بەشی شەست و نۆی مێژوو؛ بنیاتنانی پەرستگاکان:

پەرستگا لەسەر شوێنێکی بەرز یان سەکۆیەک دروست دەکرا تاوەکوو گەورەیی و شکۆمەندی دەربکەوێ و لەگەڵ پایەی خواوەندەکاندا بگونجێ.
شوێنەواری کۆنترین پەرستگا لە “تەپەگۆرا” لە رۆژهەڵاتی (نەینەوا) دۆزراوەتەوە و سەردەمەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانێتی (حەڵەف) لە دەرووبەری ٤٥٠٠ – ٤٠٠٠ ساڵ پ.ز.
پەرستگا ناوەندەی پەرستن و بەجێهێنانی درووشمە ئایینیەکان و جێگەی چالاکی سیاسی و ڕۆشنبیری و کارگێڕی و فێربوونی خوێندن و نووسین و بارەگای دادوەریش بووە و شوێنی نیشتەجێ بوونی پیاوی ئایینی (کاهن)ی فەرمانڕەوا( ئین) بووە.
پەرستگا خاوەنی زۆربەی زەوییە کشتوکاڵیەکان بوو بە ناوی خواوەندەوە بەرهەمی دەهێنا یان بە کرێی دەدا، هەروەها خاوەنی مێگەڵ بوو بازرگانیشی دەکرد، هەندێک لە پاشا و فەرمانڕەواکان تەنها خەریکی کاری کارگێڕی یان ئابووری بوون.
لەبەر پیرۆزی پەرستگا دانیشتووانی (دۆڵی دوو ئاوان) بە تایبەتی پاشا و فەرمانڕەواکان جەختیان لەسەر بنیاتنان و خزمەتکردنی کردبووە و پەرستگا لەسەر شوێنێکی بەرز یان سەکۆیەک دروست دەکرا تاوەکوو گەورەیی و شکۆمەندی دەربکەوێ و لەگەڵ پایەی خواوەندەکاندا بگونجێ، دیوارەکانیشیان بە نەخش و نیگاری جوان دەڕازاندەوە و ڕەنگیان دەکرد، بەڵام زیاتر رەنگی سپییان بە کار دەهێنا تا لە شەودا بە جوانی بدرۆشیتەوە، لە سەرەتا پەرستگا تەنها ژوورێکی لە قوڕ دروستکراو پێکهاتبوو دەلاقەیەکی 

تێدا بوو بە (پەیکەر) ناودەبرا چونکە پەیکەری خواوەن لەوێ دادەنرا، وە گۆڕەپان(پاوەن)ێکی فراوان لە دەوری پەرستگا هەبوو….
لە ئەنجامی پێشکەوتنی ژیانی ناوشار و گەشەسەندنی ڕۆڵی پەرستگا لە ژیانی دانیشوتان ڕووبەری بینای پەرستگا گەورە و فراوانتربوو، بەڵام هەروەکوو نەخشەی پێشووی گۆشەکانی ڕوویان لە هەر چوارلا دەکرد و کەچی لە نەخشەی نوێیدا پاشکۆی زۆری بۆ زیادکرا کە بۆ پەرستن و کارگێڕی تەرخانکران، لەم نەخشە نوێیەیەدا پەرستگا بە ژوورێک دەستی پێدەکرد ئەمیش دەچووە سەر پاوەنێکی بەرینی زەوی و لەوێشەوە دەگەیشتە ژووری(پەیکەر)ی خواوەند، ئەم ژوورە پیرۆزترین شوێنی پەرستگا بوو، وە لەم ژوورەدا دەلاقەی پەیکەر هەبوو لە بەردەم دەلاقەکەشدا سەکۆی قوربانی کردن هەبوو.

تعليقات