بەشی دەیەمی ئەدەب؛ مەلای جزیری

مەلای جزیری نازناوی هۆنراوەی(مەلا، یان مەلێ)بووە، هەندێک جار(نیشان)یشی بۆخۆی کردووە بە ناو، چونکە دڵی خۆی بە نیشانی تیری خۆشەویستی و ئازار داناوە، یا هەر نیشان خاڵی گۆنایە لەبەر ئەوەی زۆر باسی خەت و خاڵی کردووە، خۆی ناوناوە(نیشانی).

بەشی دەیەمی ئەدەب؛ مەلای جزیری.

مەلای جزیری بە مەلا ئەحمەد یا شێخ ئەحمەد بەناوبانگە لەبەر ئەوەی لە شاری جزیرەی پایتەختی بۆتان ژیاوە، بە جزیری ناوی دەرکردووە، ئەم هەڵبەستوانە مەزنە لە ساڵی (٩٧٥) کۆچی بەرامبەر ساڵی (١٥٦٧-١٥٦٨) ز هاتۆتە دونیاوە، مەلای جزیری، وەک هەموو مەلا گەورەکانی کوردستان رۆژانی فەقێیەتی و خوێندنی لە گەلێک ناوچەی کوردستاندا بردۆتە سەر، پاشان لە چەند شوێنێک مەلایەتی کردووە و دوایی لە مزگەوتی سوور جێگیر بووە، کە لە ڕۆژانی دەسەڵاتی میرانی بۆتاندا شوێنی خوێندن و پێگەیشتن بووە و سەدان فەقێی تێدا بووە کە میر خۆی مەسرەفی کردوون.
مەلای جزیری لە ساڵی(١٠٥٠) کۆچی، کە بەرامبەر (١٦٤٠)ز کۆچی دوواییکردووە، لە مزگەوتی سوور نێژراوە.
مەلای جزیری نازناوی هۆنراوەی(مەلا، یان مەلێ)بووە، هەندێک جار(نیشان)یشی بۆخۆی کردووە بە ناو، چونکە دڵی خۆی بە نیشانی تیری خۆشەویستی و ئازار داناوە، یا هەر نیشان خاڵی گۆنایە لەبەر ئەوەی زۆر باسی خەت و خاڵی کردووە، خۆی ناوناوە(نیشانی).
مەلای جزیری بە دامەزرێنەری ئەدەبی کلاسیزمی کوردی بە زاراوەی کرمانجی سەروو دادەنرێت، چونکە لە سەردەمی خۆیدا بەرهەمێکی ئەدەبی پتە و تازەی هێنایە کایەوە، کە لەمەو پێش بەو جۆرە نەبوو، واتە تازەگەر بووە، ئەمەش ڕنگدانەوەی گەشەسەندنی شاری جزیرە و ئاواتی پەلهاویشتنی میرانی بۆتان بووە، دەتوانرێت ڕاستی ئەم لێکدانەوەیە بە دێرکی مەلای جزیری خۆی بسەلمێنرێت، کە لەوێدا ئاواتی ئەویش لەوە دایە، کە هۆنراوەکانی لە سنووری جزیرە بچنە دەرەوە هەڵبەستوان دەڵێت:
گوڵی بخای ئیرەمی بۆتانم
شەب چراغی شەبی کوردستانم.
واتە: گوڵی باغی ئیرەمی بۆتانم و شەو چرای شەوی کوردستانم.
بەرهەمەکانی:
مەلای جزیری دیوانێکی گەوەری هۆنراوەی کوردی هەیە، ئەم دیوانە چەند جار و لە چەند شوێندا وەک(بەرلین، ئەستەمبوول، هەولێر، قامیشلۆ. بەغدا و تاران) چاپکراوە، دیوانەکە هەمووی لە چاپەکەی قامیشلۆدا بە عەرەبی لێکدراوەتەوە.
رۆژهەڵاتناس و کوردناسی بەناوبانگ “ڤالدیمیر مینۆرسکی” دەڵێت:-(ئەگەر رۆژهەڵتناسی ئەرووپا کەسێکی چنگ نەکەوێت دیوانی مەلای جزیری بگۆڕێتە سەر زمانەکانی ئەورووپی، ئەوا بە”ڕاستی لە نرخی ئەدەبی کوردی و بەرزی زمانی کوردی ناگات) بەڵێ مەلای جزیری بە ڕابەری ئەدەبی کوردی دەژمێردرێت. چونکە لە سەردەمی خۆیدا شتێکی هێنایە ناوەوە،بکە تەواو تازە بوو.
