بەشی دەیەمی کۆمەڵناسی؛ ئەمیل دۆرکهایم (١٨٥٨-١٩١٧)زایینی:

دۆرکهایم پێیوایە کۆمەڵناسی زانستێکی سەربەخۆیە و دیاردەکانی کۆمەڵایەتی دیاردەی سەربەخۆن.
بەشی دەیەمی کۆمەڵناسی؛ ئەمیل دۆرکهایم (١٨٥٨-١٩١٧)زایینی:
کۆمەڵناسێکی فەڕنساییە دوای ئۆگست کۆنت دووەم کەسە کە گۆڕانکاری لە بنەماکانی کۆمەڵناسییدا دروست کردووە. بە دانەری کۆمەڵناسی نوێ لە بوار و بنچینەی بەرنامەی زانیاری دادەنرێت، بەرهەمە گرنگەکانی دۆرکهایم بریتیین لە (رێسای پرۆگرام لە کۆمەڵناسی) و (دابەشکردنی کۆمەڵایەتی کار) و (خۆکوشتن) و (فەلسەفە و کۆمەڵناسی) و (شێوە سەرەتاییەکانی ژیانی ئایینی).
دۆرکهایم پێیوایە کۆمەڵناسی زانستێکی سەربەخۆیە و دیاردەکانی کۆمەڵایەتی دیاردەی سەربەخۆن.

بەڵام لە بارەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کە دۆرکهایم تایبەتمەند بووە بەمجۆرە لێکی داوەتەوە:
١- دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەی مرۆڤایەتیین و لەگەڵ پەیدابوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا سەریان هەڵداوە، بۆیە جیاوازە لەگەڵ دیاردە سرووشتییەکان.
٢- شێوازوچوارچیوەی کارکردن و بیروباوەڕی ،مرۆڤایەتین.
٣- دیاردەی (شتەکانن)واتە باسی شتە سەربەخۆکان دەکات، کە دەتوانین هەستی پێ بکەین.
٤- تایبەتمەندی دەرەکی هەیە بە واتا دەکەوێتە دەرەوەی هەستی کەسەکان و لە ڕابردوودا هەبووە لە ئەمڕۆ و دوواڕۆژیشیدا هەر دەبێت.
٥- دیاردەکان دروستکراوی تاکەکان نین، بەڵکوو دروستکراوی کۆمەڵگەن بە شیوەیەک یەک بە دوای یەک لە ئەنجامی تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە.
٦- دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەی داسەپاون واتە بە زۆری بەسەر مرۆڤ و کۆمەڵ سەپێنراون بۆیەش دەسەڵاتی خۆی بە هێزی کۆمەڵ بەسەر کەساندا دادەسەپێنێ.

دۆرکهایم کۆمەڵگە بەسەر دوو جۆر دابەش دەکات:

یەکەم: کۆمەڵگەی ؟(جولێنەر) میکانیکی:

بریتییە لە کۆمەڵێکی ساکار پشت بە سیستەمی کار دابەشکردنی تایبەت نابەستێ، پسپۆڕی هەمەجۆر تێدا نییە، هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵگە لە ڕووی پیشەوە لەیەک دەچن.

دووەم: کۆمەڵگەی ئەندامیەتی:

بریتییە لە کۆمەڵێکی ئاڵۆز بە وردی پشت بە سیستەمی دابەشکردنی کار دەبەستێت، دۆرکهایم لەو باوەڕدا بوو کە کۆمەڵی مرۆڤایەتی لە کۆمەڵێکی میکانیکییەوە پاش زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی سەرڕووی زەوین بوو بۆ کۆمەڵی ئەندامیەتی دەگۆڕێت.

