خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ بانگی نوێژ:

خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ بانگی نوێژ:


ئیبن سیرین دەڵێ: هەر بەندەیەکی چاکەکار و لە خواترس و ئیماندار، ئەگەر بینی لە شوێنێکی دیار و ناسراودا گوێی لە بانگی نوێژ بوو، یانیش خۆی بانگی نوێژی دەخوێند، واتە حەجی ماڵی خودای بە نەسیب دەبێ.

ئەگەر بانگی نوێژ لە شوێنێکی نەناسراودا بوو، ئەوا خراپەیەک و شتێکی ناپەسەند و نەشیاوی پێدەگات.

ئەگەر کەسێکی داوێن پیس ئەو خەوەی بینی، واتە بەهۆی دزیەوە دەستگیر دەکرێ.

ئەگەر بینی بانگی نوێژی لە مزگەوت یان لەسەر منارەدا دەخوێند، واتە خەڵکی بۆ لای خودا بانگ دەکات.

ئەگەر لەسەر جێگای خەوەکەی بانگی نوێژی دەدا، واتە لەگەڵ ژنەکەیدا هۆگرییان پێکەوە هەیە و یەکتریان خۆش دەوێت.

ئەگەر لە ماڵەکەی خۆیدا بانگی نوێژیدا، مایەپووچ دەبێت و هەژار دەکەوێت و دەشڵێن کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەناو دەچێت و دەمرێت.

ئەگەر لە ناو چاڵ یان لە ژێرزەویدا بانگی نوێژیدا، واتە ئەو کەسە یان کافر دەبێت یانیش دەبێتە دوو ڕوو و مونافق.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر پیاوێ بینی لەگەڵ ژنەکەی خۆیدا بانگی نوێژیان دەدا، نیشانەی ئەوەیە کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەمرێت.

هەروەها ئەگەر بینی لە وشەکانی بانگی نوێژدا، زیادەڕەوی یان کەموکورتییەکی تێخست، واتە زوڵم و زۆرداری بەسەر خەڵکدا دەکات.

ئەگەر بینی منداڵێک بانگی نوێژ دەدات، واتە ماڵ ئاوایی لە دایک و بابی دەکات.

ئەگەر بینی لە حەمامدا بانگی نوێژ دەدا، نیشانەی بەدحاڵی بوونییەتی لە دونیا و لە ئایینەکەشی.

ئەگەر بینی لە ناو قافڵە، یان لەناو لەشکر و سوپادا بانگی نوێژی دەدا، لێکدانەوەی خراپە.

ئەگەر زیندانییەک لە زینداندا بانگی نوێژیدا و قامەتی کرد، لە زیندان ڕزگاری دەبێت.

ئەگەر بینی بە گاڵتە و گەپ و تەشەرەوە بانگی نوێژی دەدا، واتە لەناو دەچێت و دەمرێت.

ئەگەر بینی بەسەر شاخێکەوە بانگی دەدا، واتە فەرمانڕەوای ناوچەکە قسەی ڕاست و دروست دەکات و ئەویش بۆ سەر ڕێگای خودای گەورە بانگی دەکات.

ئەگەر بینی لەسەر منارەوە بانگی دەدا، گەورەیی و فەرمانڕەوایەتی پەیدا دەکات.

ئەگەر بینی لە کونجی ماڵەوەیان بانگی دەدا، واتە بە زووترین کات گەشتێک دەکات و لەو گەشتەدا تووشی ئازار و بەڵا و دەبێت و درەنگ دەکەوێت لە هاتنەوەی.

ئەگەر لە نێوان شاخێک یان دۆڵێکدا بانگی دەدا، واتە لە نێوان گەل و هۆزێکی زۆرداردا گیر دەخوات و گرفتار دەبێت و خیانەتی لێدەکەن.

ئەگەر بینی لەسەر کورسی، یان لەسەر تەخت و سەکۆیەک دانیشتبوو یان ڕاوەستابوو و بە گاڵتە و تەشەرەوە بانگی نوێژی دەدا، واتە ئەو کەسە مێشکی لە دەست دەدات.

ئەگەر بینی کەسێکی تر بانگ دەدات و ئەویش گوێی لێبوو، واتە لە خواپەرستیدا تەمبەڵی دەکات و کەسێکی تر بۆ لای خودای گەورە بانگی دەکات.

ئەگەر گوێی لە بانگی قامەتەوە بوو، واتە لە کاری دروست و چاکەدا سەرکەوتن بەدەست دێنێت.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بانگدان لە خەودا بە دووازدە شێوە لێک دەدرێتەوە:

یەکەم: حەج. دووەم: قسە و گفتووگۆ. سێیەم: فەرمانڕەوایەتی. چوارەم: گەورەیی. پێنجەم: سەرۆکایەتی. شەشەم: گەشت. حەوتەم: بڕین و بڕینەوە. هەشتەم: مایەپووچی. نۆیەم: خیانەت. دەیەم: سیخوڕی. یازەدەیەم: دووڕوویی. دوازدەیەم: دەست بڕین.



تعليقات