تا سەردەمی ئەو هەموو خوێندەواری کورد خەریکی خوێندنەوە و چیژ لە ئەدەبی رۆژهەڵات وەرگرتن بوون، بەڵام ئەو هات و سەر لە نوێ بە بۆن و ئاوازەی مۆسیقای هۆنراوەی ڕۆژهەڵات هۆنراوەی کوردی نووسیی، زۆرجار ئەدەبناسان باسی پەیوەندی نێوان مەلای جزیری و حافزی شیرازی دەکەن و دەڵێن: حافز زۆر کاری کردۆتە سەر مەلای جزیری.
یا مەلای جزیری زور شتی لە حافز وەرگرتووە. بەڵام ئەو کارتێکردنە هەر چەندێک بێت، بەشی تازەگەری و ڕابەری بۆ مەلا دەمێنێتەوە، چونکە ئەوەی حافز فارسی بووە، بەڵام ئەوەی ئەم کوردی بوو، مەلا پێش هەموو کەس بە کوردی پەیڕوەی ئەدەبی خۆرهەڵاتی ئیسلامی کردوو هونەری ئەم جۆرە هۆنراوەی بە کوردی داڕشت ئەمە بۆ ئێستا کۆنە بۆ ئەو کاتە زۆر تازە بوو.
ڕوخساری هۆنراوەکانی:
ئەمڕۆ بە هۆنراوەی مەلای جزیری دەڵێین کلاسیزمی کۆن.
هۆنراوەی مەلای جزیری تەنها لە بابەتی کلاسیزمی کوردی نییە، بەڵکوو بابەتی کلاسیزمی ڕۆژهەڵاتە.
١- زمانێکی کوردی تێکەڵ بە وشەی فارسی و عەرەبی و تەنانەت تورکیش.
٢- بەکارهێنانی ئەو (کێش)انەی هۆنراوەی عەرەبی کە لە فارسیدا هەبوون.
٣-پاراستنی پەیڕەوی هۆنراوەی کلاسیزمی لە سەروادا، واتە یەکێتی سەرواو داپیت ڕەویە.
٤- پاراستنی بابەتی غەزەل و قەسیدە لە هۆنراودا، دەتوانین هۆنراوەی مەلای جزیری بە چەشنێک لەو وشەکارییە دابنێین کە لە هەموو هۆنراوەی کلاسیزمدا هەبووە، بەڵام دەتوانین ئەوەش بڵێین کە مەلای جزیری زۆر بەهرەوەرانە توانیویەتی سۆزی دڵی خۆی بە جۆرێک بکات بە وشە و بە هۆنراوە، کە هیچ زۆر لەخۆکردنی پێوە دیار نەبێت کە سۆزی دڵەکە، وشکارییەکە دابپۆشێت و هۆنراوەی جوان و پڕ لە سۆزمان پێببەخشێت.
ناوەڕۆکی هۆنراەکانی:
دەتوانین بڵێن دیوانی مەلای جزیری دیوانی دڵدارییە، بەڵام کام دڵداری؟ ئەدەبناسان زۆر بە درێژی لەوە دەدوێن، کە دڵداری مەلای جزیری وەک هۆنراوەی(حافز و جامی و ابن الفاز) دڵداری ئاسمانی، یا دڵداری سۆفیانە و خواییە.
بەڵێ لە هۆنراوەی کوردیدا ئەم چەشنە هۆنراوەی دڵدارییە دیارە. زۆر جار، کە هەڵبەستوان لە دڵداری سەر زەمیندا سەرناکەوێت، ڕێگە دەباتە بەر هیوایەکی دوور، بە نائۆمێدی و نەبوونێکی بێ کۆتایی، بەو ئاواتەی لەو دونیا لەگەڵ دڵذار بە یەکتر بگەنەوە، بەم جۆرە دڵذارییەکەش، لەوەوە کە حەز لە جوانی لەش و لارو چاو و ئەبرۆ بەرەو حەز لێکردنێکی تر دەبرێت، بەرەو زاڵبوونی گیان بەسەر لەشدا. بەم جۆرە مەلای جزیری دەستی ناگاتە دڵدارەکەی کە ناوی(سەلمایە) کە خوشکی میری بۆتان بوو لە بەر ئەو جیاوازییە کۆمەڵایەتیەی کە لە نێوان ئەو و خوشکی میردا هەیە، ئەوا خۆشەویستییەکەی دەباتە مەیدانی گیانپەرستی و خوا پەرستی و ڕێبازی سۆفیگەری.
