بەشی شەشەمی مافی مرۆڤ؛ نەتەوەیەکگرتووەکان و مافی مرۆڤ:

ئێمە گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێن دەدەین نەوەکانی داهاتوو لە جەنگ و کارەساتەکانی بپاریزین، لەهەمان بواریشدا پەیمان نوێ دەکەینەوە و باوەڕبوونمان بە مافەکان و بەوەی کە پیاو و ژن و نەتەوە، بە گەورە و بچووکیانەوە، مافی یەکسان و چۆن یەکیان هەیە”.
پاش هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانی و شکستهێنانی کۆمەڵەی گەلان لە پاراستنی ئاشتیی جیهانیی و پێکهێنانی پەیوەندییەکی ئاسایی و دوور لە جەنگ لە نێوان دەوڵەتانەدا، بۆ یەکەمجار (فرانکلین د. روزفیلت)ی سەرۆکی ئەمریکا ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانی هێنا لەو ڕاگەیاندنەی کە تێیدا ٢٦ حکوومەت بەڵێنیاندا بەردەوامبن لە بەگژداچوونەوەی هێزەکانی ” میحوەر”.



کاتێک کۆنگرەی نەتەوەیکگرتووەکان کە لە (٢٥-٢٦ی نیسانی ١٩٤٥ لە سانفرانسیسکۆ بەسترا) ٥٠ دەوڵەت بەشداریان لە دانانی میساقەکەیدا کرد، ئەویش بە پێی ئەو پێشنیارانەی نوێنەرانی یەکێتی شۆرەوی و چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ئابی (١٩٤٤)دا کردبوویان. لە رۆژی (٢٦)ی حوزەیرانی (١٩٤٥)دا، هەر (٥٠) دەوڵەتەکە و پۆڵەندا، کە نوێنەری لە کۆنگرەی دامەزراندندا نەبوو، واژۆیانکرد، بەو پێیە بوونە (٥١) دەوڵەت…
قەوارەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٤ی تشرینی یەکەمی(١٩٤٥) بە ڕەسمی ناسرا، ئەویش دوای ئەوەی هەریەک لە ” یەکێتی شۆرەوی و چین و فەڕنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتەکانی تریش واژۆی خۆیان لەسەردانا..
لە پێشەکی بڕوانامەکەیدا کە بە دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان دەناسرێت هاتووە:” ئێمە گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێن دەدەین نەوەکانی داهاتوو لە جەنگ و کارەساتەکانی بپاریزین، لەهەمان بواریشدا پەیمان نوێ دەکەینەوە و باوەڕبوونمان بە مافەکان و بەوەی کە پیاو و ژن و نەتەوە، بە گەورە و بچووکیانەوە، مافی یەکسان و چۆن یەکیان هەیە”.



ساڵانەش لە (٢٤)ی تشرینی یەکەمدا، بەو بۆنەیەوە لە هەموو دونیادا ئاهەنگ سازدەکرێ، ئێستا ژمارەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە(١٩١) دەوڵەت.
ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لەپاڵ چەندین ئامانجی خۆیدا، دوو ئامانجی سەرەکی هەیە:
١- ئاشتییەک، لەسەر بنەمای یەکسانی نێوان گەلان و مافی چارەنووسیان بنیات بنرێ.
٢-بێ جیاوازیکردنی” ڕەگەز، زمان، ئایین، ڕەنگ یان نەتەوە، مافی مرۆڤ بچەسپێنرێ.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە (١٩٤٨/١٢/١٠)دا، جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤی، لە (٣٠) بەنددا ڕاگەیاند، کە ئەم مافانەی لەخۆ گرتبوو:( مافی ژیان، سەربەستی، سەلامەتی کەسێتی، یەکسانی لەبەردەم یاسا، دوورکەوتنەوە لە گرتنی هەڕەمەکیانە، دادگاییکردنی ئاشکرا، ئازادی هاتوچۆکردن، مافی پەنابردنە بەر هەر وڵاتێک، مافی ڕەگەزنامە، هاوسەرێتی، مۆڵکداری، مافی ڕادەربڕین، بەشداربوون لە بەڕیوەبردنی وڵات، ئازادی دەنگدان و خۆپاڵاوتن).



