بەشی سی و پێنجەمی ئەدەب؛ مەلا مەحموودی بایەزیدی (١٧٩٩-١٨٦٠یان١٨٦٧).

ژاپای لە قسەکانی خۆیدا دەڵێت: “گەلی کورد زۆر قەرزاری مەلا مەحموودی بایەزیدییە لەبەر ئەوەی گەلێک لایەنی ڕۆشنبیری بەرفراوانبووە”.


لە ساڵی ١٧٩٩ لە شاری بایەزید لە دایک بووە، بارودۆخی سیاسی بایەزید لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە هیچ باش نەبووە، لەبەر ئەوەی شوێنەکە دەکەوێتە سنووری (ڕووسیا و عوسمانی)یەوە و هاوڕێگای نێوان هەردوو لایەن بووە و کارلێکەری نەرێنی لە سەر ژیانی بایەزید لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە داناوە.
مەلا مەحموودی بایەزیدی لە چاخی منداڵی خۆیدا لە بایەزید چووەتە ڕێزی قوتابیانی مزگەوت و زانستە ئیسلامیەکانەوە و هەر لە بایەزید خوێندن و بڕوانامەی مەلایەتی وەرگرتووە.
لە دوایدا سەردانی ئێران دەکات و لە شاری تەورێز نیشتەجێی دەبێت، لەوێیش دەست دەست بەخوێندی فارسی دەکات و فێری زمانی فارسی دەبێت، شارەزایەکی باش لە بواری ئەدەب و مێژوو و فەلسەفەی مەنتقدا پەیدا دەکات، جارێکی تر دەگەڕێتەوە شاری بایەزید و لە دوایشدا بەرەو ” ئەرزرووم” دەچێت و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لێرە دیار نییە تا کاتی مردنی لە ئەرزرووم ژیاوە یان نا، یان بەرەو شوێنێکی تر ڕۆیشتووە؟!
هاوڕیاتییەکی باشی لەگەڵ (ئەلکساندەر ژاپا) بالیۆزی ڕووسیادا دروست کردووە، ژاپا زۆر چێژ لە بردارایەتییەکەی بایەزیدی وەردەگرێت و لە بەشی چاپەمەنی و نووسینا زۆر هاوکاری یەکتریان کردووە و ژاپای لە قسەکانی خۆیدا دەڵێت: “گەلی کورد زۆر قەرزاری مەلا مەحموودی بایەزیدییە لەبەر ئەوەی گەلێک لایەنی ڕۆشنبیری بەرفراوانبووە”.
ئەدەبیاتی ئەو وڵاتانەی دەخوێند و چێژ و بەهرە و کەڵی لێ وەردەگرتن، شارەزایەکی باشی لە میژوودا هەبوو، وەرگێڕێکی گەلێک شارەزا بوو، چەندین بەرهەمی فارسی و تورکی وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، هەندێک جاران نازناوی (فەقێ مەحموودی ئەفەندی) یان (خواجە مەحموودی بایەزیدیان) داوەتە پاڵ، بەڵام لە ناو گەلی کورددا هەر بەناوی خۆی (مەلا مەحموودی بایەزیدی) بەناوبانگە.
بەرهەمەکانی بایەزیدی:
١- کتێبی عادات و تەقالیدی ئەکراد: بەشوێن عادات و تەقالیدی کوردەواری بووە وەک شایی و ئاشتی و شەڕ، لە دەستپێکەوە باسی ڕەچەڵەک و زمان و وڵاتی کوردی کردووە.
م. رۆدینکۆ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ڕووسی و لە ساڵی ١٩٦٣ لە مسکۆ بڵاوی کردووەتەوە.
دکتۆرە شوکریە ڕەسوول لە ساڵی ١٩٨٢لە بەغدا وەریگێڕاوەتەوە سەر زاراوەی (کرمانجی خواروو-سۆرانی) و لە چاپی داوە.