تایبەتمەندییەک لە هۆنراوەی مەلای جزیریدا هەیە، کە دوای خۆی لای هەندێک هەڵبەستوانی سۆفی تر دیارە، ئەویش ئەوەیە کە دەست دەدەیتە خوێندنەوەی هۆنراوەکانی وات بە بیردا دێت، کە پەیکەرێکی جوانی لە بەردەمی هەڵبەستواندا بێت، هەڵبەستوان بە وشە سەر لە نوێ نیگاری ئەو نەخشەیە بکێشێتەوە و هەستی خۆشەویستی خۆی بۆ ئەو دەردەببڕێت، بەڵام وردە وردە ئەو پەیکەرە دەبێت بە جوانی خوایی و هەڵبەستوان لە میحرابی ئەودا بە سەرسامی دەوەستێت.
ئەمەیە ناوەڕۆکی هۆنراوەی مەلای جزیری، هەر لەبەر ئەمەشە کە دڵسۆزی و ڕاستگۆییەکی تەواو لە هۆنراوەکانیدا بەدی دەکەین هۆنراوە لای مەلای جزیری بۆ مەبەستێکە، کە خۆی بۆ تونادۆتەوە، هەر لەبەر ئەوەیە، کە هۆنراوەکانی لە دەوری یەک باسدا دەسووڕێتەوە، ئەگەر هەندێک وەردەباسی تر لە هۆنراوەکانی بەدیدەکرێت ئەوا هەر لە پەراوێزی ئەم باسەدان.
بەدەم ئەو دڵدارییە ڕاستەقینەوە مەلای جزیری هەندێک باسی تریشی کردووە بە کەرستەی هۆنراوەکانی، وەک ستایشی هەندێک لە میرەکانی جزیرە، یان بە ئاماژەی هەڵبەستوانانە باسی هێرشی مەغۆل و تاتار، یا هەندێک وەسفی گشتیی سرووشتی جوانی کوردستانی کردووە، نموونەیەک لە هۆنراوەی مەلای جزیری:
ئیڕۆ ژ ڕەمزا دێم دوڕێ
میننەت کو من مەسروورە دل
دڵبەر ب فنجانا سوڕێ
مەی دامەو مەخموورە دل
ڕمزەک نهێن ئاڤێهتە دل
میهری ژ باتێن مێهتە دل
شەهزادەیێ سوڕ ڕێهتە دل
شەهکاسەیا فەرەفوورە دل
هۆستایێ عیشقێ دل هەڤووت
سەرەتا قەدەم هینگێ د سووت
ڕەمزا (ئەنەلحەق) هەر دگووت
باوەڕ بکەن مەنسسوورە دل
دڵ لێ بدەت نوورا مەیێ
وەختێ سواش و هەی هەیێ
فەهم ئەربکەت وەحیا نەیێ
ژێ دەت خەبەر مەئموورە دل
نوورا ژ قودرەت لێ دوونوون
ژیرا دنالن ئەرغە نوون
وەر ئایەتا عیشقێ بخوون
خوەش نوسخەیەک مەستوورە دل
تەفسیری سیرا ئایەتێ
عارف دڤێتن گوە دەتێ
ڕازا ڕەمووزێن قودرەتێ
گەر دەین بکەت مەعزوورە دل.
لێکدانەوەی یەکەم:
١- (ئیڕۆ): ئەمڕۆ، ئەفڕۆ
٢- دێم:  ڕوو دەم وچاو
٣-(سەور)یا(سڕ): نهێنی دڵ، دڵ ڕاکێشان، جەزبی دڵ
٤-مەی: بادە، شەراب
٥- دامە: دای بە ئێمە
٦- مەخموور: سەرخۆش
واتە منەت مەمنوونتم خودا کە من ئەمڕۆ دڵی بە هۆی ئەو خۆشەویستەوە خۆش کرد، کە ڕووی وەک دوڕ وایە، ئەوەی دڵی بردین و جامی مەی دڵ ڕاکێشانی خۆیی داینێ و دڵ بەوە سەرخۆشە.
لێکدانەوەی دووەم:
١- نهێن: نهێنی، شاراوە، ڤەشارت
٢- ئاڤهێتە: ئاوێتە، هاوێشتە
٣- میهر: خۆشەویستی یا تیشکی ڕۆژ
٤- مێهتە: لە (مێهتن)ەوە هاتووە بە مانای مژین، واتە مژیی
٥- ڕێهتە: لە (ڕێهتن)ەوە هاتووە بە مانای ڕشتن، یا ڕژاندنی، واتە ڕژاندی
٦- شەهکاسا: کاسەی شاهانە.
فەرموو: وشەی غەفوور لە کوردیدا کراوە بە بەفەرفوو، غەفوور پاشای چین بوو، فەغووری یا فەرفووری ئەو کاسەیە کە دەدرێتە پاڵ ئەو.
