تكايه شيرى خۆتان بده‌نه كۆرپه‌كانتان
رێكخراوه‌كانى سه‌ر به نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان داوايان له پزيشك و نه‌خۆشخانه‌كان كرد، هانى دايكان بده‌ن، شيرى خۆيان بده‌نه كۆرپهكانيان، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه زووتر له‌دايكبوون و كێشيان كه‌مه و نه‌خۆشن، باشتره شيرى دايكيان پێ بدرێت، نه‌ك شيرى قوتوو و پێويسته تا دوو ساڵ كۆرپه شيرى دايكى بخوات.
رێكخراوى ته‌ندرووستى جيهانى و رێكخراوى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان تايبه‌ت به منداڵ (يونيسێف)، داوايان له نه‌خۆشخانه‌كان كرد، دايكان هان بده‌ن شيرى خۆيان بده‌نه منداڵ و هانيشيان نه‌ده‌ن، كه شيرى قوتوو به‌كاربهێنن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى هۆكارێكى ته‌ندرووستى دياريكراوى هه‌بێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و كۆرپانهش كه به‌ر له هه‌فته‌ى ٣٧ه‌م له‌دايكده‌بن، هه‌ر باشتر وايه شيرى دايك بخۆن، نه‌ك شيرى قوتوو.
دكتۆر لۆره‌نس جرۆمر ستروون، شاره‌زا له رێكخراوى ته‌ندرووستى جيهانى، رايگه‌ياند، رۆژانى سه‌ره‌تاى له‌دايكبوونى كۆرپه‌له، يهكلاكهرهوهن بۆ ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى شيردانى دايك به شێوه‌يه‌كى رێك‌وپێك.
گوتيشى: “شيردانى سرووشتى هه‌ر له يه‌كه‌م كاتژمێرى لهدايكبوونهوه ده‌بێته هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى تووشبوونى كۆرپه‌له به به‌دخۆراكى و هه‌روه‌ها شيردانى دايك بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ به منداڵه‌كه‌ى، ده‌بێته هۆى رزگاركردنى ژيانى ٨٢٠ههزار منداڵ بۆ هه‌ر ساڵێك”.
ئه‌و شاره‌زايه ئه‌وه‌شى گوتووه: “ئه‌گه‌ر دايكه‌كه به هۆيهكى تايبه‌تى پزيشكى و ته‌ندرووستى ناچار بوو، ده‌ستبه‌ردارى شيردان به كۆرپه‌كه‌ى ببێت، پێويست ناكات خۆى به تاوانبار بزانێت و هه‌ست به تاوان بكات”.
٣٠ساڵ به‌ر له ئێستا رێكخراوى ته‌ندرووستى جيهانى داوايكردبوو، دايكان لانيكه‌م تا شه‌ش مانگى سه‌ره‌تا شيرى خۆيان بده‌نه كۆرپه.
له ئێستادا ئه‌و رێكخراوه به پێويستى ده‌زانێت ماوه‌ى شيردان درێژبكرێته‌وه بۆ دوو ساڵ، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى به هۆكارێكى پزيشكى دياريكراو ده‌ستبه‌ردارى شيردان ببێت.
به گوێره‌ى ياساى نێوده‌وڵه‌تى، كه له باره‌ى جێگره‌وه‌ى شيرى دايك له ١٩٨١دهرچووه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، شيرى قوتوو پێويسته ته‌نيا له كاتى زۆر پێويست و ناچارى به‌كاربهێنرێت. نابێت بانگه‌شه‌ى بۆ بكرێت و پزيشك هانى دايكان بدات ئه‌و شيره به‌كاربهێنن. هه‌روه‌ها نابێت نه‌خۆشخانه‌كانى له‌دايكبوون نموونه‌ى شيرى قوتوو به خۆڕايى بده‌نه دايكان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رخواردى كۆرپهكانيانى بده‌ن.
سه‌رچاوه: رۆيته‌رز
Comments
Post a Comment