بەشی سێزدەهەمی ئەدەب؛ سەرەتای پەخشانی کوردی.

یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، رۆژنامەی (کوردستان) بوو، کە لە ڕۆژی ٢٢ی نیسانی (١٨٩٨)دا لە قاهیرە(میقداد مەدحەت بەدرخان) دەری دەکرد.

ئاشکرایە، کە یەکەم دابەشکردنی ئەدەب دەکات بە دوو بەشەوە، هەڵبەست و پەخشان، لە باسی ئەدەبی عەرەبیدا ئەوەت بۆ دەرکەوت، کە هەڵبەست، پێش پەخشان دەکەوێت و پێش ئەو پەیدا بووە، دیارە ئەم یاسا گشتییە بەسەر ئەدەبی کوردیشدا جێبەجێ دەبێت، لە کوردیا هەڵبەست زۆر پێش پەخشان کەوتووە، بەڵام وەک دیاردەیەک لە سەدەی نۆزدەوە پەخشانی کوردی پەیدا بووە.
ئەدەبناسی کورد، کە دێتە سەر باسی پەخشانی کوردی، مەولوودنامەکەی “شێخ حسێنی قازی” (١٧٩١- ١٨٧٠) بە سەرەتای ئەم بابەتە ئەدەبییە دادەنێت، چونکە تا ئێستا بەرهەمێکی تر نەدۆزراوەتەوە کە پێش ئەمە بە پەخشان نووسرابێت، ئەم کتێبە بریتییە لە گێڕانەوە و دێتە سەر باسی لە دایکبوونی پیغەمبەر(د.خ) پاشان چەند چیرۆکێکی کورت دەربارەی سوود و گەورەیی مەولوود خوێندنەوە دەگێڕێتەوە لە ڕووی زمان و ڕووخسارەوە نرخی ئەم کتێبە لەوەدایە:
١- بە پەخشان نووسراوە.
٢- نموونەیەکە لە (سەجع)ی کوردی.
٣- بە جۆرێکی سادە حیکایەت، یان چیرۆک دەگێڕێتەوە.
٤- زمانە کوردییەکەی هەر ئەو زمانە تێکەڵەیە، کە ئەدەبی قوتابخانەی کلاسیکی پێنووسراوە، هەرچەندە لە زۆر شوێندا نووسەر سەرەتایەکی بۆ نووسینی کوردی پەتی داناوە، پەیدابوونی پەخشان بەم جۆرە و هەر لە شاری سلێمانیدا بە بەشیک دادەنرێت لە تەوژم و ڕاپەڕینەی ئەو سەردەمە لە میرنشینی باباندا دەبینرا، واتە هەر ئەو هۆ و بارودۆخەی قوتابخانەی نالی هێنایە کایەوە، هەر ئەوەش بوو بە هۆی پەیدابوونی پەخشانی کوردی.
نموونە:
لێرەدا دەتوانین نموونەیەکی جوانی نووسینی کوردی تۆمار بکەین، شیخ حسێنی قازی پاش ئەوەی باسی بیستنی مژدەی لە دایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) دەکات، دەڵێت:
(دەرگای بەهەشت کرایەوە، دەرگای جەهەنەم داخرا، گوڵی بەهەشتێ خوشحاڵ بوون، درەخت سوور بوون، کانی بە حەوز بوو، خونچە دەمی دایەوە، کانیی وشک ژیایەوە، تەیران هەموو هاتنە خرۆش، سەرچاوە هاتنە جۆش، حۆریان گردبوون، ویڵدانی بەهەشت شەرابەنتهەهوریان نۆشکرد، بولبول مەستبوون لەسەر چڵان، نەسیم وەربوون بە نێو گوڵان، گوڵالە سووربوون، کەوسەر سەرکەوت، زیخی دەرکەوت جۆگەی پڕ بوو، وشکی تەڕبوو چیمەنی شینبوو، نێرگز ڕەنگینبوو، گوڵی گەشبوو، وەنەوشە رەشبوو، نێرگز پشکوت، گیای بزوت، درەختی هاتە میوە، کەوتە دەر، قەسری موزەییەن کرا، ساحیبی موعەییەن کرا، فەرشیان ڕاخست، عەروسیان داخست، هەوا موعەتەر بوو، بۆن خۆش زۆر بوو…).
هەر لەو ماوەیەدا بەرهەمێکی تری پەخشان لە باکووری کوردستاندا نووسراوە، ئەویش کتێبی(عادات و ڕسووماتنامەی ئەکردایە)یە کە زانای کورد مەلا مەحموودی بایەزیدی، کتێبەکە لە ساڵی ١٨٥٨دا نووسیەتی، ئەم کتێبە نموونەی زمانێکی ئاسایی و ساکاری کوردی دیالێکتی کرمانجی سەرەوە، باس لە خوو و ڕەوشت و ژیانی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی کورد دەکات. دەستنووسی کتێبەکە لە کتێبخانەی گشتی (لینینگراد)دا تا ساڵی ١٩٦٣ پارێزرابوو، لەو ساڵەدا بە زمانی کوردی و