بەشی سی و یەکەمی ئەدەب، کوردی (١٨١٢- ١٨٥٠ یان ١٨٥١):

لە ڕەوانبێژیدا شاسوارێکی بێ هاوتابووە، لە ساڵی ١٨٥٠ یان ١٨٥١ز، کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوانی سلێمانی نێژراوە.


ناوی مستەفایە و کوڕی مەحموود بەگی ساحێبقڕانە، بەڕای زۆربەی ئەو کەسانەی لەسەر ژیانی ئەم هەڵبەستوانەیان نووسیوە، لە ساڵی ١٨١٢ز لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، هەر لەوێش خراوەتە بەرخوێندن و هەندێک زانستی ئیسلامی لە حوجرەی فەقێیان خوێندووە.
کوردی یەکێکە لەو سێ هەڵبەستوانە بەناوبانگەی کە ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە ئەدەبیاتی کلاسیزمی کوردی بە شێوەی کرمانجی خواروو، لە ڕەوانبێژیدا شاسوارێکی بێ هاوتابووە، لە ساڵی ١٨٥٠ یان ١٨٥١ز، کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوانی سلێمانی نێژراوە.
کوردی، دیوانێکی بە کوردی لەدوا بەجێماوە، کە تا ئێستا دووجار چاپکراوە جاری یەکەمیان لە بەغدا لە ساڵی ١٩٣١ز، جاری دووەمیش لە هەولێر لە ساڵی ١٩٦١ز.
زیاتری هۆنراوەکانی بە دەوری یەک تەوەردا دەسووڕێنەوە کە ئەویش هۆنراوەی دڵداری و ئەوین و خۆشەویستییە، هەڵبەستەکانی هەڵقوڵاوی سۆزێکی دڵداری ڕاستەقینەن، کوردی جوانترین و بەرزترین هۆنراوەی لەم مەبەستەدا هۆنیوەتەوە و وەستایەتی و شارەزایی خۆی تێدا دەرخستووە.
بەشی زۆری بەرهەمی کوردی ئەم جۆرە هۆنراوانەن نموونەی ئەم مەبەستەش، ئەم چەند دێرە هۆنراوەن:
١- چێشتم ئەمڕۆ ژەهری مار و ڕۆحی شییرینم نەهات
زەخمی کۆنەم هاتە ژان و مەرهەمی برینم نەهات.
٢- من غەمم خوارد و غەمیش خوێنی جەرگمی خوار
بۆیە گریام چەند بە چەند فرمێسکی خوێنینم نەهات.

روخساری هۆنراوەکانی:
ئەگەر لە هۆنراوەکانی کوردی وردبینەوە، دەبینین هەموو وردەکاری و وشەکاریێکی تێدایە کە هەڵبەستوانانی کلاسیزم خەریکی بوونە و بەکاریان هێناوە، لە ڕووی رۆخساری هۆنراوەکانییەوە ئەم چەند خاڵە دیار دەکەین.
١- لە هۆنراوەکانیدا وەکوو هەموو هەڵبەستوانە کلاسیزمییەکان پەنای بردووەتە بەر کێشی عەرووزی عەرەبی.
٢. هۆنراوەکانی یەک (ڕەویە) و یەک سەروایان هەیە.
٣- هەموو وشەکارییەکانی ڕەوانبێژی لە هۆنراوەکانیدا بە کارهێناوە، هەربۆیەش، هەڵباستوانانی دوای خۆی بە چاوێکی بەرزەوە تەماشیان کردووە و بە (شاسواری بەلاغەتی کوردان)یان داناوە.
ئەگەر باسی ئەو لایانانەش بکەین کە کاریان کردووەتە سەر ((کوردی)) و بە لای هۆنراوە و ئەدەبییاتیاندا بردووە، ئەوا دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە کۆیان بکەینەوە.

