بەشی هەشتەمی مێژووی نوێ و هاوچەرخ؛ سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەفەوی لە وڵاتێکی دەستکرد بە ناوی ئێران:

لە جیاتی سوپاس و پێزانینی بۆ میرە کوردەکان، دەستی کرد بە زیندانی کردنیان و لابردنیان و گۆڕینیان بە دانانی لایەنگرانی خۆی لە قزڵباشەکان.


ناوی دەوڵەتی سەفەوی بۆ ناوی (شێخ صفی الدین) دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی (١٣٣٤)ز دا کۆچی دوایی کردووە، ئەم شێخە لە (ئەردەبیل) ناوبانگی دەرکردووە و خاوەن تەریقەتی (سۆفیگەری) بووە و خەڵکێکی زۆر لایەنگریان کردووە لە (ئازربایجان).
لەگەڵ سەرەتای سەدەی شانزدەهەمدا تەرازووی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕا بە هۆی لاوازی دەوڵەتی (ئاق قۆینلو) و دەسەڵات و ناوبانگی بنەماڵەی سەفەوی زیاتر بووە، لەو کاتەدا ئیسماعیلی سەفەوی ئەم لاوازییەی (ئاق قۆینلو) بەهەل دەزانێت و لە ئازربایجانی ئێران دەوڵەتی سەفەوی ڕادەگەینێت (ساڵی ١٥٠١)ز و خۆشی بە (شا)ی ئەو دەوڵەتە دەست نیشان دەکات و شاری (تەورێزیش) دەکاتە پایتەختی دەوڵەتەکەی و مەزهەبی شێعەش دەکاتە مەزهەبی رەسمی دەوڵەتەکە، پاشان دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوەتی ئێرانی دەستکردی ئەو کاتەدا سەپاند، ئینجا کەوتە هەڵپەی داگیرکردنی ناوچەکانی دراوسێی لەوانە کوردستان و عێراقی دەستکرد.
دەتوانین چاو تێبڕین و هەوڵدانی شا ئیسماعیلی سەفەوی بۆ داگیرکردنی کوردستان و عێراق بگەڕێنینەوە بۆ چەند هۆیەک لەوانە: –
١- خراپی و دواکەوتووی باری سیاسی وڵاتی کوردان و عێراقی دەستکرد لەبەر ئەوەی پڕ بوو لە ئاژاوە و ناکۆکی ناوخۆیی.
٢- عێراقی دەستکرد بایەخێکی تایبەتی و گرنگی هەبوو بۆ بنەماڵەی سەفەوی داگیرکەر، چونکە مەزاری گەلێک لە ئیمامانی شیعەی لێ بوو، بێ ئەملاو ئەولا دەوڵەتی سەفەوی دایگرکەر بە هەمان شێوە دەوڵەتێکی مەزهەب شیعە بوون.
٣- گرنگی شوێن و زەوی و زاری کوردستان بۆ کشتوکاڵ بە هۆی بەپیتی زەوییەکەیەوە و مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی بوو بە هۆی هەڵکەوتنی شوێنەکەی.
لەسەرەتادا شا ئیسماعیلی سەفەوی سیاسەتێکی نەرمی لەگەڵ میر و بەگەکانی کوردا پیادەکرد، بەڵام دواتر کە دەسەڵاتی چەسپاند بە توندی ڕەفتاری لەگەڵ کردن، تەنانەت دژی ئەو میرە کوردانەش بوو کە بۆ پیشاندانی لاینگری خۆیان و پیرۆزبایی بۆ دەوڵەتی سەفەوی سەردانیان کردبوو، کەچی بە پێچەوانەی بیر و بۆچوونی میرە کوردەکان، و پێچەوانەی ڕەوشتی مرۆڤایەتییەوە، لە جیاتی سوپاس و پێزانینی بۆ میرە کوردەکان، دەستی کرد بە زیندانی کردنیان و لابردنیان و گۆڕینیان بە دانانی لایەنگرانی خۆی لە قزڵباشەکان.
ساڵی ١٥٠٦ز یەکەم هێرشی سەفەوییەکان بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد بە تاڵان و کوشتن و برین و کوشتاری خەڵکی بێتاوانی کوردستان و سیاسەتی دژە کوردی بەکارهێنا.
هەروەها شا ئیسماعیل لە درێژەی فراوانخوازییەکانیدا ساڵی ١٥٠٨ز توانی بەغدا داگیر بکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئاق قۆینلو بهێنێت کە حوکمی ئەوێیان دەکرد.

تعليقات