نزیک بوونەوەی عوسمانی-کورد و ڕۆڵی مەلا ئیدریسی بەدلیسی:-

نزیک بوونەوەی عوسمانی-کورد و ڕۆڵی مەلا ئیدریسی بەدلیسی:-


کاتێک شا ئیسماعیلی سەفەوی کە دەوڵەتی سەفەوی دامەزراند و کۆتایی هێنا بە دەسەڵاتی ئاق قۆینلۆ، هەرچی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئاق قۆینلۆ بوو هەمووی داگیر کرد و خستیە ژێر دەستی خۆیەوە، لەو کاتە مەلا ئیدریسی بەدلیسی ناچار شاری تەورێزی بەجێهیشت، هەرچەندە خۆی و خێزانەکەی لەوە پێشتر لە دیاربەکرەوە لە ساڵی (١٤٦٩ی.ز) چوو بووە تەورێز و لە دووایدا هەر وەک گوتمان بەجێی هێشت، چونکە دەیزانی شا ئیسماعیلی سەفەوی زۆر بە توندی دەستی داوەتە مەزهەبی شیعەگەری و ناتوانێت لەگەڵیدا هەڵبکات و بژی.

ناچار بڕیاری گەڕانەوەیدا لە تەورێزەوە بۆ دەوڵەتی عوسمانی و بەتایبەتی دووای هاتنی سوڵتان سەلیمی یەکەم ساڵی (١٥١٢ی.ز) بۆ سەر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی و لەسەر داوای سوڵتان سەلیم مەلا ئیدریسی بەدلیسی گەڕایەوە.

سوڵتان سەلیم، مەلا ئیدریسی بەدلیسی دەکاتە ڕاوێژکاری خۆی، لەبەر ئەوەی یەکێک بووە لە ڕۆشنبیرە زیرەکە لێهاتووەکانی سەردەمی خۆی، هەرچەندە نووسینەکانی بە زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی نووسیوە، بەڵام یەکێک بووە لە لێهاتووەکانی کورد و سوڵتان سەلیم داوای لێ کردووە، وەک ڕاوێژکارێکی کورد هەوڵی هێنانە ناوەوەی میرنشینە کوردەکان بدات بۆ ژێر دەستی عوسمانی و هەوڵ بدات کوردەکان بەهەر ڕێگایەک بێت بیانکات بە لاینگری عوسمانی، ئەویش واتە-مەلا ئیدریس-بەگوێرەی هاوپشتییەک لەگەڵ سوڵتان سەلیمدا، توانی لاینگری پاڵپشتی میرنشینە کوردییەکان بۆ دەوڵەتی عوسمانی دابین بکات، بێ ئەوەی ئەو میرە کوردانە دەست بەرداری دەسەڵاتی ناوخۆی هۆزەکانیان واتە (میرنشینەکانیان) ببن.

پاشان مەلا ئیدریسی بەدلیسی پەیمانێکی تایبەتی بە سوڵتان سەلیم دەرکرد کە ئەم بەندانەی تێدا بوو:-

١- پارێزگاری لە سەربەخۆیی میرنشینە کوردەکان (واتە دەسەڵاتی عوسمانی هەر بەناو دەبێت لە میرنشینەکاندا).
٢- میللەتی کورد لە شەڕدا یارمەتی عوسمانییەکان دەدات.
٣- جێگای سەرداری لە میرنشینەکاندا پشتاوپشت دەبێت، واتە لە باوکەوە بۆ کوڕ و نەوەکانیان بمێنێتەوە، یا خود پەیڕەوی ئەو ڕێبازە بکرێت کە لە ناوچەکاندا باوە.
٤- کوردەکان زەکات و باج و خەراج بدەنە گەنجینەی دەوڵەتی عوسمانی.
ئەوەی شایانی باسکردنە ئەوەیە کە لە سەرەتادا، دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی هەر بەناو بوو تا ڕادەیەکی باش کە بریتی بوو لە دەرکردنی فەرمانەکان و ناولێنانی میر و دەرەبەگەکان و دابەش کردنی دیاری بە سەریاندا، دەوڵەتی عوسمانی بۆ دڵخۆشکردنی ئەو میرە کوردانەی کە پاڵپشتی دوڵەتی عوسمانییان دەکرد نازناوی (بەگلەربەگ)یدایە پاڵیان، واتە (سەرۆکی بەگەکان).



تعليقات