بەشی نۆیەمی مێژووی نوێ و هاوچەرخ؛ شەڕی چاڵدێران و کاریگەری لەسەر کورد:-

سەرکەوتنی عوسمانییەکان لە شەڕی چاڵدێران بەسەر سەفەوییەکاندا بە هاوکاری کوردەکان بوو، چونکە شا ئیسماعیلی سەفەوی خراپەی زۆری لەگەڵ کوردەکاندا کردبوو.


عوسمانییەکان لە دژی ئەو فراوانخوازیە وەستان کە شا ئیسماعیل لە ناوچەکانی کوردستان و عێراق کردی، چونکە وەکوو ئاشکرا بوو لەو کاتەدا عوسمانییەکان ئەو فراوان خوازییەیان بە دەست تێخستنی سنوورەکەیان واتە (سنووری دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی) دادەنا، جگە لەوەی کە سنووری کوردستان جێگیر و ڕێک و پێک نەبوو، بەم جۆرە کێشەی سنوور هۆیەکی کاریگەر بوو بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ و ناکۆکی لە نێوان داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەوانەی کە لە دەست دەسەڵاتی سوڵتان واتە سوڵتانی عوسمانی ڕایان دەکەرد و پەنایان دەبردە بەر دەوڵەتی سەفەوی لە ڕێگای هاوبیرەکانیانەوە کەوتنە هاندانی خەڵکی ئەنادۆڵ کە شۆڕش دژی عوسمانییەکان بەرپا بکەن.
کاتێ سوڵتانی عوسمانی (سوڵتان سەلیمی یەکەم) بەمەی زانی هەڵسا بە ڕاگواستنیان بۆ ئەورووپا لەوێ پەرش و بڵاوی پێکردن.
هەروەها مەترسی بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی سەفەوی هۆیەکی دیکە بوو کە پاڵی نا بە سوڵتانی داگیرکەرەوە تا لەشکرێکی گەورە بەرەو ئەنادۆڵ و کوردستان بنێریت، ئینجا سوڵتان سەلیم هەلێکی باشی بۆ ڕەخسا کە زۆربەی میرنشینە کوردییەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت بۆ ئەوەی دژی شا ئیسماعیلی سەفەوی داگیرکەر شەڕ بکەن.
پاشان لە ٢٣ی ئابی (١٥١٤)ز لە دوڵی چاڵدێران کە دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای دەریاچەی ئوروومیە شەڕی چاڵدێران لە نێوان لەشکری عوسمانی و سەفەوی داگیرکەردا ڕوویدا کە بە سەرکەوتنی عوسمانییەکان کۆتایی هات، ئەم شەڕە نەگریسە کە بووە هۆی دابەشوونی کوردستان بۆ دووبەش بە شەڕێکی مێژووی گرنگ لە مێژووی ئەوان دادەنرێت، چونکە یەکەم شەڕ بوو لە نێوان ئەم دوو دەسەڵاتە داگیرکەرەدا ڕوو بدات و عوسمانییەکان توانیان سەفەوییەکان بە شکاوی ڕاوبنێن و شا ئیسماعیلی سەفەوی بە برینداری هەڵهات و تەورێزی پایتەختی دەوڵەتەکەی بەجێ هێشت و سوڵتان سەلیم داگیری کرد، پاش ماوەیەک سوڵتان سەلیم تەورێزی بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ (ئەماسیە) لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ.
دوای گەڕانەوەی سوڵتان سەلیم بۆ ئەماسیە شا ئیسماعیلی سەفەوی گەڕایەوە تەورێز و دەستی کرد بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ تۆڵە سەندنەوە لە عوسمانییەکان.
سەرکەوتنی عوسمانییەکان لە شەڕی چاڵدێران بەسەر سەفەوییەکاندا بە هاوکاری کوردەکان بوو، چونکە شا ئیسماعیلی سەفەوی خراپەی زۆری لەگەڵ کوردەکاندا کردبوو، لەبەر ئەوە کوردەکانیش لە ڕێگەی مەلا ئیدریسی بەدلیسییەوە پشتگیری دەوڵەتی عوسمانیان کرد دژ بە سەفەوییەکان.
بەم شێوەیە عوسمانییەکان توانییان ناوچەیەکی زۆری کوردستان بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە بە تایبەتی دوای ئەو لایەنگیرییەی کە پیشانیاندا بۆ دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی، ئەم ناوچانە لە جیاتی داگیرکەری سەفەوی کەوتنە ژێر دەستی داگیرکەری عوسمانی تورک.

تعليقات