بەشی نۆیەمی ئابووری؛ کە پێک دێت لە سێ بەشی شیکردنەوەی ئابووری.

زانستی ئابووری ئامرازێکی گرنگە لەو ئامرازانەی کە پشتیان پێ دەبەسترێت لە کاتی داڕشتنی ڕامیاریە گشتییەکانی حکوومەتدا.
بەشی نۆیەمی ئابووری؛ کە پێک دێت لە سێ بەشی شیکردنەوەی ئابووری.
جۆری یەکەم؛ شیکردنەوەی ئابووری هەمووەکی:
ئەم جۆرە گرنگی دەدات بە شیکردنەوەی یەکە ئابوورییەکان لە سەر ئاستی هەمووەکی یان لە سەر ئاستی نەتەوەیی وەکوو (بەرهەمی نەتەوە، داهاتی نەتەوە، ئاستی گشتی نرخەکان، خواست و خستنەڕووی هەمووەکی، تێکڕای بەکاربردن و وەبەرهێنانی هەمووەکی) هەروەها لە گرفتە ئابوورییەکان دەکۆڵێتەوە لەسەر ئاستی هەمووەکی وەکوو (بێکاری و هەڵاوسان) ئەمە جگە لەوەی لە بابەتی تریش دەکۆڵێتەوە وەکوو تەرازووی پارەدان(تەرازووی هاوردەنی و ناردەنی) بوودجەی گشتی (خەرجییە گشتییەکان و دەسهاتە گشتییەکان)….هتد.

جۆری دووەم؛ شیکردنەوەی ئابووری کەرتەکی:

ئەم جۆرە شیکردنەوەیە تایبەتە بە توێژینەوە لە یەکە ئابوورییە بچووکەکان و تاکە کەسەکان و ئەو هۆکارانەی کاریگەریان هەیە لە سەر بڕیارە ئابوورییەکان دەری دەکەن. بۆ نموونە شیکردنەوەی ئاستی (خواستی تاکەکەس، ڕەفتاری بەکاربەر، ڕەفتاری بەرهەمهێن، خستنە ڕووی بەرهەمی یەک پڕۆژە، بازاڕەکان…..هتد).

جۆری سێیەم؛ ڕامیاری ئابووری:



زانستی ئابووری ئامرازێکی گرنگە لەو ئامرازانەی کە پشتیان پێ دەبەسترێت لە کاتی داڕشتنی ڕامیاریە گشتییەکانی حکوومەتدا. وەک باسکرا ئەرکی گرنگ و سەرەکی زانستی ئابووری ئەوەیە کە دەرئەنجامە ئابوورییەکان بخاتە ڕوو لەسەر ئەو ڕامیارییە ئابوورییەی کە لە لایەن حکوومەتەوە دەگرێتە بەر. لەگەڵ زانینی ئەو ڕاستی و پەیوەندییانەی نێوانیان، کە ئەمەش مەرجێکی پێشوەختە بۆ حوکمێکی ڕاست و دروست، هەرچەندە بڕیاری کۆتایی دەربارەی ڕامیاری ئابووری دەشێت پشت ببەستیت بە هەندێک بۆچوون کە لە چوارچێوەی زانستی ئابووری دەچێتە دەرەوە. بە شێوەیەکی گشتی مەبەست لە ڕامیاری ئابووری ئەو چۆنێتییەیە کە بە هۆیەوە والە سیستەمەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بکرێت بە شێوەیەکیی باشتر کاربکەن، شیکردنەوەی ئابووریش بنەمای پێویستە بۆ ڕامیاریەکی ئابووری دروست.

تعليقات