بە وەرگێرانی ڕووسی و بە پێشەکی (مارگریت ڕۆدینکۆ)وە لە مۆسکۆ چاپکرا شێوەی کتێبەکە ئەومان بۆ دەردەخات، کە زیاتر بۆ زانین و یاداشتی شەخسی نووسرابێتەوە، چونکە نووسەر بە قسەی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی (ئەلیکسەندەر ژاپا) نووسیویەتی و بۆ ئەوەی نووسیوە، جا هەر چۆنێک بێت لە ڕووی تۆمارکردنی خوو ڕەوشتی کوردەوە شتێکی بە نرخی بۆ بەجێ هێشتووین و نووسینە پەخشانەکەشی هەرچەندە مەبەستی توانای ئەدەبی پیشاندانی تێدا نییە بەڵام بە وێنەیەکی ساکاری کوردی نووسینی بۆبەجێ هێشووین.
نموونەیەک لە پەخشانەکە:
عادەتێکی دن ژی ئەوان ئەکرادێت خۆ جەهی هەین، زڤستان وەکوو دێنە مەجلیس ئەو دکەنە گەڕەلاوژ، گەڕەلاوژ تا وەکوو هەرچەند مرۆڤ دوی مەجلیسدا حارز هەین، ماقوڵ و مەزن و بچووک، حەموو دێ هەریەک بەندەکی ئسترانی لابود بە بێژیتن، ژ سەرێ مەجلسێ دەستپێدەکەن حەتتا دووماهیا مەجلیس، شایەد وەکوو مێوانەک دوی مەجلیسی پەیدا بتن بێچارە بە ئەلبەتە ئەو مێوان ژی دێ بەندەکەی ئسترانێ ژ بۆ وان ببێژیتن، نەگۆتی ئەلبەتە نابتن. ئەو ئەکراد ژی ڤی بەندا ئسترانێ را گیسک دبیژن، ئەلبەتا مێوان ژی دێگیسکە مەجلیسی بدەتن.
لێکدانەوەی وشەکان:
دنی ژی: هی تریش
ئەکرادێد خۆ جەهی: کوردانی نیشتەجێ
هەین: هەیە
زڤستان: زستان
گەڕەلاوژ: گەڕەلاوژە، هەراوهوریا و تێکەڵی
مرۆڤ: پیاو
مەزن: گەورە
دی: ئیتر
بەندەکەی: پارچەیەک
ئستران: ستران، گۆرانی
دووماهی: دوایی
مێوان ژی: میوانیش
ڤی: ئەو
گیسک: گەسک
بێگومان ئەم کتێبەی مەلا مەحموود بایەزیدی کاری نەکردووەتە سەر بەرەوپێشچوونی ئەدەبییاتی کورد، چونکە لە کاتی خۆیدا بڵاو نەکرایتەوە، تەنانەت لەبەریشی نەنووسرایتەوە و هەر ئەو دەستنووسە هەبوو، کە لەم دواییە بڵاوکرایەوە.
بەڵام بزووتنەوەی ئازدیخوازی کورد لە دوای ساڵانی سەدەی نۆزدەیەمدا، هۆیەکەی تری بۆ خەبات و شێوەیەکی تری بۆ دەربڕینی بیری سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی دۆزییەوە، کە ئەویش رۆژنامەی کوردییە.
رۆژنامەی کوردی، ئەو سەردەمە و ئێستاش زۆر شیوەی ئەدەبی هەیە، تەنانەت لە نووسینە سیاسییەکانیشدا شیوازی ئەدەبی دەسەلات بەسەر نووسەردا دەکێشێت، لەبەر ئەمە پەیدابوونی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە سەرەتای پەرەسەندنی پەخشانی کوردی دەزانرێت، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، رۆژنامەی (کوردستان) بوو، کە لە ڕۆژی ٢٢ی نیسانی (١٨٩٨)دا لە قاهیرە(میقداد مەدحەت بەدرخان) دەری دەکرد و پاشان لە جینێڤ و ئەستەمبۆل دەردەچوو، لە پاش ئەمە گۆڤاری (ڕۆژی کورد) لە ئەستەمبۆڵ لەساڵی( ١٩١١) دا بڵاوکرایەوە، ئینجا گۆڤاری (بانگی کوردستان) هەر لە ئەستەمبۆڵ ساڵی ١٩١٣ بڵاوکرایەوە.
وردە وردە لەگەڵ دەرچوونی ڕۆژنامە و گۆڤاری تازەدا پەخشانی کوردی دەستی بە پەرەسەندن کرد، بابەتی تازەی پەخشان هاتە کایەوە، لە وتاری سیاسییەوە، کە بە شیوازیکی ئەدەبی دەنووسرا بۆ وتاری کۆمەڵایەتی و پارچەی ئەدەبی، تا لە ڕۆژانی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموودی نەمردا چیرۆکی کوردی سەریهەڵدا چیرۆکی کوردی چەند بابەت و چەند پلەی خۆی هەیە، هەروەک لە پال چیرۆکدا وتاریش بەرەو پێش چوو.

تعليقات