بەشی سی و سێیەمی ئەدەب؛ کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦):

ناوی ( محەمەد ئەحمەد تەها)یە، لە ساڵی ١٩٢٩ز لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، خوێندنی تا پۆلی کۆتایی ئامادەیی بوو، بەڵام لەبەر چەند هۆیێک تەواو نەکردووە.


لە نێوان ساڵانی ١٩٤٩-١٩٦٣ز لە شەش ساڵ بەهۆی هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانە و نەتەوە خوازیەوە لە بەندیخانە دەست بە سەریدا ماوەتەوە.
ماوەیەکی زۆریش لە بەشی کوردی (زانکۆی سلێمانی و پاشتر سەلاحەدین) مامۆستای ئەدەبییاتی کوردی بووە، تا ٠٧/١٢/١٩٨٦ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و گیانی پاکی بەخاکی پیرۆزی کوردستان سپارد.
تا لە ژیان دابوو حەفت دیوانە هەڵبەستی چاپکراوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥-١٩٧١ز دیارترینیان دیوانەکانی (ئاشتی) و (دیاری) و (ئاگر و ژیلە) و (گوڵاڵە سوورە)ن، دوای مردنیشی، لە ساڵی ١٩٨٧ز سەرجەمی هەڵبەستەوەکانی بەناوی دیوانی(کامەران موکری) چاپکرا. سەرەڕای هەڵبەستوانیەتی، کامەران موکری چیرۆک نووسیش بوو.
مەبەستەکانی هەڵبەستی کامەران:
ئەگەر هەڵبەست و هۆنراوەکانی موکری بخوێنینەوە دەبینین چەند مەبەستێکیان تێدایە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
١- نەتەوەیی و مرۆڤینی:
بەشێکی زۆری هۆنراوەکانی موکری هۆنراوەی نەتەوەیین، دیارە هەڵبەستوان، بەوهەستە ناسکەی کە هەیەتی وەک مرۆڤێکی نەتەوە خواز هەڵوێست لەبەرامبەر چەوساندنەوەی نەتەوەکەیدا وەردەگرێت، کۆمەڵێک هۆنراوەی هەن کە نموونەی بەرزی هەستی نەتەوایەتییان تێدا بەدی دەکرێت و ئەمانەمان بۆ دەردەخەن کە موکری شاگرد و قوتابی، قوتابخانەی پیرۆزی کوردایەتییە و وەک هەڵبەستوانێکی ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەیی خۆنیشان دەدا و ژیانیش لای ئەو هەر تێکۆشان و خەباتە لە ڕێێ کوردستان:
١- ژین لە لای دڵسۆز هەر تێکۆشانە
هەوڵە بۆ خاکی ئەم کوردستانە.
٢- خۆزگە ئەندازەی ژیان و تەمەن
تێکۆشان بوایە بۆ خاکی وەتەن.
٣- ئاخۆ تەمەنی کام دڵسۆزی کورد
لە چوار پێنج ساڵی، تێپەڕی ئەکرد؟!

لە تەوەریەکی تریشدا و تەریب بە تەوەرەی کوردایەتی و هەستی نەتەوەییەوە، کامەرانی هەڵبەستوان، دڵسۆز و ئەمەکدار بووە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و دەربڕی ناخی مرۆڤی کورد بوو، لەم لایەنەوە، هەر بۆیەش بووە کە خەباتی گەلی جەزاییری لە دژی داگیرکەری فەڕنسایی بە خەباتێکی ڕەوا داناوە، لێرەوە دەنگی شۆڕشگێڕانەی مرۆڤی کوردی داوەتە پاڵ خەباتی ئەو گەلە و لە پارچە هۆنراوەی( ئەی جەمیلە) ئەم هەستە پیرۆزەی دەربڕیوە.
١- ئەی جەمیلە
سڵاو لە ئاگر و ژیلە.
٢- لە حەیرانا، لە لاوکا
کاتێ کچ لەگەڵ، باوکا.
٣- هەڵمەت ئەبەن بەرەو مردن
بەرەو قەڵای سەختی دوژمن.
٤- لە هێرشی سەرکەوتنا
لەکاتی بۆ گەل، مردنا.
٥- کاتێ لە نزار، لەمەڵبەن
ئەمانسووتێنن بۆ وەتەن.
٦- ناوت وەکوو وشەی نەمر
ئەڕژێتە ناو گەرووی ئاگر.
٧- ئەی جەمیلە….
سڵاو لە ئاگر ژیلە.

٢- خۆشەویستی و ئەڤینی:
مەبەستێکی تری هەڵبەستەکانی کامەران، دڵداری و ئەڤینییە، دیارە ئەم هەستەش هەستێکی مرۆڤینییە و لە دەروونێکی پڕ سۆز و ناسکەوە سەر هەڵدەدات و نموونەی بەرزی هەستی مرۆڤایەتی دەنوێنێت:
١- کە پرچت ئاڵان لە گەردن
گڕت بەردا لە دڵی من.
٢- کە پەرچەمت ڕشتە سەر ڕوو
ئاگر لە دەروونم بەربوو.
٣- ئەی زۆرداری جوانی بچووک
تکایە کچی ئێسک سووک.
٤- لێرەوە مەیە شەیدامۆت
وەباڵی دڵم بە ئەستۆت.

