چەند پارچە شوێنەوارێکی گرنگ لە دهۆک دەدزرێن

بەرپرسی بەشی یاسایی لە شوێنەواری دهۆك: ساڵی رابردوو ١٠كەس لەسەر دزینی شوێنەوار دەستگیركراون.
هەفتەی رابردوو ناوچەیەكی گرنگی شوێنەواری لە دهۆك كەوتە بەر پەلاماری قاچاخچیانی شوێنەوار و چەند پارچەیەكی شوێنەواری لەو شوێنە دزران، بەرپرسێكی شوێنەواری دهۆكیش دەڵێت لە ماوەی رابردوودا هەوڵی دزینی شوێنەواری ٢١٢ ناوچەی شوێنەواری لە پارێزگای دهۆك دراوە.
هەوڵەكانی دزینی شوێنەوار لەدوای هێرشی داعش بۆ سەر شاری مووسڵ زیادیان كردووە و چەندین باندی قاچاخچێتیش دروستبوون كە بازرگانی بە شوێنەوارەكانی كوردستان و عێراقەوە دەكەن.
ئەشكەوتی هەڵامەت كە دەكەوێتە ناوەڕاستی چیای زاوا لە باشووری سەنتەری شاری دهۆك، ئۆتۆمبێلی ئاسایی نایگاتێ‌، بەڵام هەفتەی رابردوو چەند دز و قاچاخچییەكی شوێنەوار توانییان بە ئۆتۆمبێلێكی هەمەر خۆیان بگەیەننە ئەشكەوتەكە و چەند پارچەیەكی شوێنەواری ئەشكەوتەكە بدزن. رۆژی ٢٩/٠٢/٢٠١٨ دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوە لە دادگای دهۆك بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە، بەڵام هێشتا كەس دەستگیر نەكراوە.
نڤین محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆك بە (رووداو) راگەیاند: “رۆژی ٢٥ی مانگ پاسەوانێكی ئێمە ئاگاداری كردینەوە كە چەند كەسێك شوێنەواری ئەشكەوتی هەڵامەتیان تێكداوە، دواتر لێژنەیەك سەردانی شوێنەكەی كرد و راپۆرتێكی لەو بارەیەوە ئامادە كرد، دەركەوت چەند كەسێك بەشدارییان لە دزینی شوێنەواری ئەشكەوتەكە كردووە، ئەو پارچە شوێنەوارەشی دزراوە پێیدەگوترێ‌ شوێنەواری سەنحاریب”.
زۆربەی دۆسیەكانی دزینی شوێنەوار دەچنە بەردەستی نڤین، ئەو دەڵێت كەس لەسەر دزییەكەی ئەشكەوتی هەڵامەت دەستگیر نەكراوە، بەڵام ساڵی رابردوو ١٠كەس لەسەر دزینی شوێنەوار دەستگیركراون.
بەپێی سەرچاوەكان، مێژووی دروستبوونی ئەشكەوتی هەڵامەت بۆ ٢٧٠٠ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٩٣٥ەوە لەلایەن یونسكۆوە وەكو ناوچەیەكی شوێنەواری ناسێنراوە. ئەشكەوتەكە چوار تابلۆی ئاشوورییەكانی تێدا دروستكراوە.
نڤین محەممەد ئاماژەی بەوەدا كە لەدوای سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردانی مووسڵ لەلایەن ئەو رێكخراوەوە، بازرگانیكردن بە شوێنەوار پەرەی سەندووە. نڤین دەڵێت “بەردەوام هەوڵ هەیە بۆ بردنی شوێنەوارەكانی مووسڵ بۆ دەرەوە لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ئەمەش رێگەخۆشكەر بووە بۆئەوەی خەڵكی دهۆك و بەشێك لە ئاوارەكانیش هەوڵی دزینی شوێنەوار بدەن”.
كۆڤان ئیحسان لێكۆڵەر و شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆك، ئاماژە بۆ هەوڵەكانی دزینی شوێنەوار لەماوەی سێ ساڵی رابردوو دەكات و دەڵێت: “لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەكو ئێستا هەوڵی دزین و تێكدانی ٢١٢ناوچەی شوێنەواری لە پارێزگای دهۆك دراوە كە دوایینیان شوێنەوارەكەی چیای زاوا بووە”.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆك، ٤٥٦ناوچەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، جگە لەوەش زیاتر لە ٤٠٠٠پارچە شوێنەوار لە مۆزەخانەی دهۆك پارێزراون.
دادوەر سدقی سەلیم خان، لێكۆڵەر لە دادگای دهۆك باسی سزای ئەو كەسانە دەكات كە بازرگانی بە شوێنەوار دەكەن و دەڵێت “سزای ئەو كەسانەی بازرگانی بە شوێنەوار دەكەن، یان ناوچە شوێنەوارییەكان تێكدەدەن لە سێ مانگ بۆ شەش ساڵە، بەڵام ئەوانەی كارمەندی شوێنەوار بن، سزاكەیان دووقاتە”.
ئەو دادوەرە ناسنامەی ئەو كەسانەی ئاشكرا دەكات كە بازرگانی بە شوێنەوار دەكەن و دەڵێت “ئەوانەی هەتا ئێستا لە دادگای دهۆك دادگایی كراون، زۆربەیان كوردن، بەڵام عەرەبی ئاوارەشیان تێدابووە”.

ڕووداو

تعليقات