٢- تحفە الخلان في لسان الکراد: دەربارەی ڕێزمانی کوردییە (تا ئێستاش دەستنووسەکەی لە پەرتووکخانەی (سالیکۆف شیدرن) و (پیترو سبورگ لە ڕووسیا) پارێزراوە.
٣-لە سآڵی ١٨٥٨ وەرگێڕانی بەشی یەکەمی پەرتووکی (شەرەفنامە) لە فارسیەوە بۆ کوردی ئەنجام داوە.
٤- مێژووی نوێ کوردستان لە ساڵی ١٨٥٧ز.
٥- رسالة في بحض الموجودة بین اللهجات الکردیة و بیات بعض القاعد اللازمة، واتە: نامەیەک دەربارەی هەندێ جیاوازی نێوان زاراوە کوردییەکان و پیشاندانی هەندێ ڕێسای پێویست (پەرتووکخانەی سالیکۆف شیدن لە پیتروسبورگ).
دکتۆر مارف خەزانەداری لە ساڵی ١٩٨٤لە پەرتووکەکەی خۆیدا، لەسەر بابەتی (لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردی) بڵاو کراوەیەکی بڵاو کردووەتەوە.

٦- قامووسێکی مەلا مەحموود لەسەر بەراوەرد کردنی زاراوەکانی هەکاری و ڕەوەندی لەگەڵ زمانی فەڕەنسی بە هاوکاری ژاپای. دکتۆرمارف لەسەر ئەو کتێبە بڵاوکراوەیەکی ئەنجام داوە.
٧- چیرۆکی مەم و زین کە لە سەر دیالێکتی کرمانجی ژوورۆ لە لایەن ژاپای لە ساڵی ١٨٥٦ رێزمانەکەی کرابووە ئەلفبای لاتینی کرمانجی سەروو وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی فەڕەنسی.
٨- لە ساڵی ١٨٥٨ چیرۆکی (لەیلی ومەجنوون)ی نووسیەوەتەوە و لەلایەن ژاپای کراوە بە ئەلفبای لاتینی و خراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.
٩- کۆکراوەی ساڵەکان و داستانەکان، چل چیرۆکی کوردییە، کە دەبێتە یەکەمین کۆمەڵە چیرۆک لە مێژووی ئەدەبییاتی کوردی، کە ژاپای کردوویەتی بە فەڕەنسی.
هەروەها چەندین چیرۆکی دیکەی نووسیوەتەوە وەک (یوسف و زولێخا) و داستانی (قەڵای دمدم) و گەلێک بەرهەمی تر کە ژمارەیان دەگاتە بیست و شەش بەرهەم.
تێبینی تا ئێستا دیار نەبووە کە لە چ ساڵێکدا کۆچی دوای کردووە!؟، هەندێک سەرچاوە دەڵێن(١٨٦٠) و هەندێک کتێبیش دەڵێن لە ساڵی (١٨٦٧) کۆچی دوای کردووە.
پارچەیەک لە چیرۆکی مەم و زین:
میر زەینەدین نزیکی ئێوارە لە ڕاو هاتەوە، لە ناکاو ڕاست هاتە ناو باخەوە، لەبەر دەرگای کۆشک لە ئەسپەکەی هاتە خوارەوە، لەوێندەر ویستی شەربەت و قاوەیەک لەگەڵ هاوڕێ و کرێکارەکانی خۆیدا بخواتەوە، لە ناکاو هاتنە دەرەوە بەرەو ئەو شوێنەی کە مەم و زینی لێ بوو هەنگاویی نا، زین لەو کاتەدا دەنگی برایەکەی خۆی بیست و ڕووی کرد لە مەم و پێگوت چ دەڵێی و چ دەکەی ئێستا؟ ئەوە میر هات؟ لەو کاتەی کە ئەم قسانەی دەکرد، لە ناچاری مەم زینی خستە ژێرعەبایەکەی خۆی و شاردیەوە و لە گۆشەیەکی کۆشکەکە ڕاوەستا و بۆی دانیشت و چووە مابەینی دوو بالیف(سەرین) و بەو شێوازە مایەوە، میر لەگەڵ هاوەڵەکانی خۆی هاتە دەرەوەی کۆشکەکە و دیتی مەم خۆی لە عەبایەکدا پێچاوەتەوە و لە گۆشیەکی کۆشکەکە دانیشتووە. میر سڵاوێکی لە مەم کرد و مەم وڵامی سڵاوەکەی دایەوە، بەڵام لە شوێنی خۆی نەجولا، “ئەی میری من لێم ببوورە ئەمنی غوڵامت نەخۆشم و “تا” دایگرتووم مەجالی جولان و هەستانم نییە و لەبەر ئەوەیە ئاوها لە شوێنی خۆم داماوم. میر پێ گوت هیچ زیانێکی نییە و بە حەزی خۆت بکە، میر دانیشت و هەموو ئەوانی لەگەڵیدا بوون دانیشتن و دیوەخانیش پڕ بوو نەفەر. میر داوای قاوە و شەربەتی کرد بۆ ئەو خەڵکەی لەوێندەرن تا بە خۆشی ڕابوێرن.
لە هەموو لایەکەوە دەست کرا بە باس و خواس و قسە کردن، کۆڕەکە پڕبوو و گەرم داهات. (تاجدین) لەو کۆڕەدا ئامادە بوو، لە بارودۆخی مەمی ڕوانی، زانی کە لە چ بارودۆخێکی سەیردایە، دیار بوو مەم نوقمی زەریایەکی غەمە، تاجدین هەستا و هاتە نزیکی مەم و ئاماژە پرسیاری بارودۆخی مەمی کرد و مەمیش لەو کاتەدا بەترسەوە دوو تەڵ لە پرچی زینی لە ژێرعەبایەکەیەوە پیشانی تاجدیندا.