ساڵی (١٩٤٩)لەشاری ژنێف ڕیککەوتننامەیەکی تایبەت بە چۆنیەتی پاراستنی مافی مرۆڤ لەکاتی جەنگدا واژۆکرا کە گرنگترین خاڵەکانی بریتی بوون لە پارێزگاریکردنی ” برینداری شەڕ، دیل، شوێنە پیرۆزەکان و شوێنە مەدەنییەکان، ئەم خاڵانە پاش دەستکاریکردنی ڕێکەوتننامەی(لاهای)ی ساڵی(١٨٩٩)هات، کە بەندە بە پارێزگاریکردنی مافی مرۆڤ، لەکاتی شەڕۆشۆڕدا و باس لە پارێزگاریکردنی دیل و زامداران دەکات.
دواتریش لە ساڵی(١٩٥٥-١٩٦٦)، ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لێکۆڵینەوەی تێرۆتەسەلیان لەمەڕ مافە مەدنی و سیاسی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکان کرد، تا لە ١٩٦٦/١٢/١٦ دوو ڕێکەوتننامەی جیاواز و پرۆتۆکۆلێکی ئارەزوومەندانەیان ڕاگەیاند، ڕێکەوتننامەی یەکەم تایبەتە بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان و لە (٥٣) بەند پێکهاتووە و (١٢٤) دەوڵەت واژۆیان کردووە و پایبەندێتی خۆشیان پێوەی ڕاگەیاندووە… ئەم ڕێکەوتننامەیە بانگهێشتی وڵاتان دەکات بۆ دانانی ڕێوەشوێنی گونجاو لە پێناو پاراستنی ئەو کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزییانەی، لە چوارچێوەی وڵاتەکانیاندا دەژین. بەپێی چەند بەندێکی ڕێککەوتننامەکە، نەتەوەیەکگرتووەکان” کۆمەیتەی مافی مرۆڤ”ی بۆ چاودێری و جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکە پێکهێناوە و وەرگرتنی سکاڵای هاوڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەی کە ڕێکەوتننامەکە و پڕۆتۆکۆلە ئیختیارییەکەیان واژۆکردووە، پیسپێردراوە..



