بەشی پێنجەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ بە عەرەبکردن و ڕاگواستن:

بەشی پێنجەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ بە عەرەبکردن و ڕاگواستن:


دوای ساڵی (١٩٢٥ی.ز) کە ویلایەتی مووسڵ بە نەخشەی سیاسی عێراقەوە لکێندرا، کورد لە زۆرینەی نەتەوەییەوە دەبێتە کەمینە بە گوێرەی سیاسەتی نوێی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەر.

لەو ڕۆژەوە کورد وەک کەمینەیەک بەردەوام لە ژێر ڕەحمی شۆڤینی و نەتەوەپەرستی ڕژێم و دەسەڵاتە جیاوازەکاندا بووە، بە پێی درووشمی:(گەلی عێراق بە کوردەوە بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب و عێراقیش بەشێکە لە نیشتیمانی عەرەبی).

بەڵام گەلی عێراق دوای ساڵی ١٩٢٥ی.ز هەرگیز بەشێک نەبووە لە نەتەوەی عەرەب.

باشووری کوردستان کە ئێستا بەشێکە لە خاکی عێراق، هەرگیز بەشێک نەبووە لە نیشیمانی عەرەبی، بە لکاندنی باشووری کوردستان واتە: (ویلایەتی موسڵ) بە عێراقەوە هەرێمێکی جوگرافی جیاواز دەبێتە بەشێک لە جەستەی سیاسی دەوڵەتی نەتەوەیی(قەومی)عێراق.

بەردەوام ڕژێمە نەتەوەپەرستە عێراقییەکان سەبارەت بە یەکێتی خاکی عێراق و ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری خۆیان، لەبەر مەترسی دابەشبوون، کوردیان پارچە پارچە کردووە، بۆیە ڕژێمە عێراقییەکان بە پاشایەتی و کۆنەپەرستەکانیانەوە، تا کۆماری و چەپ و پێشکەوتنخوازەکانیان، لە هەوڵی داڕشتنەوەی شێوەی نەتەوەیی و دیمۆگرافی و جوگرافییەکانی هەرێمی کوردستان بوونە، بە داڕشتنەوەیەکی عەرەبییانەی نەخشە بۆ داڕێژراو، بۆ نەهێشتنی جیاوازییە ڕیشەییەکانی نێوان کوردستان و بەشەکانی تری عێراق لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

١- کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و کانزا.٢- هەرێمێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی.٣- خاکەکەی بە پیتە و سەرچاوەیەکی زۆری ئاوی شیرینە.٤- شوێنی ستراتیژیە و دەوکەوێتە نێوان سنووری سێکوچکەی هەر سێ وڵاتی دەستکردی داگیرکەری (تورکیا و ئێران و سووریا)وە.

سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن بە بەرنامەڕێژی بوو، کە دەتوانین مێژووی ئەم وڵاتە بە مێژوویەکی ترسناک لە گۆڕینی هاوکێشەکان بە قازانجی زۆرینەی عەرەب لە قەڵەم بدەین، بە گواستنەوەی دانیشتووانی کورد و نیشتەجێکردنی عەرەب لە جێگەیان، بەتایبەتی لەم سێ دەڤەرەدا:

(جەزیرە، کەرکووک، ڕۆژهەڵاتی بەغدا واتە:”هەرێمی کوردە فەیلییەکان”).

ئەم پڕۆسەیە هاودەم بوو لەگەڵ کردە سەربازییەکان، کە هێز و سوپاکانی حکوومەتی عێراق لە ناوچە کوردنشینەکان ئەنجامیان دەدا، بە وێرانکردن و ڕووخاندن و ڕاگواستنی دانیشتوانی گوندە کوردییەکان و کۆکردنەوەیان لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکاندا.

سەبارەت بە سیاسەتی بەیەکخستن و یەکگرتن لە ئەزموونی دەوڵەتی عێراقدا، بە تایبەتی لە تێڕوانینی ڕژێمی بەعسەوە دوای ساڵی(١٩٦٨ی.ز)، ئامانجی دوورکەوتنەوە بووە لە بیرۆکەی(عێراقی بوون) و نزیک بوونەوە بووە لە بیرۆکەی(بە عەرەب بوون-العروبة).



تعليقات