چوار ئەگەر لە پشت بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوە لە سووریا.

ڕۆژنامەی “رەئی ئەلیەوم” کە ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی فەلەستینی عەبدولباری عەتوان سەرنووسەرێتی، باسی لە چوار ئەگەر کردووە لە پشت بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا.
بە گوێرەی لێکدانەوەی ڕۆژنامەکە، شەڕی داهاتووی ڕوسیا و سوریا ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات بە ئامانج دەگرێت، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرن، ترەمپ دەزانێت لە شەڕێکی وەهادا تووشی زیانێکی زۆر دەبن، ئەگەر وەکو ترەمپ بە زمانی ژمارە لێکدانەوە بۆ شەڕێکی وەها بکرێت، ئەمریکا زیانی زیاتر دەبێت.
ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەگەری یەکەم ئەوەیە، ترەمپ بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردنی جێبەجێ بکات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەگرنگیدانی زیاتر بە سیاسەتی ناوخۆ و کشانەوە لە ململانێ دەرەکییەکانەوە هەیە.
ئەگەری دووەمیش ئەوەیە، ترەمپ بەرەيەکی تری جەنگ بکاتەوە، لەوەیە دژی ئێران بجەنگێت، بۆ ئەوەش پێویستە لەسەری هێزەکانی لە سوریا و عێراق بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی لەلایەن ئێران و گروپە شیعیەکانەوە نەکرێنە ئامانج.
ئەگەری سێهەم باس لە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا دەکات، بە گوێرەی ئەم ئەگەرە، ئەمریکا هێزەکانی لە نزیک سنوورەکانی تورکیا دەکشێنێتەوە بۆ ئەوەی تورکیا لەو ناوچانە بڵاوبێتەوە و لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ڕووبەڕوو نەبێتەوە.
ڕێککەوتنی هەردوو زلهێزی ئەمریکا و ڕوسیاش یەکێکی ترە لەو ئەگەرانەی ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، کە بە گوێرەی ڕێکەوتنەکە، ئەمریکا، سوریا بۆ ڕوسیا بەجێدەهێڵێت و خۆی بۆ عێراق یەکلا دەکاتەوە.
هەروەها مەترسی ئەوەشی نیشانداوە، دۆناڵد ترەمپ و بنامین ناتانیاهو بە نیازی جێبەجێکردنی پلانێکن لە سوریا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

nrttv

تعليقات