دووەم ڕێکەوتننامە، تایبەتە بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەکان، لە دیباجەیەک و(٣١) بەند پێکهاتووە، کە باس لە (مافی کارکردن و ئاستی باشی گوزەران، دادوەری لە دەستکەوتنی کاردا، مافی خێزان و منداڵ لە رووی پاراستن و پەروەردە و فێکردن…هتد) دەکات.
نەتەوەیەکگرتووەکان دەستەبەرکردن بەجێهێنانی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی، وەک ئامانجێکی سەرەکی دیاریکردووە. وڵاتان بە دەستەبەرکردن و پاراستنیانەوە، پایبەند دەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین دەزگای تایبەتی بۆ بەرێوەبردنی کاروبارەکانی هەیە، کە بریتین لە:
ئەلف: ئەنجومەنی ئاسایش.
بە: کۆمەڵەی گشتیی.
جیم: ئەنجومەنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی.
هە: دادگای دادی نیوەدەوڵەتی.
زێ: ڕێکخراوی کاری نێودوڵەتی.
دال: ئەنجومەنی ڕاسپاردەکان(مجلس الوصایا).
کە کۆمەڵێک لیژنەیان هەیە، بریتین لە:
لیژنەی گەشەپێدانی بەردەوام، لیژنەی مافی مرۆڤ، لیژنەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، لیژنەی پێگەیاندنی ژنان، لیژنەی نەهێشتنی تاوان و دادپەروەریی جیهانیی، لیژنەی زانستی و تەکنەلۆژیا و لیژنەی کۆمەڵە مرۆییەکان.
بۆ چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ نەتەوە یەکگرتووەکان بە چەند ئاراستەیەک کاردەکات:
یەکەم: بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندن و بنەما و ڕاسپاردەکانی مافی مرۆڤ بۆ نموونە:
* جاڕی جیهانی مافی مرۆڤ(١٩٤٨).
* ڕاگەیاندنی مافی منداڵ(١٩٥٩).
* ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدان بە گەلان(١٩٦٠).
* ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لەناوبردنی جیاوازیکردن(١٩٦٣).
* ڕاگەیاندنی لەناوبردنی جیاوازیکردن دژی ژن(١٩٦٧).
* ڕاگەیاندنی لەناوبردنی برسێتی(١٩٧٤).
* ڕاگەیاندنی مافی گەشەکردن(١٩٨٦).
* ڕاگەیاندنی پاراستنی کەمینەکان(١٩٩٢).
* ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نێوەدەوڵەتی بۆ لەناوبردنی تۆندڕەویی و جیاوازیکردن(٢٠٠١).
دووەم:
داڕشتن و پەسەندکردنی چەندین پەیماننامە و ڕێکەوتننامەی نێوەدەوڵەتی بواری مافی مرۆڤ، کە وڵاتان دەبێت بە واژۆ و پەسەندکردنیان لەناو دەستوور و یاساکانیاندا شوێنیان بکەنەوە، لەوانە:
* ڕێکەوتننامەی لەناوبردنی کۆمەڵکوژی (١٩٤٨).
* ڕێکەوتننامەی ژنێف(١٩٤٩).
* ڕێکەوتننامەی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ(١٩٤٩).
* ڕیکەوتننامەی مافی سیاسی ژن(١٩٥٢).
* ڕێکەوتننامەی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان(١٩٦٦).
* ڕێکەوتننامەی مافی ئابووریی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان(١٩٦٦).
لە ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەیی بواری مافی مرۆڤدا، گەشەکردنێکی بەرچاوی هەیە، چەندین پەیماننامەی هەرێمایەتی و کێشەوری کاردەکەن بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی مافی مرۆڤ، وەک: هەردوو ڕێکەوتننامەی ئەورووپا و ئەمریکا بۆ مافی مرۆڤ.
نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕێکخراوێکی نێوەدەوڵەتی ڕۆڵی گەورەی لە بە نێوەدەڵەتیکردنی مافەکانی مرۆڤ هەبوو، لە ڕێگەی ڕێکخستن و ئامادەکردنی ڕێکەوتننامە نێوەدەوڵەتیەکانی تایبەت بەم بوارە و پێکهێنانی دەزگای تایبەت بە چاودێریکردنی مافی مرۆڤ لە گشت ناوچەکانی جیهاندا.
سێیەم:



سەرپەرشتی کردنی هێزی ئاشتی پارێز و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکان لە کاتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا:
پاش ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە بواری پەیوەندییە نێوەدەڵەتییەکاندا هاتە کایەوە نەتەوە یەکگرتووەکان توانی سەرکەوتووانە سەرپەرشتی هێزی ئاشتی پارێز بکات لە چەندین دەوڵەتی جیادا بە مەبەستی نەهێشتنی جەنگ و پاراستنی خەڵکانی مەدەنی لە دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافەکانیان، هەروەها لە کاتی پێشێلکردنی ترسناکی مافەکانی مرۆڤ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەی بە خۆی داوە کە دەست وەربدات لە کاروباری ناوخۆی دوڵەتان تەنانەت ئەگەر پێویستیشی کرد هێز بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان، وەک بڕیاری (٦٨٨)ی دژە فڕینی فڕۆکەی حکوومەتی بەعسی عێراق بە سەر باشووری کوردستان لە ساڵی (١٩٩١) .

تعليقات