باوكێك دەستدرێژی دەكاتە سەر زڕكچەكەی

باوكێك دەستدرێژی دەكاتە سەر زڕكچەكەی.
دیلانی تەمەن ١٠ ساڵان، وایدەزانی زڕباوكەكەی یاریی لەگەڵ دەكات، هێندە منداڵ بوو سەری لە دەستبازییەكەی زڕباوكەكەی دەرنەدەچوو، تا رۆژێكیان هەموو شتێك بۆ دایكی باس دەكات، ئیدی دایكی تێدەگات كە چ بەڵایەك بەسەر كچەكەی هاتووە.
دایكی دیلان عەرەبێكی خەڵكی مووسڵە، بەهۆی شەڕی داعشەوە مێردەكەی لە دەست دا، مامی دیلان هەر زوو برازاكەی بردە لای خۆی و بە دایكی دیلانی گوت تۆ ناتوانی كچەكەت بەخێو بكەی.
بۆیە دایكی دیلان دێتە هەولێر و لە شوێنێك كار دەكات. لە شوێنی كارەكەی كەسێك دەناسێ‌ كە ئەویش هاوژینەكەی مردووە. ئەو دەڵێت “ئەو كورد بوو، منیش عەرەب، بەڵام ئەوە رێگر نەبوو لەوەی یەكدیمان خۆشبوێ‌، چونكە منیش باوكم عەرەب و دایكم كوردە”.
دایكی دیلان، دوای كوژرانی هاوژینەكەی لەگەڵ دایكی دەژیا. ئەو دەڵێت “ئەو كەسە هاتە لای دایكم و خوازبێنی منی كرد و دایكیشم رازی بوو، ئیدی بووین بە هاوژینی یەكدی”.
ئەو دەڵێت هاوژینە تازەكەی لەگەڵی زۆر باش بووە، “رۆژێك لێی پرسیم بۆ وا بێتاقەتی، پێمگوت بیری دیلان دەكەم. ئەویش یەكسەر گوتی دەتبەم بۆ لای دیلان”.
دوای نەمانی داعش، دایكی دیلان و هاوژینەكەی دەچنە مووسڵ بۆ لای دیلان. دایكی دیلان دەڵێت “دوای ساڵێك چاوم بە كچەكەم كەوتەوە. هاوژینەكەم زۆر قسەی لەگەڵ مامی دیلان كرد، بەڵام رازی نەبوو كچەكەم بداتەوە، پاشان مامی دیلانی بردە دەرەوە و قسەیان كرد. نەمزانی باسی چییان كرد، مامی دیلان دوای ئەو قسانە رازیبوو دیلان لەگەڵ خۆم بهێنمەوە هەولێر”.
دایكی دیلان، رۆژە خۆشەكانی ژیانی بەڕێ‌ دەكرد، كچەكەی هاتبووەوە لای، دەیبینی هاوژینەكەی نێوانی لەگەڵ دیلان زۆر خۆشە و گرنگیی زۆری پێدەدات، بەڵام رۆژە خۆشەكان زوو كۆتاییان هات.
دایكی دیلان دەڵێت: “هاوژینەكەم زۆر گۆڕا، زۆربەی كاتەكان لەگەڵ دیلان بوو، یاریی لەگەڵ دەكرد.شەوان دەیهێنا لای ئێمە بخەوێت و دەیگوت منداڵە دەترسێ، منیش زۆرم پێخۆش بوو كە گرنگی بە كچەكەم دەدا. وامدەزانی وەك كچی خۆی سەیری دەكات. نەمدەزانی چاوی بڕیوەتە دیلان”.
دایكی دیلان دەكەوێتە گومانەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی دەبینێ‌ كچەكەشی هەڵسوكەوتی گۆڕاوە و زۆر بە كەمی قسە دەكات.
دایكی دیلان دەڵێت: “رۆژێكیان هاوژینەكەم چوو بۆ گەشتێك، لەگەڵ دیلان بەتەنیا لە ماڵ بووین، لێمپرسی چیتە، بۆچی وا گۆڕاوی، باوكت لەگەڵت خراپە؟ ئیتر بۆم ئاشكرا بوو كە چی لەنێوانیاندا بووە.. زانیم كە دەستدرێژی كردووەتە سەر كچەكەم”.
دایكی ئەو كچە پرسیاری شوێنێك دەكات بۆ ئەوەی كێشەكەیان بۆ باس بكات، پێشنیازی بۆ دەكەن كە كێشەكەی بباتە لای یەكێتیی ئافرەتان.
دایكی دیلان دەڵێت: “بۆ یەكێتیی ئافرەتانم باسكرد كە چی لە كچەكەم كردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكم نەبوو، ئەویش حاشای لێكرد و دەیگوت من پارەم داوەتە مامی دیلان بۆ ئەوەی ئەو كچە بگەڕێتەوە لای دایكی، من چۆن شتی وای لەگەڵ دەكەم”.
سارا عەزیز، ئەندامی بەشی چاكسازیی كۆمەڵایەتی یەكێتیی ئافرەتان كە دۆسیەكە لەلای ئەوان بووە، دەڵێت: “ویستم پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكەم، بەڵام دایكی دیلان لە ترسی ماڵی مامی كچەكەی رازی نەبوو، گوتی نابێت هیچ كەسێك ئەو شتە بزانێت، چۆن سەیری ئەوان بكەم، كۆمەڵگە چۆن سەیری كچەكەم دەكات، زۆر هەوڵم دا، بەڵام سوودی نەبوو، تەنیا لە مێردەكەی جیابووەوە”.
سارا گوتیشی: “دیلانمان نارد بۆ لای پزیشك، دوای پشكنین بۆمان دەركەوت كە زیاتر لە جارێك لەلایەن زڕباوكەكەیەوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر، بەڵام بەهۆی تۆمارنەكردنی سكاڵا لەلایەن دایكییەوە، هیچمان پێنەكرا”.
دایكی دیلان و كچەكەی هەر لە هەولێر دەژین، ئەو دەڵێت “چارەنووسی كچەكەم نادیارە، تاوەكو ئێستا نازانێت ژیانی وێران بووە. دەترسم لە داهاتوودا كاتێك گەورە دەبێ شتێك لە خۆی بكات، هەموو رۆژێك بیر لە داهاتووی كچە بەستەزمانەكەم دەكەمەوە”.

تعليقات