ملمانێی عوسمانی-سەفەوی و کاریگەریی لەسەر کوردستان.

عوسمانییەکان و سەرەتای دەرکەوتنیان:


عوسمانییەکان بە ڕەگەز دەچنەوە سەر هۆزێکی تورک کە لە ناوەڕاستی ئاسیاوە لە ژێر فەرماندەیی میر (ئەرتوغرول)دا لە سەرەتاکانی سەدەی سیانزدەهەمدا لە ترسی ڕاوەدوونانی (مەغوۆل) ڕوویان کردە باکووری ڕۆژئاوای (ئەنادۆڵ)، پاشان بە هۆی چەند هۆکارێکەوە عوسمانییەکان توانیان میرنشینێک لە ساڵی (١٢٩٩)دا دروست بکەن، بە ناوی (عوسمان کوڕی ئەرتوغرول)ەوە ناوی (عوسمانی)بەسەردا بڕا.
عوسمانییەکان بە درێژای هەردوو سەدەی چواردەهەم و پانزدەهەمی زایینی دەسەڵاتیان بەسەر ئاسیای بچووک و نیمچە دوورگەی (بەلقان)دا سەپاندووە، ئەم دەسەڵات و پەلکێشان و فراوانکردنی زەوییە لە ئەورووپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتدا درێژەی کێشا، تەنانەت هەتا دوای ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی و کەوتنی (قوستەنتینیە)ی پایتەختیان بەدەستی سوڵتانی عوسمانی (محەمەد فاتیح)لە ساڵی (١٤٥٣)ز دا.
داگیرکردنی قوستەنتینیە و ڕووخاندنی دەوڵەتی بێزەنتی لەسەر دەستی سوڵتان (محەممەد فاتیح)دا بووە هۆی یارمەتیدەرێک باش بۆ پاڵ پێوەنانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ بەهێز بوون و بڕوا بە خۆکردن و هەوڵدان بۆ فراوانخوازی دەرەکی لە ڕۆژئاوا تا گەیشتنە نزیک ڤیەننا، بەڵام لەگەڵ هاتنی سوڵتان (یاوز) سەلیمی یەکم (١٥١٢-١٥٢٠) بۆ تەختی دەوڵەتی عوسمانی، گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەوڵەتدا ڕوویدا، هێرشیان بۆ سەر ڕۆژئاوا وەستاند و ڕوویان لە ڕۆژهەڵات (کوردستان و نیشتیمانی عەرەب)کرد، لەبەر ئەم هۆیانە:
١- لە سەرەتاکانی سەدەی شانزدەهەم عوسمانییەکان لە ئەورووپا زیاتر هەڵوێستی بەرگرییان وەرگرت، نەک هەڵوێستی هێرشکردن، لەبەر ئەوە چاریان نەمابوو، تەنها ئەوە نەبێت کە شوێنی تازەتر بدۆزنەوە بۆ فراوانخوازیان، ئەو شوێنەش بریتی بوو لە کوردستان و نیشتیمانی عەرەب.
٢- کاتێک کە ڕۆژئاوای عەرەب و ئاوەکانی خوارووی عەرب تووشی داگیرکاریی (ئیستعماری) پورتووگالییەکان هاتبوو، دەرفەتی بۆ عوسمانییەکان ڕەخساند کە بێنە ڕۆژهەڵات و لە پاشان بیخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.
٣- سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەفەوی لە وڵاتی فارسی داگیرکەردا و هەوڵدان بۆ فراوانخوازی و پەلهاویشتنی بۆ کوردستان و عێراق وای لە دەوڵەتی عوسمای کرد، ئەویش بێتە ناو کایەی کوردستان و پاشانیش بێتە ناو وڵاتانی عەرەب، بۆ بەربەرەکانی و بە گژداچوونەوەی دەسەڵاتی سەفەوییەکان.

تعليقات