پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و كه‌ركووك ده‌جوڵێت”

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌، بارودۆخی ئه‌منی كه‌ركووك به‌هۆی چالاكییه‌كانی رێكخراوی داعش و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی، سه‌قامگیر نییه‌.
رۆژنامه‌ی “قودسی عه‌ره‌بی” له‌ ئه‌فسه‌رێكی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی گواستووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: “ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌ ناسه‌قامگیره‌ له‌ كه‌ركووك به‌رده‌وام بێت كه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی هێزه‌كانی عێراق بۆ ناوچه‌كه‌ درووستبووه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ست به‌ جووڵه‌ ده‌كات”.
ئه‌حمه‌د سلێڤانی، ئه‌فسه‌ری پێشمه‌رگه‌ به‌ رۆژنامه‌كه‌ی گوتووه‌: “كاتێك شاره‌كه‌ له‌ژیر كۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا بوو، بارودۆخی ئه‌منی سه‌قامگیر بووه‌و كێشه‌ی ئه‌منی بۆ درووست نه‌بووه‌، به‌ڵكو ره‌وشی پارێزگاكه‌ به‌راورد به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی عێراقن زۆر باشتر بووه‌”.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: “زۆری گرووپه‌كان و ناپیشه‌ییبوونی حه‌شدی شه‌عبی، هۆكاری سه‌ره‌كی تێكچوونی ره‌وشی ئه‌منی ناوچه‌كه‌یه‌، ئه‌و هێرش و تاڵانییه‌ی حه‌شد به‌رامبه‌ر ماڵی هاووڵاتیانش كردیان به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌”.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت: “هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی ته‌واودایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ شاره‌كه‌ بكات كه‌ به‌شێكه‌ له‌ كوردستان”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، رێگه‌ به‌ چه‌كدارانی داعش ناده‌ین ره‌وشی كه‌ركووك تێكبدات و شاره‌زایی ته‌واومان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان هه‌یه‌ و له‌ مووسڵ و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ شه‌ڕمان له‌گه‌ڵدا كردوون”.
به‌گوێره‌ی قسه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، هێزه‌كانی عێراق له‌ رووی پیشه‌ییه‌وه‌ هه‌ژارن و زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌كانیان په‌یڕه‌وی له‌ بڕیاری حزب و ره‌وته‌ تائیفییه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ سیستمی به‌رگری ئه‌منی عێراق به‌ده‌ست ناسه‌قامگیری و نه‌بوونی توانای پێویسته‌وه‌ بناڵێنێ.
قسه‌كانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ كاتێكدایه‌، جه‌مال ئیمنكی، سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31/3/2018 رایگه‌یاندووه‌: “هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش پێشنیازێكیان له‌باره‌ی سه‌رله‌نوێ بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان خستووه‌ته‌ به‌رده‌ستمان، به‌ڵام تا ئێستا له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی عێراق هیچ گفتوگۆ و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌كراوه‌”.
دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، ره‌وشی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری تێكچوو، بةڵام ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش و كوشتن و رفاندنی ئه‌ندامانی ھێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق و خه‌ڵكی سڤیل. دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ زیاتر رووی له‌ خراپی و ناسه‌قامگیری كردووه‌.
kurdistan24

Comments