١. کوردی خۆی لە سرووشتی خۆیدا کەسێکی بەهرەدار بووە، هەڵبەست دانان لای ئەو ئەوەندە ئاسان بووە وەکوو ئاو خواردنەوە وا بووە بۆی.
٢. لە بنەماڵەیەکی ئەدەب دۆست و هەڵبەستخواز بوو، ئەو بنەماڵەیە لانکە و بێشکەی هەڵبەستوانی وەک ئەحمەد بەگ و سالم بەگ بووە، دیارە هەڵکەوتنی ئەمیش لەو بنەماڵەیە، هۆکارێکی گەورە بووە بۆ هەڵبەستوانیەتییەکەی.
٣. ئاگادارییەکی چاک و تێکەڵاوییەکی زۆری لەگەڵ هەڵبەستوانانی فارسی زمان هەبووە و گەلێک جار لە کۆڕی هەڵبەست گوتنەوەی ئەواندا ئامادە بووە و کاریان تێکردووە.
٤. ئاگری دڵداری و خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بووە بە سەرچاوەی ئیلهامی هەڵبەست لای کوردی و ئەم لایەنە بەهێزترین و کاریگەرترین هۆکار بووە، لەبەر ئەوە بەشی زۆری دیوانەکەی گرتووەتەوە.

ئەمەش نموونەیێکە لە هۆنراوەکانی:
١- چاوەکەم زانیوتە بۆچی خەو لە چاوم ناکەوێ
چونکە من پێش خزمەتم پێش خزمەتان نانوون شەوێ.
٢- ڕۆژ و شەو دایم لەبەر دیدەی خەیاڵم حازری
سا چ فەرقێکی هەیە بۆ من ئیتر ئێرە و ئەوێ.
٣- بەس نییە لێرە دەوێرم جار بە جار باست بکەم
نەم دەوێرا قەت لەبەر ئەغیارەکەت ناوت بەم لەوێ.
٤- دڵ لەبەر زامی فیراقت دائیما یاری دەکا
ڕۆژبەڕۆژ مەنعی دەکەم بازدەردی سەختە و ناسرەوێ.
٥- عەقڵ و هۆشم داوە پێت لێشی دەتۆڕێی ماڵوێران
دەوڵەتێکی مفت و بێ ساحێبە بۆچی ناتەوێ.
٦- گەر موخەییەربم لە مابەینی بەهەشت و وەسڵی یار
وەسڵی تۆ بۆ من جەهەننەم پڕ لە جەننەت نامەوێ.
٧- ئەی ڕەقیب وێڵم لە دەستت لێرە بۆ لێم ناگەڕێی
باوکە کوشتەت نیم ئەرێ هەی بەد مەزەب چیت لێم دەوێ.
٨- هەر وەکوو کێوی دەماوەند سەرم پڕ شۆڕشە
قەت تەمی هیجران و خەم ساتێ لە دەوری ناڕەوێ.
٩- گەردنی (کوردی) لە کێوی بێستوون مەحکەم ترە
چونکە سەدساڵە لە ژێر باری غەمایە نانەوێ.

لێکدانەوەی پەیڤان:
چێشتم: من خار، من تامم کرد
زەخم: برین
دیدەی خەیاڵم: چاڤێ خەیاڵامن
دەوێرم: دوێرم
ئەغیار: دوژمن
بازدەردی سەختە: بەڵام دەردی قورسە
ناسرەوێ: ناسەکنی، ڕاناوەستێ
لێشی دەتۆرێی: ژوی سل دبی، لێی زیز دەبی.
مفت: بەخۆڕایی، بەلاش
وەسڵی یار: گەیشتن بە دڵدار
باوکە کوشتەت نیم: من باوکی تۆم نەکوشتووە
مەزەب: مەزهەب، ئۆڵ، (مذهب)
کێوی دەماوەند: کێوێکی سەخت و بڵندە دەکەوێتە پشت (تاران)ی پایتەختی ئێران.
کێوی بێستوون: چیایەکە لە نزیک (کرماشان) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

تعليقات