بەشی دوازدەیەمی ئەدەب؛ نالی (١٨٠٠-١٨٧٣)ز:

بەشی دوازدەیەمی ئەدەب؛ نالی (١٨٠٠-١٨٧٣)ز:

ژیان و بەرهەم:
نالی ناوی مەلا خدرە کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئالی بەگی میکایەڵیە یەکێکە لە تیرەکانی خێڵی جاف، لە گوندی (خاک و خۆڵ) لە دەشتی شارەزوور لە دایکبووە، بۆ خوێندن چۆتە قەرەداغ و پاشان خوێندنی فەقێەتی لە سلێمانی لە (خانەقای مەولانا) تەواو کردووە و ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، نالی بە چاوی خۆی لووتکەی گەشەسەندن و پەرەسەندنی فەرمانڕەوایی بابانی دیتووە. لە کاتێکدا کە چووە بۆ سەفەری حەج و لە ڕێی گەڕانەوەدا لە شام هەواڵی ڕووخاندنی میرنشینی بابان و هێرشی عوسمانییەکان و داگیرکردنی سلێمانی دەبیستێت. ئیتر بڕیار دەدات نەگەڕێتەوە و ڕوودەکاتە ئەستەمبۆڵ و هەر لەوێ بە خەم و دووری نیشتیمانەوە سەر دەنێتەوە.
بەرهەمی:
وەک گوتمان، ڕەنگە لە ڕواڵەتدا هەڵبەستی نالی بە تازە دانەنرێت، یا بە دیمەنێکی تری ئەو ئەدەبیاتە کلاسیزمە کوردییە بزانرێت، کە بە شێوەی کرمانجی سەروو لە سەدەی حەڤدەهەمدا گەشەی سەندبوو، یا ڕەنگە هەندێک بە وێنەیەکی کوردی هەڵبەستی کلاسیزمی ڕۆژهەڵاتی ببینن و تازەیی تێدا نەبینن، بەڵام ئەمانە هەموو لە ڕاستییەوە دوورن، (نالی) ئەگەر هیچی نەکردبێت، هێز و توانای فراوان و داهێنەرانەی زمانی کوردی لە دەربڕیندا دەرخستووە، لە ناو کوردیشدا بە پیت و پتەوی وشەی دیالێکتەی خۆی بە جۆرێک پیشانداوە، کە ببێت بە بناغەی یەکگرتنی زمانی ئەدەبی کوردی.
بەڵێ وشە زۆر جار لای نالی گەلێک مانای هەبووە، وەک هەموو هەڵبەستوانانی کلاسیزمی جیهان خەریکی(وشەکاری) و ڕازاندنەوەی وشە و بە چەند مانا بەکارهێنانی وشە بووە، بەڵام ئەگەر ئەم وشەکارییە لای هەڵبەستوانی تر چەشنێک یا دیمەنێک بووبیت لە دیمەنەکانی توانای ئەدەبی خۆیان، یا ئەدەب بەلای ئەوانەوە ڕێگەیەکی کات ڕابواردن و کات بەسەربردن بووبێت، ئەوا لای نالی ماناو مەبەستێکی قوڵتر و ئاسۆیەکی فراوانتری هەیە، کە لەم مەبەستەدا نالی لە ئەدەبی ئەم سەردەمەوە نزیکدەکاتەوە.
نالی کە هەڵبەستوانی ڕۆژانی گەشەسەندی میرنشینی بابانە، ئاگاداری هەموو ئەو جمجۆڵو تەوژمەیە، کە لە دەروونی کۆمەڵگەی ئەو کاتەی سلێمانیدا جۆشیخواردووە و ڕوویکردۆتە ئاسۆی بەرینی یەکخستنی کوردستان. ئەم هەڵبەستوانە ڕابەرەش، وەک بیەوێت بە وشەی کوردی و بە بناغەی وشەی ناوچەکەی خۆی ببێت بە بەشێک لەو تەوژمە و بە وشەیەکی باڵدار بگاتە ئەوپەڕی سنووری کوردستان. ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە هەندێک دیمەن و وشەو مانای هەڵبەستی نالی بە کۆن بزانین، چونکە لە دوای خۆی زۆر دوبارە کراونەتەوە، ئەوا لە کاتی خۆیدا هەمووی تازە بووە.
