لەگەڵ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان جوڵە کەوتەوە بازاڕەکانی کوردستان

هەندێک شوێن هەبوو بۆ نموونە زەوییەکەی هەشت هەزار دۆلار بۆ هەشت هەزار و ٥٠٠دۆلاری دەکرد، بەڵام ئێستا ١١هەزار دۆلار بۆ ١١هەزار و ٥٠٠دۆلار دەکات.
لەگەڵ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا، بازاڕی کوردستان راستەوخۆ جوڵەی تێکەوت، بازاڕی زێڕ لە هەفتەی رابردوو گەرمترە و، نرخی خانوو و زەویش گران بووە، بەگوتەی خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە: لە هەندێ ناوچەی سنووری هەولێر، نرخی خانوو و زەوی، نزیکەی سێ هەزار بۆ چوار هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.


باپیر خدر، خاوەن نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوییە لە هەولێر، دەڵێ “لە دوێنێوە لەگەڵ ئەو بڕیارەی بەڕێز عەبادی داویەتی کە فڕۆکەخانە ببێتەوە، هەندێک شوێن هەبوو بۆ نموونە زەوییەکەی هەشت هەزار دۆلار بۆ هەشت هەزار و ٥٠٠دۆلاری دەکرد، بەڵام ئێستا ١١هەزار دۆلار بۆ ١١هەزار و ٥٠٠دۆلار دەکات، واتا لە دوێنێوە نرخی زەوی سێ بۆ چوار هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە”.

جگە لە بازرگان و فرۆشیاران، کڕیارانیش بازاڕەکانیان ئاوەدان کردەووەتەوە. تەرازووە بچووکەکانی زێڕەنگران لە یەک رۆژدا قەرەبووی چەند رۆژێکی رابردوویان کردووەتەوە و، ئێستا چاوەڕێی فڕینی یەکەمین فڕۆکە دەکەن، تاوەکو زێڕی زیاتر هاوردەی بازاڕەکان بکەن.
زێڕنگرێکی هەولێر لەبارەی بڕیاری کردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بەڕووی فڕۆکەخانەکان و کاریگەریی لەسەر ئەوان دەڵێ “بەڕاستی کاریگەرییەکی باشی هەبوو بۆ ئێمە، یەکەم شت، لە یەکەم رۆژدا بازاڕی ئێمە زۆر باش گەرم بوو، جگە لەوە تێچووی گەشت بۆ ئێمە کەمدەکاتەوە و باجیش کەمدەکاتەوە، کە پێشتر بۆ هەر کیلۆییەک ٨٠٠دۆلارمان دەدا، بەڵام ئەگەر زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی خۆمانەوە هاوردە بکەین، بڕی ٢٠٠دۆلار باج دەدەین”.

حەسەن رەسول، بازرگانی جلوبەرگە، پێشتر لە مانگێکدا دووجار جلوبەرگی لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام لەگەڵ وەستانی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان، چوار مانگ جارێک گەشتی کردووە. ئێستا لیستی جۆر و مۆدێلە نوێیەکانی ئامادە دەکات، تاوەکو لە زووترین کاتدا هاوردەیان بکات.
حەسەن دەڵێ “کردنەوەی فڕۆکەخانەکان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر بوژاندنەوەی بازاڕ، بەتایبەت لەسەر تێچوو و ماندووبوونی گەشتەکەمان. ئێمە دەبوو بچینە بەغدا و لەوێوە بۆ تورکیا و بەپێچەوانەوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەکانەی هەولێرەوە بە دوو کاژێر گەشتەکەمان ئەنجامدەدەین و زووتریش کەلوپەلەکانمان بەدەست دەگات”.
پێش رووداوەکانی١٦ـی ئۆکتۆبەر، فڕۆکەکانی زیاتر لە ٣٠هێڵی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بەرەو ئاسمانی هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەوە دەفڕین، ئەو هێڵانە، هەفتانە نزیکەی ١٧٠گەشتییان ئەنجام دەدا و، ساڵانە داهاتیان نزیکەی ٤٢ملیۆن دۆلار بوو.

ڕووداو

تعليقات