بەشی چوارەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ کیمیابارانی هەڵەبجە و شار و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان:

 بەشی چوارەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ کیمیابارانی هەڵەبجە و شار و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان:


(عەلی حەسەن ئەلمەجید) ناسراو بە ” عەلی کیمیاوی”: بەچەکی کیمیاوی هەموویان(کوردەکان) دەکوژم، کێ بەنیازە قسە بکات؟ هەرچییەک دەڵێن با بیڵێن! کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوانەش کە گوێ لەوانە دەگرن.

ناوچە کیمیا بارانکراوەکانی هەرێمی کوردستان وەک لە بەشەکانی پێشتر باسمانکرد، لە دوای لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراقی دەستکردی عەرەبییەوە، کێشەی کوردی تێکەڵ بە هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق کرد.

بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق، کێشەی کورد بووە بە مەترسی و بەردەوام ڕژێمە عێراقییەکانی نیگەران کردووە.

بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە، هیچکام لە ڕژێمەکانی عێراق نەیانتوانیوە ڕێگا چارەیەکی دروست بدۆزنەوە و دانیشتوانی عێراق لە مەترسی دوور بخەنەوە، تەنیا زمانی چەک بەکارهاتووە بۆ چارەسەکردنی کێشەکە، چونکە بە بڕوای سەرانی ڕژێمەکان، کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە نیشتمانی عەرەبی، گەلی کوردیش بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب، کە گەلی عێراق بەشێکە لەم چوارچێوەیە.

هەر لەم ڕوانگەیە بوو، سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی کورد سەرەتا بە عەرەبکردن و ڕاگواستن دەستیپێکرد، تا گەیشتە ئەو تاوانە گەورەیەی کە چەکی کۆمەڵکوژ و کیمیاوی قەدەغەکراوی نێوەدەوڵەتی بەکار هێندرا.

لە درێژەی پێدانی سیاسەتی ڕاگواستن لە ساڵی ١٩٨٧ی.ز، گوندەکانی سەر بە چەمچەماڵ و کۆیە و قەڵادزێ و ناوچەی سلێمانی ناچارکران گوندەکانیان بەجێبێڵن، دیارە ئەم کارەش ناڕەزایی خەڵکەکەی لێکەوتەوە، بۆیە ڕژێم لە نیسانی ساڵی ١٩٨٧ی.ز بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەریان.

بریندارانی ئەم هێرشە کە ڕوویان لە نەخۆشخانەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم دەکرد بۆ چارەسەرکردنی برینەکانیان، دەرگایان بەڕوو دادەخرا و چارەسەکردنیان قەدەغە بوو.

یەکەم هێرشی کیمیاوی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان لە کوردستان لە ١٥ی نیسانی ساڵی ١٩٨٧ی.ز بە هۆی فڕۆکە جەنگییەکان دەستیپێکرد، بۆ سەر ناوچەکانی سۆران و ڕەواندز و دووکان و سەرچنار و گوندەکانی مەرگە و پشدەر، هێرشەکان بە گازی ژەهراوی بەردەام بوو تا ٢١ی نیسانی ساڵی ١٩٨٧ی.ز، هەر لەم هێرشانە گوندێکی زۆری ناوچەکانی خۆشناوەتی و دوڵی بالیسان و دەورووبەری سلێمانی و قەرەداغ بەرکەوتن.

لە پارێزگای دهۆکیش هەندێک گوندی سەر بە شارۆچکەی ئەتروش و باکرمان کیمیاباران کران.

لە ٢٤ی مایسی ساڵی ١٩٨٧ی.ز هێرشی ئاسمانی بە چەکی کیمیاوی کرایە سەر دەرووبەری شاری کەرکووک کە تەنیا ٢٠کم لە شارەکە دووربوو، وەک (گورگان و تۆمار).

لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٧ی.ز بە دوواوە گەورەترین هێرشی کیمیاوی کرایە سەر دۆڵی جافایەتی کە دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و قەڵادزێ، لە ٣ی ئەیلوول پتر لە ٣٠ گوندی ئەم ناوچەیە بە گازی کیمیاوی تۆپباران کران، هەندێکیان بۆجاری دەووەم و سێیەم بوو.

لە ٦ی ئەیلوول دەورووبەری شارۆچکەکانی شەقڵاوە و کۆیە، بەدرێژایی چیای سەفین کیمیاباران کران، بەتایبەتی ناوچەی هیران و نازەنین، بۆ چەند جارێک.

لە ١٧ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٧ی.ز فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێم بە چەکی کیمیاوی هێرشیان کردە سەر ناوچەی بادینان، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگە زۆرە ملێیانەی کە کورد و ئاشووری تێدابوو، لە نزیک سنووری باکووری کوردستان، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی خەڵکی دهۆک و ئەتروش و ئەڵقوش بوون، کە لە ترسی ڕژێم ڕایانکردبوو، ئەو خەڵکە هەڵاتووە کە لە سنوورەکانی باکووری کوردستان گیرسابوونەوە، حکوومەتی تورکیای داگیرکەر بە هیچ جۆرێک ڕێگای نەدا بپەڕنەوە ناو باکووری کوردستان، هەڕەشەی کردبوو ئەوەی سنوور ببەزێنێت ڕادەستی حکوومەتی عێراقی دەکاتەوە، بەتایبەتی دانیشتوانی کۆمەڵگەی زۆرەملێی(گوندی کانی).

ڕژێم جارێکی تر لە مانگەکانی (١٢،١١،١٠)ی ساڵی ۱۹٨۷ی.ز سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی کیمیابارانکرد، بە بەردەوامی خۆی لەو دەنگۆیانە دەپاراست، کە باسی لە کیمیابارانکردنی ناوچە کوردییەکان دەکرد.

سەرژمێرییەک لە(کۆمەڵەی گەلانی هەڕەشە لێکراو) باسی ئەوەیان کردووە، کە ڕژێمی عێراق لە مانگی نیسان تا تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧ی.ز پتر لە (٢٠٠) دووسەد گوندی لە باشووری کوردستان بە چەکی کیمیاوی تۆپباران کردووە، پتر لە (٥٦٠) پێنج سەدوشەست کەس بوونە قوربانی چەکی کیمیاوی، کە شوێنەواری لەسەر جەستەیان دیار بووە.

لە ١٦ی نیسانی ساڵی ١٩٨٧ی.ز، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق سەدەها بۆمبی کیمیاویان بە سەر گوندەکانی (شێخ وەسانان و بالیسان و کانی بورد و توتمە و زینێ و بێراو و بالوکاوە) داباراند، هەر لە هەمان ڕۆژدا زنجیرە چیاکانی هەریر و کاروخ…هتد، بە فڕۆکە کیمیابارانکرا، سەدان قوربانی و بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە، زۆرترین قوربانی بەر گوندی شێخ وەسانان کەوت، کە هیچ کەسێکیان بە سەلامەتی لەم هێرشەدا دەرنەچوون.

رۆژبەڕۆژ بەکارهێنانی ئەم چەکە ترسناکە تا دەهات لە زیادبوون دابوو، لە قۆناغەکانی ئەنفال گەیشتە لووتکەی بەکارهێنان، ڕژێم بە بێ سڵکردنەوە هەر بەرگرییەک یا کۆسپێک لە شوێنێک بهاتبایاتە پێشیان سوپای ڕژێم بە چەکی کیمیاوی چارەسەری دەکرد، هۆیەکەشی بۆ بێدەنگی کۆمەڵگەی نێوەدەڵەتی و بێکەسی گەلی کورد و گۆشەگیری لە ناوچەیەکی دابڕاودا دەگەڕێتەوە.

کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە:

بەهۆی ستراتیژیەتی شوێنی جوگرافی شارەکە، کە هاوسنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ڕێگایەکی بازرگانییە و مێژووی دوور و درێژی بەرهەڵسکارانەی دژ بە ڕژێمی بەعس هەبوو، گەواهی خۆڕاگری و لە خۆبوردەی دانیشتووانەکەی بووە هۆی ئەم هۆکارانە کە وا لە ڕژێمی بەعس بکات، چاوی زیاتر بخاتە سەر دانیشتوانی ئەم ناوچەیە.

هەڵەبجە بە لایەنگری نەیارانی ڕژێم ئەژمار دەکرا، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨ی.ز، کە هێزی پێشمەرگە توانیان شارەکە و دەورووبەری لە دەست ڕژێم دەربێنن، بۆ ڕژێم بووە بەهانە بۆ درێژە پێدانی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی کورد، هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ناوچەکە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشی پێشمەرگەی کوردستان، لەم شاڵاوەدا زۆر لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان وێرانکرا، یەکێک لەم شارانە هەڵەبجە بوو.

شایانی باسە شاڵاوی کیمیاباران بۆ سەر هەڵەبجە، بەشێک نەبوو لە زنجیرە شاڵاوەکانی(ئەنفال) بۆ لەناوبردنی کورد.

لە شەوی (١٥تاکوو١٦ی ٣ی ١٩٨٨ی.ز) بۆردوومانی تۆپ و کاتیۆشای دوورهاوێژ بۆ ناوشار دەستیپێکرد، خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژانی پێشووتر شاریان جێهێشتبوو، چووبوونە دەرەوەی شار.

سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ی.ز حەوت فڕۆکەی جەنگی هاتنە سەر شارەکە، بە مووشەک و ناپاڵم شارەکەیان بۆردوومان کرد، کە ژمارەیەک خەڵک کوژران و خانووبەرەیەکی زۆریش وێرانکرا، لەو کاتە ئیتر هەستکرا کە دوژمن نیازی خراپی هەیە، بۆیە داوا لە دانیشتوانەکەی کرا شار چوڵ بکەن، بەڵام خەڵکێکی زۆر لەو شارە مانەوە، لەترسی بۆمبارانکردن لە ژێر زەمینی خانووەکانیان خۆیان حەشاردابوو.

ئەو بۆمبانەی کە لە کاتژمێر یازدە، شاری پێ بۆمباران دەکرا چەکی کوشندەی تێکەڵاوبوو لە بۆمبی گەورەی ئاسای ناپاڵم و کیمیاوی بوو، بۆیە بڕیاردرا تا شەو دادێت ئینجا خەڵکەکەی ڕەو بکەن، بەڵام فڕۆکەکانی ڕژێم بەردەوام بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕانەوە و دەرفەتیان نەدەدا خەڵکەکە خۆیان ڕزگار بکەن.

چڕترین بۆردوومانی کیمیاباران کاتژمێر(٠٥:٢٠)ی ئێوارەی ١٦ی ئادار دەستی پێکرد، تا سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٧ی ئادار. (١٤) جار فڕۆکەکان بە بەردەوامی بۆردوومانی شارەکەیان دەکرد.

سەرئەنجام ئەم بۆردوومانە چرە دڕندانەیە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە (٥٠٠٠) پێنج هەزار کەس، لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر، هەروەها برینداربوونی زیاتر لە (١٠) هەزار کەس و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکانی تری وەک: سلێمانی و دەرووبەری و کاولکردنی شارەکە بە تەواوەتی و کوشتن و قڕکردنی هەرچی پەلەوەر و مەڕوماڵاتی ناوچەکەیە.

ئەم هێرشە کە لە ناوەڕاستی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ی.ز بە چەکی کیمیاوی لە لایەن سوپای عێراقەوە کرایە سەر هاووڵاتیانی کورد، ئەمجارە نەک هێرشێکی گازی کوشندە و ژەهراوی و مەترسیدا بوو دژی گەلی کورد، بەڵکوو گەورەترین هێرش بوو بە گازی ژەهراوی لە دوای جەنگی یەکەمیی جیهانییەوە ئەنجامدرابێ.








تعليقات