بەشی سییەمی ئەدەب، حەسیب قەرەداغی (١٩٢٩- ١٩٩٧):

غەمی هەژاران و جوانی سرووشت و ئاو و هەوای بێگەردی ناوچکە و ئەمانە و گەلێک سەرچاوەی تر بناغەی بیر و هۆش و سۆزی (حەسیب)یان دانا.


ناوی (حەسیب شێخ عەلی کوڕی عەبدولرەحمان)ە، شێخ عەلی مەلا و مامۆستای گوند بووە، لە مانگی مایسی ١٩٢٩ی زایینیدا لە گوندی (سۆڵەی چرچە قەڵا)ی سەر بە ناوچەی قەرداغ لەناو خێزانێکی هەژاری خوێندەوارهاتۆتە دونیاوە، ئەم خێزانە لە بنەماڵەی شێخانی مەردۆخی قەرەداغە، کە هەر لە مێژە خوێندەوار و زانای ئایینی و پیاوی ناسراویان تێدا هەڵکەوتووە، مزگەوت و کوڕی مەلا و فەقێیان، مەجلیسی گەرم و بەپێزی شێخان، زیکر و تەهلیلە و ئەڵقەی دەروێشان، گۆرانی و سۆز و مەقام و موناجاتی دەنگ خۆشان، دەف و شمشاڵ و نەی، هەڵبەستی سوارچاکی هەڵبەستی کوردی (نالی و سالم و مەحوی) و هەڵبستەوانانی گەورەی فارسی ( سەعدی و حافزی شیرازی)، غەمی هەژاران و جوانی سرووشت و ئاو و هەوای بێگەردی ناوچکە ئەمانە و گەلێک سەرچاوەی تر بناغەی بیر و هۆش و سۆزی (حەسیب)یان دانا.
کۆدەتا شوومەکەی ١٩٦٣ حەسیب قەرەداغیان لەگەڵ هەزاران تێکۆشەری تردا خستە بەندیخانەوە، کە ئازادیش کرا، نەیانگێڕایەوە سەر کار و ئیشی پێشووی خۆی، لە ساڵانی شەڕی ناوخۆدا، یەکێک بووە لە چالاکترین ئەو هەڵبەستوان و پیاوە ناسراوانەی کە هەردەم لە هەوڵی ئاشتی و ئاشتکردنەوەی لایەنەکاندا بووە،….تا لە ئێوارەیەکی سارد و تەڕ و تووشدا لە ساڵی ١٩٩٧ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوتوو لە گردی سەیوان نێژرا.
ئەمەش دوو کۆپڵەیە لە هەڵبەستەکانی:
١- پرس و خۆشەوستی ١٩٩١:
ویستم تێبگەم، خۆشەویستی.. چەندێ جوانە؟
(وەلی) وتی: باڵای (شەم)ە.
(مەم)یش وتی:… زین وەری گرت، بەژنی (مەم)ە.
خەجیش وتی: وەک زامەکەی (سیامەند)ە.
مامەیارە وتی: وەکوو سرگورشتەی دوانزدە سوارە.
لەلای حەزرەتی (مەولەوی)ش وەکوو چاوڕەشی لای دەوار.
لەلای منیش وەکوو دوو خەمە قوڕسەکەم… کەژە و بەهار.
کوردێ بانگی بەختی دەکرد: ئەرێ زووکە!
لە خۆشەویستی جوانتریش، شارە گەرمەکەی کەرکووکە.

٢- بەشێک لە قەسیدە (ناکۆکەکان) ١٩٤٤:
کە ئەم دەستم ئەو دەستیکەم بۆ بشکێنێ
هەردوو دەستم لەمل دەکەم!
کە ئەم چاوم ئەو چاوی دیم بۆ هەڵکۆڵێ
هەردوو چاوم پڕ گڵ دەکەم
ئەم ئاگرە بکوژێننەوە…نەکوژێتەوە
نالی دەڵێ: من کورد نەبووم
حاجی دەڵێت: من لە کۆیەدا نەژیاوم
قەت دیمەنی هەیبەت سوڵتان وەکوو گوڵاو نەکراوەتە نێو چاوانم!
خانی دەڵێ: مەم و زین، من نەمنووسیوە
من بەچاوی قەڵەمیشم مێرخاسی کوردم نەدیوە!
سالم دەڵێ: من و دێوانە و ئاپۆڕای میری دابان؟!
پێشمەرگەی خەم لە کۆڵ دەڵێت:
من و سەمفۆنیای، داستانەکەی چیای دابان؟!

بۆ زانین:-
١- هەڵبەستوان لە هەموو بوارەکاندا هەڵبەستی هەیە، لەوانە: هەڵبەستی شۆڕشگیڕی، دڵداری، تەسەوف، سیاسی، کوردایەتی، وەسفی سرووشت و جوانی کوردستان، هەڵبەست بۆ منداڵان، هەڵبەست بۆ شانۆ، بۆ درامای تەلەفزیۆنی، بۆ گۆرانی و سروود.
٢- تا ئێستا چەندین دیوانی هەڵبەستی هەیە، لەوانە چوار بەرگی (فەرهەنگی خەم).
٣- لە گەرمەی کارەساتی هەڵەبجەی شەهیددا، قەسیدەی ( هەڵەبشیما)ی نووسی.
٤- لە گەرمەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئاداری ١٩٩١دا و لەگەڵ بانگەوازی ئازاد کردنی کەرکووکی گڕ و کڵپەدا، قەسیدەکەی (شێخ) خوێنراوە بە ناونیشانی (من هیچ ناڵێم)کە لەو ماوەیەدا، بووە وێردی سەر زمانی جەماوەری ڕاپەڕیوی کوردستان.
لێکدانەوەی وشەکان:
هەیبەت سوڵتان: چیایەکە دەکەوێتە نزیک شاری کۆیێ.
مێرخاس: پیاو چاک.
ئاپۆرا: شین و واوەیلا.

تعليقات