“ئه‌ردۆغان و داعش دوو رووی یه‌ك دراون و ده‌بێت به‌ھێز رابگیرێت”

په‌رله‌مانتارێكی ده‌وڵه‌تی یاسا كه‌ نووری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ده‌ڵێت: “ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا جگه‌ له‌ لۆژیكی هێز له‌ هیچی دیكه‌ تێناگات” و داوا ده‌كا‌ت خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ سنووری خۆیدا بوه‌ستێنرێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٧/٠٣/٢٠١٨ مه‌نسوور ئه‌لبعێجی، په‌رله‌مانتار له‌ هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌: “پێویسته‌ به‌ هێز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هێزێكی توركیا بكرێت و وه‌ك هێزی داگیركه‌ر ته‌ماشا بكرێن، چونكه‌ مه‌ترسییان له‌ چه‌ته‌كانی داعشی تیرۆریست كه‌متر نییه‌ و ده‌بێت ئه‌ردۆغان  تێبگات كه‌ عێراق لاواز نییه‌ و ده‌توانێت زه‌وی و ئاسمانی خۆی له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی دوژمنكارانه‌ بپارێزێت”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داوا ده‌كات هێزه‌كانی توركیا له‌ خاكی عێراق ده‌ربكرێن و حكومه‌تی عێراق وه‌ك داگیركه‌ر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی توركیا بكات و ئیتر نابێت له‌ خاكی عێراقدا بمێننه‌وه‌و دوای ئه‌مڕۆ ده‌بێت ئه‌ردۆغان باش تێبگات هه‌ر هه‌وڵێك بۆ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق رێگه‌ پێدراو نییه‌ و به‌رگری له‌ وڵاتی خۆمان ده‌كه‌ین وه‌ك چۆن له‌ ده‌ست داعشی تیرۆریست رزگارمان كرد. چونكه‌ داعش و ئه‌ردۆغان دوو رووی یه‌ك دراون”.
ئه‌لبعێجی داوای له‌ حكومه‌تی عێراق كردووه‌، هاوشێوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركی بكات و  له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان ده‌ست له‌ رێگه‌ی دیپلۆماسی هه‌ڵبگرێت، چونكه‌ ئه‌و ته‌نها له‌ لۆژیكی هێز تێده‌گات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ خه‌ونی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ خه‌ونه‌كانی سه‌رۆكی توركیا جیانابێته‌وه‌و هه‌وڵده‌دات هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا و ئه‌و بارودۆخه‌ تایبه‌ته‌ی ئێستا بقۆزێته‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ پێیدا تێپه‌ر ده‌بێت. ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای توركیاوه‌ ئه‌مری واقیع به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا بسه‌پێنی.
ده‌وڵه‌تی یاسا به‌رامبه‌ر بڕیاری ھێرشكردنه‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ شەنگال به‌توندی هاتوونه‌ته‌ سه‌ر هێڵ و ته‌نانه‌ت گوته‌بێژی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ داوای پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا ده‌كات كه‌ ساڵانه‌ ده‌گاته‌ ١٢ ملیار و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، هه‌مووی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركیادایه‌.
عه‌باس موسه‌وی، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌وباره‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه‌و ده‌ڵێت: “ئه‌نجامدانی هه‌ر ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی توركیا له‌ عێراق، دوژمنكاری و داگیركارییه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و دژی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كین، چونكه‌ سه‌روه‌ری عێراق هێڵی سووره‌ و نابێت ده‌ستی بۆ ببرێت، ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات دژی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پره‌نسیپه‌كانی دراوسییه‌تی باشه‌”.
گوته‌بێژه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا ئه‌ردۆغان تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت: “هیشتا ئه‌ردۆغان خه‌ون به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و پاوانخوازی له‌ عێراق و سووریا ده‌بینێت”.
مووسه‌وی داوای له‌ حكومه‌تی عێراق كردووه‌، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توركیا په‌نا بۆ كارتی بازرگانی ببات كه‌ له‌نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا ساڵانه‌ ده‌گاته‌ ١٢ ملیار دۆلار و هه‌مووی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركیایه‌، چونكه‌ عێراق بووه‌ته‌ بازاڕێكی گه‌وره‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵای توركی.
له‌ نوێترین پێشهاتی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان “په‌كه‌‌كه‌” له‌ ناوچه‌كانی شەنگال، په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆیان كردووه‌.
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا رایگه‌یاندووه‌: “توركیا به‌بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، هیچ ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی ئه‌نجام ناده‌ین”.
بینالی یڵدرم، سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه‌و ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌نقه‌ره‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر شەنگال ئه‌نجام نادات”.
یڵدرم ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی دژی په‌كه‌كه‌ له‌ناو خاكی عێراقدا، له‌نێوان هه‌ر دوو حكومه‌ت رێككه‌وتن هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ گوتراوه‌ به‌ وردی نه‌گوازراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بڵێن، به‌بێ ره‌زامه‌ندی و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق هیچ ئۆپراسیۆنێك ئه‌نجام ناده‌ین و سه‌روه‌ری عێراق پێشێل ناكه‌ین”.
له‌م بارەوە عه‌بادی گوتوویه‌تی: “كاتێك سه‌ردانی مووسڵم كردووه‌ داوام له‌ هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان كردووه‌ كۆنترۆڵی ته‌واوی سنووره‌كان بكه‌ن و رێگه‌نه‌ده‌ن “چه‌كداره‌ بیانییه‌كان”  سنوور ببه‌زێنن و له‌ خاكی “عێراقه‌وه‌” په‌لاماری توركیا بده‌ن و ئێمه‌ دژی هه‌ر كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ین”.
په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان هه‌ر دوو سه‌رۆكوه‌زیرانیش له‌ كاتێكدایه‌، پێش دوو رۆژ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند: “ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ شەنگال ده‌ستیپێكردووه‌” به‌ڵام فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق و په‌كه‌كه‌ ره‌تیانكرده‌وه‌ سوپای توركیا هیچ جووڵه‌یه‌كی به‌ ئاراسته‌ی ناوچه‌كه‌ كردبێت.



کوردستان٢٤

Comments