واتە: خۆشەویستەکەم ئیشارەتێکی نهێنی هاوێشتە دڵەوە و خۆشەویستی بە باتینی یا بە شاراوەیی دڵی منی مژی، شازادە جەزبی خۆیی ڕشتە دڵەوە دڵ وەک فەغفووری وایە.
لێکدانەوەی سێیەم:
١- (هۆستا): وەستا مامۆستا
٢- هەڤووت: سووتاو
٣- هێنکێ کاتێک
٤- دەسووت: دەسووتا
واتە: وەستای دڵ سووتاوی عەشو کاتێک، کە لەسەر تا پێی بە ئاگری عەشق دەسووتا، ئەو ڕەمزی(ئەنەلحەق)ی دەگوت، باوەڕبکە کە دڵی من مەنسوورە. لێرەدا مەنسوور بە مانای سەرکەوتوو دێت و هەموو دێڕەکەش ئیشارەتە بۆ سەر گۆزەشتەی مەنسووری هەلاج(٨٥٨- ٩٢٢)ز کە تامرد، هەر هاواری دەکرد(ئەنەلحەق)واتە: هەڵبەستوان دەڵێت منیش لە عەشقی خودا وەک مەنسوور تا مردن و سووتاندن هەر هاواری (ئەنەلحەق)مە. ئەمەش لە سۆفیگەری پلەی فەنابوونی پێ دەڵێن.
لێکدانەوەی چوارەم:
١- لێ: لەو
٢- ساواش. سواش: شەڕ، جەنگ
٣- هەیهەی: هاوار و دەنگە دەنگ
٤- ئەر: ئەگەر
٥- وەحیانەیێ: وەحیی نای
٦- ژێ: لەو
٧- دەت خەبەر: خەبەر دەت، قسەبکات
واتە: ئەگەر نوور و ڕووناکی مەی لە کاتی جەنگ و هەرای عاشقاندا بدات لە دڵ و ڕووناکی بکاتەوە و ئەگەر دڵ لە وەحی “نای” گەیشت و زانی کە دەنگی نای دەنگی عەشقی خواییە و بەو تێگەیشتنە کەوتە قسە کردن و ڕاستی گوتن و نهێنی دەربڕین. ئەوە پلەیەکە دڵ گەیشتۆتێ و فەرمانی پێکراوە کە نهێنی نەشارێتەوە و ڕاستی بڵێت.
لێکدانەوەی پێنجەم:
١- نورا ژ قودرەت: ڕووناکییەک لە قودرەتەوە، لە خواوە، مەبەست ناوچاوانە.
٢- لێ: کورتکراوەی لە ئەوێ، واتە لەو
٣- دوونون: دوو چاو، دوو ئەبرۆ.
٤-ژێڕا: بۆ ئەو
٥- ئەرغەنون: ئالەتێکی مۆسیقایە، کە لێرەدا جێگەی دڵی عاشقان دەگرێتەوە.
لێکدانەوەی شەشەم:
١- وەر: وەرە
٢- نوسخە: کتێب
٣- مەستور: نووسراو، مسگور
واتە: دڵی عاشقان، کە وەک ئەرغەنون وایە هەمیشە هەر هاوار دەکات و لە خۆشەویستی ئەو ناوچاوانە ڕووناکی بەخشە دەناڵێنێت کە دوو ئەبرۆوچاوی پێوەیە کە لە دوو پیتی هەڵگەڕاوەی (نون)دەچێت ئەمەش هەر وەک قورئان دەستکردی خوایە، دەوەرە ئایەتی عەشق لەو دەم و چاوەدا بخوێنەوە، کە نوسخەیەکی نووسراوەی چاک و خۆشی کتێبی خوایە.
لێکدانەوەی شەشەم:
١- دەڤێتن: دەوێتن
٢- گوە دەتێ: گوێی بداتێ
٣- ڕاز: نهێنی دڵ
٤- ڕمووزێن قودرەتێ: ڕەمزەکانی قودرەت، ئیشارەتی خوایی
٥- گەر: ئەگەر
٦- دەین یان دین بکەت: شێتکردن
واتە: عارف کە نهێنی خوایی دەنوێنێت دەیەوێت گوێ بدەیتە لێکدانەوەی نهێنی ئەو ئایەتە جوانییەی کە باسکرا، یا خۆی گوێی دەداتێ و ئەگەر نهێنی ڕەمزو ئیشارەتی قودرەت(هێز) واتە خوا دەربخات بیانوو و عوزری، هەیە یا دەتوانین بڵێین(دین بکات) واتە شێت بکات. بە مانا ئەگەر ئەو نهێنی جوانی و عەشقە پیاو شێت بکات حەقە و بیانوو بۆ ئەو شێت بوونە هەیە.

تعليقات