ساڵی ٢٠١٩ شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات

ساڵی ٢٠١٩ شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات

فەرماندەیەک و پسپۆڕێکی سەربازی پێشبینیی شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان سێ لایەن، دەکەن.
بەپێی هەواڵێکی میدیا ئیسرائیلییەکان، نەداف بین حور، فەرماندەیەکی سوپای ئیسرائیل لەگەڵ مایکڵ ئیزنچات، پسپۆڕی کاروباری سەربازی راپۆرتێکیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئەو پێشبینییەیان کردووە.
ئەو دوو کەسایەتییە ئیسرائیلییە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەهۆی چالاکیی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی و میلیشیا ئێرانییەکان، ئەگەری شەڕی ئیسرائیل دژی ئەو دوو لایەنە لە سووریا و لوبنان، هەیە.
لە راپۆرتەکەدا پێشبینیی ئەوە کراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٩شەڕێکی گەورە لەنێوان بەرەی ئیسرائیل و بەرەی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی و میلیشیا شیعەکان هەڵدەگیرسێت، کە گۆڕەپانەکەی ئێران، سووریا، عێراق، ئەفغانستان، پاکستان و یەمەن دەبێت.
تا ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین جار بنکە و بارەگا و کۆگاکانی چەکی میلیشیا ئێرانییەکان و حزبوڵڵایان لە سووریا بۆردومان کردووە.
حزبوڵڵا و میلیشیا ئێرانییەکان لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە بە ناردنی چەک و چەکدار، هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و ئیسرائیلیش بوونی ئەو میلیشیایانە لە سووریا بە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی، دەزانێت.
لە مانگی ئاداری ٢٠١١ ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

تعليقات