وەک لە هەموو سەردەمێکدا بەرەی کۆن بە چاوی سەیر و ناڕەزاییەوە تەماشای تازە دەکات، ئەوا لە ڕۆژانی (نالی)یشدا زۆر کەس بە ناڕەزایی و سەرسووڕمانەوە تەمەشای ئەم چەشنە هەڵبەستە تازەیە و ئەم زمانە تازەیان کردووە، یا لە لایان سەیر بووە، کە بە کوردی هەڵبەست بنووسرێت.
(نالی) لە وەڵامی ئەمانەدا دەڵێت:
تەبعی شەکر باری من کوردی ئەگەر ئینشا دەکا
ئیمتحانی خۆیە مەقسوودی، لە عەمدەن وا دەکا
یا لە مەیدانی فەساحەدا بە میسلی شەهسوار
بێ تەئەمول بەو هەموو نەعە زبانی ڕادەکا
کەس بە ئەڵفازم نەڵێ خۆ کردییە خۆ کوردییە
هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکا
بێتە حوجرەم پارچە پارچە موسوەدەم بکڕێ بە ڕۆح
هەر کەسێ کوتاڵ و پارچەی بێبەدەڵ سەودا دەکا
شیعری خەلقی کەی دەغاتە شعیری من بۆنازکی
کەی لە دیقەتدا پەتک دەعوا لەگەڵ هەدا دەکا.
نالی بەم بیرە وردە قوڵەو بەم خوێنگەڕمییەوە لە سەر وشەی خۆشەویستی کوردی دەکاتەوە، ڕەنگە لە پاڵ هەموو ناڕەزاییەکدا پێیگوترابێت، هەڵبەست بە کوردی نانووسرێت، بەڵکوو بە زمانی تری ڕۆژهەڵات دەنووسرێت. یا هەڵبەستوان ئەوەیە، کە بە چەند زمانێک هۆنراوەی هەبێت. دیارە لە هەڵبەستی کۆندا وەک زۆر مەرج و سنوور و پێوەند بۆ هەڵبەستوان دانراوە و ئەوانە کراون بە مەرجی هەڵبەستوانیەتی. بە چەند زمان هۆنراوە و هەڵبەست گوتنیش مەرجێک بووە بۆ دەرچوونی هەڵبەستوان لە تاقی کردنەوەدا.
(نالی) زۆر بێباکانە و بە توانا چۆتە ئەو تاقیکردنەوەیە و بە چەند زمان هەڵبەستی نووسیوە و لەم مەیدانەدا بە شانازییەوەنووسویەتی:
فارس و کورد و عەرەب هەرسێم بە دەفتەر گرتووە
نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ موڵکە دیوانی هەیە
ناوەڕۆکی هەڵبەستەکانی نالی:
ئەگەر بە وردی بمانەوێت دەستنیشانی ناوەڕۆکی هەڵبەستی نالی بکەین، ئەوا سێ مەبەستی گەورە و دیار لە هەڵبەستەکانیدا دەبینین.
١- دڵداری:
زۆری بەرهەمی (نالی) لە دڵداری دەوێت. شارەزایانی ئەدەبییاتی کوردی خۆیان بەوە خەریککردووە، کە ئایا ئەو سۆز و هەستەی لە هەڵبەستی نالیدایە، سۆزی دڵدارییەکەی ڕاستەقینەیە یا هەروەک هەموو هەڵبەستوانانی کۆن، بۆ پیشاندانی توانای هەڵبەستوانیەتییە، و دەبێت لە هەموو باسیک بدوێت، ڕێگەی هەڵبەستی دڵداریشی گرتووە، ڕاستی ئەمە هەرچییەک بێت، ئەنجامەکەی ئەوەیە، کە نالی یەکێە لەوانەی جوانترین هەڵبەستی دڵداری کوردییان نووسیوە، هەڵبەستی دڵداریش بەشی هەرە زۆری بەرهەمی نالییە لە پاڵ سۆزی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیی و دەربڕینی هەستی ناسکی دەرووندا، هەر بە دەم هەست دەربڕینەکەوە، وەسفێکی بەرز و جوان و وردی ئافرەت هاتۆتە ناو هەڵبەستی کوردییەوە، کە لەم مەیدانەشدا (نالی) کردووە و بە رابەری ڕێبازێک.