ب- پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان:

زانستی کۆمەڵناسی لە سرووشتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و هۆ و ئەنجامەکانی دەکۆڵێتەوە، لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی بۆ بابەتی پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی جیاجیان وەکوو پەیوەندی نێوان کەسان و کۆمەڵانی بچووکو گەورە دەگرێتەوە، کۆمەڵناسان ئەم پەیوەندییانە وا پێناسە دەکەن کە بریتین لە:

پەیوەندی کردن و کارتێکردن و کار و کاردانەوەی نێوان کەسان و کۆمەڵان بە مەبەستی دابینکردنی پێداوسیتییەکانی تاکە کەسان و وەدی هێنانی ئاواتەکانیان و پێکهێنانی ژیانێکی کۆمەڵایەتی پاشەکەوتکراو بە ڕووداو دەستکەوتەکان).

وەکوو پەیوەندی نێوان کڕیار و فرۆشیار و پەیوەندی لە نێوان قوتابی و مامۆستا و پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش و نێوان کرێکار و ئەندازیار و نێوان کوڕوباوک و نێوان دادوەر و تاوانبار و ئەمانە چەند جۆرێکی جیاجیای پەیوەدنی کۆمەڵایەتین.

لە ڕووی فەرمانەوە چەند جۆرە پەیوەندییەک دگرێتەوە وەک:

١- پەیوەندی هاوکاری و کێبڕکێکردن.
٢- پەیوەدنی کاتی و پەیوەندی هەمیشەی.
٣- پەیوەندی ئاسۆیی و ستوونی.
٤- پەیوەدنی ڕەسمی و ناڕەسمی.
⦁ پەویوەندی هاوکاری: ئەمجۆرە پەیوەندییە کە کەسان و کۆمەڵان بەشداری لە وەدیهێنانی ئاواتەکانی دوور و نزیک دەکەن لە ڕێگای تێگەیشتن و کاری هاوکاری و هاوبەشدا، بەو پێیەوە کەسان و کۆمەڵان بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان پێکەوە هاریکاری دەکەن وەک هاوکاری نێوان قوتابی و مامۆستا بۆ دابینکردنی ئاستێکی زانیاری بەرز لە قوتابخانە و بواری پەروەردە و فێرکردندا.
⦁ پەیوەدنی کێبرێکیش: ئەم جۆرە پەیوەندییە کە لەسەر بنەمای خۆ سەلماندی هەر تاکێک یان کۆمەڵێک دامەزراوە لە ڕێگەی پێشبڕکێی و کێبڕکێوە کە لە نێوان خۆیان ئەنجامی دەدەن و سوود بە کۆمەڵ دەگەینن.
⦁ پەیوەندی هەمیشەیی: ئەمجۆرە پەیوەندییە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە ڕوودەدات شێوەی هەمیشەیی و بەردەوام بە خۆوە دەبینێ وەک پەیوەندی نێوان ڕۆڵەکانی یەک خێزان کە تا دوا تەمەنیان درێژەی دەبێت.
⦁ پەیوەندی کاتی: پەیوەندی کاتی: پەیوەندییەکی تەمەن کورتە، چەند ساتێکی دیاریکراو دەخایەنێت و بە نەمانی هۆکارەکەی کۆتایی پێدێت وەک پەیوەندیەکەی نێوان کڕیار و فرۆشیار.
⦁ پەیوەندی ستوونی: ئەمەیان کار و کاردانەوەی نێوان دوو کەس یان زیاترە کە هەر یەکەیان سەر بە ئاستێکی کۆمەڵایەتییە وەک، بەڕێوەبەر و فەرمانبەرەکەی یان پەیوەندی نێوان ئەندازیار و کڕیار.
⦁ پەیوەندی ئاسۆی: پەیوەندییەکی نێوان دووکەس یان زیاترە هەموویان لە یەک ئاستی کۆمەڵایەتیین وەک پەیوەندی نێوان مامۆستا بە ماۆستایەکەی دیکە یان پەیوەندی نێوان قوتابیان و…هتد.. ئەوەی شایەنی باسە پەیوەنییە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵەیەک هۆ و ئەنجامیان هەیە.

تعليقات

إرسال تعليق