بەشی سی و شەشەمی ئەدەب؛ مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی و پەیوەندییەک بە گەشەسەندنی پەخشانی کوردییەوە.

مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی و پەیوەندی بە گەشەسەندنی پەخشانی کوردییەوە تا شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ لە عێراقی دروستکراوی دەستی بەریتانیا.


سەرهەڵدان و کوردستانی دایک:
لە کۆنەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم زمانی کوردی تەنها زمانی گفتوگۆ و هەڵبەست بوو، نەک نووسینی پەخشان، لەبەر ئەوە دەرچوونی ڕۆژنامەی ((کوردستان)) بایەخێکی تایبەتی هەیە لە مێژووی زمان و ئەدەبی نەتەوەکەماندا چونکە ڕۆژنامە لایەنێکی گرنگ و کاریگەری ژیانی ڕۆشنبیریە و دیاردەیەکی شارستانی و پێشکەوتنە، نیشانەی هۆشیاری نەتەوەیە، دیارە ڕۆژنامەی ((کوردستان)) لە ٣٠ی زیلقەعدەی ساڵی(١٣١٥)ی کۆچی بەرامبەر بە (٢٢)ی نیسانی ساڵی(١٨٩٨)ز لە شاری (قاهیرە) لە لایەن (میقداد مەدحەت بەدرخان) نەوەی (بەدرخان پاشا)وە دەرچووە، پاشانیش لە لایەن (عەبدولڕەحمان بەگ)ی برای درێژەی پێدراوە.
رۆژنامەی (کوردستان) لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا (٣١) ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە چونکە دوا ژمارەی، ژمارە (٣١) بووە کە (٦)ی موحەڕەمی ساڵی (١٣٢٠)ی کۆچی بەرامبەر بە (١٤)ی نیسانی ساڵی (١٩٠٢)ز دەرچووە، ئەم (٣١) ژمارەیەش لەم شوێنانە دەرچوون:- “قاهیرە و (جێنێف-ژنێف) و لەندەن و فۆلکستۆن”، ڕۆژنامەکە بە زمانی کوردی شێوازی کرمانجی ژووروو (زاراوەی جەزیرەی بۆتان) بووە، بەشێکی ئەم ڕۆژنامەیە بە زمانی تورکی بووە، تاوەکوو کاربەدەستانی عوسمانی داگیرکەر لە داوا ڕەواکانی گەلی کورد تێبگەن.
ڕۆژنامەکە بایەخێکی زۆری بە ئەدەب و مێژوو و خوێندن و خوێندەواری داوە، هەروەها هەوڵی داوە کە کورد هۆشیار بکاتەوە و بیری نەتەوایەتی لە مێشکی تاکی کورددا بچەسپێنێت، داوای بەرهەڵستی زوڵم و زۆرداری کردووە، زۆربەی بابەتەکانی بە پەخشان نووسراوە.
ئەم ڕۆژنامەیە ڕێگەی خۆش کرد کە لە دوای خۆی کاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی بەردەوام بێت و ڕانەوەستێت، ئەگەرچی زمانی ڕۆژنامەکە و ڕۆژنامەکانی دوای ئەو، زمانێکی ڕەوان و کوردییەکی پەتی نەبووە، وشە و زاراوەی عەرەبی و فارسی و تورکی تێکەڵاو بووە، بەڵام دواتر ڕێگا خۆش بوو بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی پەتی و بژارکردنی زمانی نووسینی پەخشانی کوردی، هەروەها بەردەوام بوونی ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کوردی ڕێگای خۆشکرد کە چیرۆکی کوردی سەرهەڵبدات و بەرەبەرە پێش بکەوێت، ئەمەش دەقێکە کەوا لە خوارەوە بە ڕێنووسی ئەمڕۆی دەینووسینەوە کە لە ژمارەی (٥)ی ڕۆژی پێنجشەممە (٢٧)ی موحەڕەمی (١٣١٦)ی کۆچی بڵاوکرایەوە:
((ژبۆ جەریدا کوردستانێ)):
حەیفامە گەلێک ژ کوردێ مەڕە دهات، من ڕۆژ و شەڤ گازنددکردن.چقا کرمانج هەنە حەمی مێر و ژێهاتینە، چڕەهولێ بێ مەعریفەت و سنعەت مانە نڤیساندن و خوندنا حەمی کورد چڕەنینە، ئەزلناڤ ڤان کول و دەردا ژار و کاڵ بیبیم حەیری مابیم، نهۆ ژخودێ تەعالا شوکر دکەم ئەو جەریدەیا تەلسەر قنجیا کوردا دەرێخستی یا تەژمەرە ڕێکری، هات و کەتە دەست من، حەچکو چقا مراد من هەبین حاسڵ بین قنجی یی لسەر دنێدە حوقادبت مەزنایی لڤی زمانی حوقاچێ دبت، وەکی ئەو جەریدە من خۆند ئەز دەرحەقا دوعا و مەدحێ تەحەیر مام، ئەز ژ خۆندنا وێ تێرنەبیم. من گازی کورد و کرمانجاکر، ژوانڕە خۆند ئەوژی گەلەک شابین، بەڵکە ژ شابینێ لال بین، لناڤ بەینا دووسێ ڕۆژادە حەق بیست جەریدە یا دان هەڤ و ژمڕا ئانین.

تعليقات