کورد چۆن خۆی دوور بخاتەوە لە پاڵپشتیە درۆینەکانی ڕووسیا؟

    کورد دەبێ وڵاتی ڕووسیا شەرمەزار و ڕیسوا بکات لەمەڕ ئەو خیانەتانەی کە لە حەق گەلی کورددا کردوویەتی لە سەردەمی قازی محممەدەوە تاکوو پێکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا بۆ داگیر کردنی شاری عەفرین.

شتێکی سەرسووڕهێنەر نییە ڕووسیا فڕۆکەیەکی بەدەست تورکیا بخرێتە خوارەوە و بەرپرسێکی بالیوزخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا بە دەست پولیسێکی تورک بکوژرێت و هێشتا لەبەر بەرژەوەندی ئابووری دەست لە دۆستایەتی درۆینەی خۆی بەرنەدات و کورد بە دەست دوژمنە دراوسێیەکانی قەلەملار نەکات.

بە دوور کەوتنەوەی تورکیا لە بەرەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەرووپا، ڕووسیا دەیەوێ پێوەندی بازرگانی و دیپلۆماتی خۆی لە گەڵ تورکیا بگەینێتە ئاستێکی بەرز و بەرچاو، هەروەها دەیەوێت بەرەیەکی بە هێز لە وڵاتانی چین و ڕووسیا و ئێران و کۆریای باکوور و….هتد، بە بەشداری تورکیا دروست بکات بۆ بەرنگاربوونەوەی هەژموونی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپای لە ئاسیا.
کورد بەس ئامرازێکی ئاسای دەستی زلهێزەکانە و هیچ بەرژەوەندییەکی ئەوتۆی نییە تاکوو ڕووسیا و وڵاتانی زلهێز پشتیوانی لێبکەن، تا ئەو کاتەی کە ئیشیان پێ بێت بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و هەر کاتێکیش کێشەیەکیان لە گەڵ ئێران و عێراق و سووریا و تورکیا دا هەبێت بۆ بە گژدا چوونەوەی ئەم چورا وڵاتە دەستکردە کەڵکمان لێ وەردەگرن، بەرپرسانی وڵاتی ڕووسیا دایم دووپاتی دەکەنەوە کە کورد چی هەیە تاکوو ئێمە و ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی دیکە پالثشتی بکەین؟ بۆیە ڕووسەکان دایم ئەم قسەیە دووپات دەکەنەوە و دەڵێن: ئەمریکا خەڵەتاوە و هەڵەی کردووە دڵی بە هێزە کوردیەکان خۆش کردووە!چۆن کورد ئەو هێزە نییە کە ئەمریکا دڵی پێ خۆش دەکات.

دەبێ ئێمەی کورد چ بکەین تاکوو ببین بە هێزێکی کاریگەر و بەرچاو تاکوو زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕێزمان لێبگرن و پشتمان چۆل نەکەن؟
یەکەم: لۆبییەکی باشمان هەبێت لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کاریگەری باش و گەورەیان هەیە لە ئاسیا، ئەم کارەش بە پارە و داهاتێکی گەورە دەکرێت.
دووهەم: باری دیپلۆماسی و پێوەندی خۆمان لەو وڵاتانەی کە باسمان کرد بگەینینە ئاستیکی بەرز و بەرچاو.
سێهەم: هۆشیاری و نەتەوەپەرەستی و خۆشەویستی خاک لەسەرەوەی هەموو کردارەکانی ڕۆژانەمانەوە بێت.
چوارەم: با ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵ و وەبەرهێنانی خۆماڵی و….هتدی خۆمان هەبێت.
پێنجەم: ڕێگە چارەیەکی باشمان هەبیت بۆ دروستکردنی یەکڕێزی زمان و کلتوور و مێژوو و…هتدی کوردی.
شەشەم: ڕێز لە هەموو بیرو باوەڕ و زاراوە و ناوچە و داب و نەریت و….هتدی کوردەواری خۆمان بێ جیاوازی بگرین.
حەفتەم: ئەرتەشێک یان هێزێکی تۆکمەی یەکگرتووی بەهێز دروست بکەین بۆ ڕۆژێک کە بەرنگاری دۆژمنانی کورد بینەوە.
هەشتەم: هێزێکی سایبێری و هاککەری و ئینتەرنەتی مان هەبێت بۆ هێرشکردنە سەر دامودەزگای ئەو چوار وڵاتە داگیرکەرەی
دراوسێمان لە کاتی هێرشکردنە سەر خاکی کوردستانا.
نۆیەم: لەباری پاراستن و هەواڵگێری و گواستنەوەی هەواڵ و زانینی پیلانی دوژمنانی کورد با کاریگەری باش و تۆکمەمان هەبێت پێش ئەوەی دوژمن دەستبکات بە هێرش کردن و پیلانگێڕی دژ بە گەلی کورد.
دەیەم: دەبێ نەوەی نوێمان لە قوتابخانە و لەسەر مێدیا و ڕۆژنامەکان و….هتد، فێری خۆشەویستی وڵات و زمان و کلتوور و مێژوو و…هتدی کوردی بکەین تاکوو سبەی بتوانن دونیا لە داخوازیەکانی کورد تێبگەینن و نەهامەتی کورد و کۆمەڵکوژ کردنی گەلەکەمان و نەبوونی وڵاتێک بۆ ئەم نەتەوە ٦٠ ملیۆنە بگەینینە دونیا و سنوورێک بۆ ئەو چوار وڵاتە دەستکردە دابنێین و دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا بنێن.

یازدە: پشت لەە وڵاتانەی بکەین کە لە ڕۆژانی تەنگانە بە هانامانەوە نایەن و ئێمە وەک ئامرازێک دەبینن و ئیشەکانی خۆیان بە ئێمە جێ بەجێ دەکەن، بیاندەینە بەر ڕەخنە و دژ بەوان خۆپیشاندانیانێکی بەرچاو بکەین و ڕیسوایان بکەین.
دووازدەهەم: لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لە سەر مێدیا و کۆڕوکۆبوونەوە گشتیەکانمان یەک قسە و یەک وتار و یەک هەڵوێست بین و نەهامەتیەکانی خۆمان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و زانایانە بخەینە بەر چاوی دونیا و ئەو کەسانەی کە پاڵپشتی مافی مرۆڤ و وڵاتانی بێ نەتەوە و لێقەوماو دەکەن.

تعليقات