بەشی سی و حەفتەمی ئەدەب؛ بەرەو چەسپاندن لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ):

هەر لەو ساڵانەدا ڕۆژنامەی (کوردستان) لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) لە لایەن (سوڕەیا بەدرخان) دەرکراوەتەوە.


لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە شاری (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ)ی پایتەختی دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی چەند ڕێکخراوێکی ئازادی خوازانە کەوتنە جموجۆڵ و تێکۆشان بۆ بڵاوکردنەوەی بیری ئازادی، بۆ ئەم مەبەستە دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک، لەوانە کۆمەڵەی (تەعالی و تەرەقی کوردی) و کۆمەڵەی ((هێڤی))ی کوردی کە لە کوردە ڕۆشنبیرەکانی دیاربەکر و وان و سلێمانی و هەولێر و کەرکووک و مەهاباد و … هتد، پێکهاتبوو کە بە گیانێکی نەتەوەیی کەوتنە دەرکردنی چەند گۆڤار و ڕۆژنامەیەک بە زمانی شیڕینی کوردی.
کۆمەڵەی (هێڤی) لە ساڵی ١٩١٣ چوار ژمارەی لە گۆڤاری (ڕۆژی کورد) دەرکرد کە بەرگی هەر یەک لە ژمارەکانی بە وێنەی پیاوێکی ناوداری کورد ڕازاندبووەوە.
ئەم گۆڤارە لەلایەن (عەبدولکەریم ئەفەندی) خەڵکی سلێمانی بڵاو کراوەتەوە، گوتارەکانی ئەم گۆڤارە بە هەردوو شێوەی کرمانجی ژووروو و کرمانجی خواروو بڵاو کراوەتەوە، ئەم گۆڤارە کە بە یەکەمین گۆڤاری کوردی دادەنرێت یەکەم چیرۆکی کوردی بە ناوی (شەویش) بڵاو کردووتەوە کە بەشێکی لە ژمارە (٢) و بەشەکەی تری لە ژمارە (٣) بەناوی نووسەر (فوئاد تەمۆ)یە کە چیرۆکێکی ساکار و نزیکە لە گێڕانەوەی هەقایەتی کوردی و بە شێوەیەکی کرمانجی ژووروو نووسراوەتەوە.
هەر لەو ساڵانەدا ڕۆژنامەی (کوردستان) لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) لە لایەن (سوڕەیا بەدرخان) دەرکراوەتەوە، هەروەها گۆڤاری (ژین) و (هەتاوی کورد) و گۆڤاری کوردستان لە ساڵی ١٩١٩ بە زمانی کوردی و تورکی دەرچوون.





تعليقات