زۆڵفت لە قەدت کە پەریشان و بڵاوە
ئەمڕۆ لە منی شیفتە ئاڵۆز و بەداوە
بۆچی نەگریم سەد کەڕتەم دڵ دەشکێنی
مەی بۆ نەڕژێ شووشە لە سەد لاو شکاوە
عومرێکی درێژە بە خەیالی سەری زۆڵفت
سەودا و پەرێشانم و سەودایەکی خاوە
هەرچەندە کە ڕووتم بە خوا مایلی ڕووتم
بێ بەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە
هەر جۆگەو جۆباری کەوا سوور و سوێربێ
جێی جۆششی گریانی منە، خۆێن نەڕژاوە
بێ فائیدەیە مەنعی من ئێستاکە لە گریان
بۆ عاشقی بیچارە زوو ئەم ئاوە ڕژاوە
سۆزی دڵمە، باعیسی تاوو کۆڵی گریان
مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە
(مانی) نییەتی قووەتی تەسویری برۆی تۆ
ئەم قەوسە بە دەستی موتەنەفیس نەکشاوە
(نالی) وەکوو زوڵفت کە موتیعی بەری پێتە
تێکی مەشکێنە بە جەفاو مەیخەرە لاوە.
٢- ئاینی:
ڕەنگە بتوانین بڵێین هەڵبەستی ئایینی لە پێش نالیدا بریتییە لە هەندێک هەڵبەستی مەزهەبی ئەویش ئەوەیە، کە لای هەڵبەستوانانی دیالێکتی گۆران هەورامی دیارە. یا بریتییە لە هەڵبەستی سۆفیگەری، کە زۆر باش لە بەرهەمی مەلای جزیری و فەقێی تەیراندا دیارە و لە (مەم و زین)ی خانیدا دەگاتە لووتکە. بەڵام ئەو جەشنە هەڵبەستە لە بەرهەمی نالیدا شێوەیەکی دیکەی هەیە.
نالی ڕێگەی ستایشی پیغەمبەری گرتووە. نالی هەست و خۆشەویستی خۆی بەرامبەر پێغەمبەر و خاکی مەککە و مەدینە دەردەبڕێت و دەگاتە ئەوەی، کە خۆی بە سەگی بەر ئە ئاستانە بزانێت کە دەڵێت:
ئەگەرچی کوردی شارەزووری قەسوەتم ئەمما
وەسیلەم تیبە و حیلمی شەفیع و فەزلی مەننانە
بەسەر هاتوومە ئەو خاکەی کە هەر مسقاڵە زەڕەیێکی
بە میزانی شەفاعەت کێوی حلیم و بەحری غوفرانە
نەبوو ڕووم بێمە خاکی چاکی پاکی تیبە تا بیستم
بە سەگ نابێ مولەوەس ئاوی زەرقا بەحری ئیحسانە
چ زەرقا بۆ سیاهی دەفتەری هەر ناسیە ماحی
چ تیبە بۆ تەباهی دەردی هەر دەرماندە دەرمانە
دەری ڕەحمەت کەوا بەحری موحیتە عاسییە (نالی)
تێدا جان و تەن ئیفتادەی شەپۆڵی سەیلی عسیانە.
بەڵام لەگەڵ سۆزی قوڵی ئەم ستایشانەدا لە بەرهەمی نالیدا ناتوانین لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا بگەینە ئەوەی کە ناڵی سۆفی بووە. یا خۆی بە ڕێبازێکی تایبەتی سۆفیگەری بەستووە.
بەڵکوو ئاین و موسوڵنمانییەتی لە هەڵبەستی نالیدا هەستێکی گشتی و خۆشەوسیتییەکی فراوانی موسوڵمانێکە. لەبەر ئەوەی ئەم چەشنە بەرهەمە بەشێکی زۆری لە دیوانی نالی دەبێ جێی تایبەتی بۆ تەرخانبکرێت.
