، بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ڕاگەیاندووە، تەرمی هەرکەسێک بێت، بەهۆی ئەوەی مۆمیاکراوە و لایەنی ئاسەواریی هەیە، دەبێت لەلایەن حکومەتەوە بپارێزرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە محەمەد ڕەزا شا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، ئەگەری زۆری هەیە تەرمەکە، تەرمی مۆمیاکراوی باوە گەورەی بێت.
داواشی لە حکوومەتی ئێران و لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و لابردنی گومانەکان، ڕێگە بەو پزیشک و شارەزایەنە بدەن لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکەن کە جێی متمانەی بنەماڵەکەیانە.

ڕەزا شا دامەزرێنەری زنجیرەی پەهلەوی لە ساڵی ١٩٢٥، دوای هێرشی بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت بۆسەر ئێران، ناچارکرا لە ساڵی ١٩٣١ دەستلەکاربکێشێتەوە و ڕووی لە ئەفریقیای باشوور بکا، لە ساڵی ١٩٣٥ لەو وڵاتە کۆچی دوایی کرد و دواتر تەرمەکەی ڕەوانەی قاهیرەی پایتەختی میسر کرا و دوای مۆمیاکردنی بە شێوەیەکی کاتی لە قاهیرە بەخاکسپێردرا.
لە ساڵی ١٩٤٠ تەرمی ڕەزا شا ڕەوانەی ئێران کرایەوە و لە پاڵ مەزارگەی عەبدولعەزیم حەسەنی لە شاری ڕەی لە باشووری تاران جارێکیتر بەخاکسپێردرا، بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٨، شوێنەکە لەلایەن سادق خەڵخاڵی حاکمی یاسایی ئەو کاتی دادگاکانی شۆڕش و بە فەرمانی خومەینی ڕووخێنرا.

لە بیرەوەرییەکانیشیدا خەڵخاڵی ئاماژەی بەوە کردووە، توشی سەرسوڕمان بووە کاتێک کە نەیتوانیوە تەرمی ڕەزا شا لەو شوێنە بدۆزێتەوە.
پاش هەڵاتنی محەمەد ڕەزا شا لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٧ و نزیکەی یەک مانگ پێش ڕووخانی حکوومەتەکەی، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە محەمەد ڕەزا شا تەرمی باوکی دەرهێناوەتەوە و لەگەڵ خۆی بردوویەتی، دەنگۆیەک کە بەردەوام لەلایەن بنەماڵەی ڕەزا شاوە ڕەتکراوەتەوە.






تعليقات