پەیڤ ڕامان
خەف: نهێنی=بەدزیەوە
هۆچک: قۆڵ
لپات: جووڵانەوە.
کرن: جار
بەنی: کوهر،کۆیلە، کولەدار
هێسای: ڕاحەت، حەسانەوە
پەیا بوو: دابەزی
لەڤر: لێرە.
ئەستاندە: ستاندیە، خستیە.
ڤەشارت: شاردەوە.
هندڕ: ناوەندی، ژوورەوە.
سلاڤ ئەستاند: سلاڤ ستاند، سلاڤ وەرگرت.
نەبزاڤت: نەجووڵایەوە.
نێڕی: سەیری کرد- تەماشە کرد.
خاڵی نینە: والا نییە، بێ بەری نیە.
کەزی: گێسۆ، زوڵف.
پۆر: پرچ
بالگی: بالگۆک، سەرین، بالیف.
ڕەوشا سیاسی: باری سیاسی، بارودۆخی سیاسی.
نیڤائێکێ: نیوەی یەکەمی.
هەڤڕکی: ڕەکابەری.
هەردوو ئالیاندا: هەردوولایاندا.
جڤاکی: کۆمەڵایەتی.
لە زارۆکینیا خوە: لەو کاتەی کە زارۆک (منداڵ)بووە.
ڤەگەڕیا: گەڕایەوە.
بەرەف: بەرەو.
مفا: سوود، قازانج، فایدە.
بەرفرەهه بوونا: فراوان بوونی.
خودان شیانبوو: بەتوانابوو، خاوەنی شیان و توانا بوو.
ژ نێچیرێ زڤڕی: لە ڕاو گەڕایەوە.
هاتە باغێ: هاتە ناو باغ.
لە هەسپی پەیا بوو: لەئەسپەکەی پیادەبوو، واتا دابەزی.
ئۆڵداشێدخوە: وەلداشەکانی( هەڤاڵەکانی) خۆی.
ژ نشکێڤە: لەناکاو، لەپڕ.
هۆش هاتە سەری: هاتەوە هۆشی خۆی، بە ئاگا هاتەوە.
ڤەشارت: شاردیەوە.
دگەل قەرەبالغاخوە: لەگەڵ ئەو خەڵکە زۆرەی لەگەڵی بوون.
هاتە هندرێ قەسرێ: هاتە ناو قەسر، هاتە ناو کۆشکەوە.
قەلبەخی: سەکنی، مات بوو.
تژی بوو: پڕ بوو.
ئیشەڤ: ئەم شەو.

تعليقات