٣- وەسفکردن:
ئەم مەبەستەش یەکێکە لە مەبەستە گرنگەکانی هەڵبەستی موکری، کامەران هەستێکی بەهێزی بەرامبەر جوانی سرووشت و دەورووبەر هەبووە، یەکێکە لەو هەڵبەستوانانەی کە جوانی سرووشتی وڵاتەکەی خۆیان دەپەرستن، لەم لایەنەوە زیاتر بە لای هەڵبەستوانە کلاسیزمەکاندا دەچێت، زۆر جاری وا بووە جوانی سرووشتی تێکەڵ بە جوانی ئافەرت و کچی وکرد کردووە و تابلۆیەکی هەرە جوانی لە واتا و بەکارهێنانی پەیڤ و وشەدا بەکارهێناوە، هەستی ناسکی هەڵبەستوان وای دەکرد کە هەر دیمەنێکی جوان، جۆرە هەڵوسێتێکی لە لا دروست بکات، تەماشاکە چۆن وەسفی (گوند=دێ) دەکات:
١- کەژ و دارستانی کپی
پۆشیویانە بەرگی سپی.
٢- قوببەی پیرۆزەیی ئاسمان
بە پرشنگی گزنگی ئاڵ.
٣- داوێنی کەژی ئەنەخشان
وەک ئەگریجە ئەبوو پەخشان.
٤- دێیەک، لە باوەشی کەژا
بزەی گەرمی لێ ئەڕژا.
ڕووخساری هەڵبەستەکانی:

١- بەکارهێنانی کێشی خۆماڵی (پەنجە):
کامەران یەکێک بوو لەو هەڵبەستوانانەی کە برگی تازەگەرییەتی کردەوە بەر باڵای هەڵبەستی کوردییەوە، پەنای بردە بەر کێشی ڕەسەن خۆماڵی و خۆی ڕزگار کرد لە کۆت و داوی (عەرووز)ی عەرەبی، بۆیە هەڵبەستەکانی مۆسیقایێکی کوردانەیان تێدایە و لەگەڵ هەست و ئارەزووی مرۆڤی کورد دەگونجێن، نموونە هەڵبەستییەکانی پێشوو کە هێناماننەوە ڕاستی ئەم بۆچوونە دەردەخەن.
٢- کەم بەکارهێانی وەشەی بێگانە:
لەم لایەنەشەوە کامەرانی هەڵبەستوان بەڕابەر دادەنرێت، تاپێی کراوە خۆی لەبەکار هێنانی وشەی بێگانە دوورخستووە و لە جیاتی ئەوان وشە و پەیڤی ڕەسەنی کوردی بەکارهێناوە، وەکوو مەلەوانێکی بەتوانا لە دەریای زمانی کوردی دا مەلەی کردووە، خوێندنەوەی نموونەکانی پێشوو ئەم ڕاستییە دەچەسپێنن.
٣- خۆنەبەستەوە بە سەروای (قافیەی)یەکگرتوو بەکارهێنانی جووت جووت قافیە:
ئەم دیاردەیەش یەکێکە لە سیما جیا کەرەوەکانی هەڵبەستی کامران موکری و لایەنێکی تازەگەریش پیشان دەدات، کامەران هیچ کاتێک خۆی بە کۆتی سەرا (قافیە)ی یەکگرتوو کۆت نەکردووە و واتا خۆی بە قوربانی سەروا نەکردووە، بۆ نموونە لەم چەند دێڕە هەڵبەستەی خوارەوەدا هەر دوو نیوە دیڕ، یەک سەروایان هەیە، واتە جووت جووت سەروای بەکارهێناوە.

١- ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد
قژی خاو، ئاورێشمی زەرد.
٢- چاوی کاڵ، ئەگەرچی نەرمە
بەڵام نیگای ئێکجار گەرمە.
٣- باڵای وا، دەمێکی وا تەنگ
ئەندامی ئاوا شۆخ و شەنگ.
٤- نەبووە، یامن نەمدیوە هەر
لەو چەشنە بەژن، یا کەمەر.

لێکدانەوەی وشەکان:
ئەندازە: پێوانە، پێڤانە.
ئاخۆ: ژی، عەمر.
تێپەڕی ئەکرد: زیاتر دەبوو، لێی ڕەت دەبوو.
ژیلە: ژیلەمۆ، زیلەمۆ.
هەڵمەت ئەبەن: هێرش دەکەن، پەلامار دەدەن.
بەرەو مردن: بەرەڤ مردن.
بۆگەل، مردنا: مردن لە پێناوی میللەتدا.
نزار: نسار، شونێکە لەشاخ کە زیاتر بەرسێبەر بێت.
ئەمانسووتێنن: مەدسۆژن،ئاگری لمە بەرددەن.
ئاڵان: ئاڵاندن = تێ ئاڵاندن.
گەردن: وەک، ئەوک = گەردەن.
ڕشتە سەر ڕوو: بەردایە سەر دەم و چاوت.
دەروون: هەناو، هەناڤ.
ئێسک سووک: هستی سڤک.
وەباڵ: ئۆباڵ. گوناه.
ئەستۆ: مل. ستۆ.
بێگەرد، پاک، خاوێن.
قژی خاو: پرچی کراوە.
ئاورێشم: حەریر، ئارمیش.
نیگای: ڕوانینی، تەماشاکردنی.

تعليقات