٣- نیشتیمانپەروەری:
هەڵبەستی نیشتیمانپەروەری کوردی لە خانییەوە دەستپێدەکات، حاجی قادری کۆیی ئاوێنەی سەدەی نۆزدەهەم و دەنگدانەوەی هەڵبەستی خانییە لە ئەدەبی کوردیی ئەو سەدەیەدا.
بەڵام ئەگەر خانی و حاجی هەندێک درووشمی ڕێکاوڕێک و روونی نیشتیمانپەروەرەرییان هەڵگرتبێت و ڕۆڵی ڕابەرییان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی گەلی کورددا بە جێهێنابێت، ئەوا هەڵبەستی نالی و قوتابخانەکەی لەو چەشنە بیر و دەربڕێنە بە دوور نەبوون.، بەڵکوو نیشتیمانپەروەری لە هەڵبەستی نالیدا دەچێتە قاڵبێکی کلاسیزمی نیشتیمان پەروەرییەوە، واتە نیشتیمانپەروەری لای نالی هەستی قوڵی خۆشەویستی خاکی نیشتمانە، پێوەندی هەڵبەستوانە بە هەموو بستێک و کونجێکی خاکی نیشتیمانەوە: نالی دەڵێت:
دڵ سیاسەنگ نەبێ مایلی خاکی وەتەنە
خاڵی لەعلی حەبەشە، ساکینی بوردی یەمەنە
یا دەڵێت:
دڵی (نالی) کە ئەنیسی قەرەداغە ئێستا
داغی سەرچاو و دێوانە و دراو دەوەنە.
ڕوخساری قوتابخانەی ئەدەبی بابان:
زۆر لە ڕەخنەگران ئێستا ڕوخسار و ناوەڕۆک لە ئەدەبدا لە یەک جیا دەکەنەوە. هەرچەندە ڕوخسار و ناوەڕۆک لە رووی بەرزی و جوانییەوە ئەگەر لە یەک پلەدا نەبن. بەرهەمەکە شاش دەبێت. بەڵام دەتوانین بە جیاش باسیان بکەین.
وەک بۆمان دەرکەوت لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، قوتابخانەی ئەدەبی نالی گەلێک لە ناوەڕۆکی هەڵبەستی کلاسیزمی ڕۆژهەڵاتی تێدایە و باسی ژیانی کوردەواری کردووە، کە دیمەنی نیشتیمانپەروەریشی تێدا پەیدا ببێت.
لە ڕووی ڕوخساریشەوە هەموو خاسیەتەکانی هۆنراوەی کلاسیزمی تێدایە
١- بەکارهێنانی کێشی عەرووز.
٢- هەموو پارچە هۆنراوەکە یەک (ڕەوەیە) یان هەیە واتە هەموو دێرەکان بە یەک (پیت)کۆتاییان دێت، هەروەها هەموو دێرەکانی هۆنراوە یەک سەروایان هەیە.
٣- بەم جۆرە زۆر جار لە تاکە دێرێکدا مانایەکی تەواو دەبینین. لە کاتێکدا لە هەڵبەستی تازەدا بە هەموو پارچەکە واتا تەواو دەبێت.
٤- بەکارهێانی هەموو ئەو (وشەکاری) یانەی لە ڕەوانبێژیدا بەکارهێنراون.
ڕەنگە بۆ ئەمڕۆ دووبارەکردنەوەی ئەم وشەکارییەی بە لاسایکردنەوە بژمێردرێت، بەڵام ئەو کاتە و بۆ بەرهەمی نالی و هاوڕیکانی تەواو تازە بوو. چونکە ئەوان شارەزایی خۆیانیان لە ڕەوانبیژیدا بۆ دەرخستنی جوانیی وشەی کوردی بەکارهێناوە. واتە مەیدانێکی تازەیان دۆزییەوە بۆ جێبەجێکردن و پیشاندنانی توانای خۆیان.
زۆرجار، کە دێرێک هەڵبەستی کۆن دەخوێنینەوە، بە چەند جۆرێک لێکیدەدەینەوە، چونکە هەڵبەستوان وشەکارییەکی وایکردووە کە بە چەند جۆر لێکبدرێتەوە. جا ئەگەر هەڵبەستوانی تر وایکردووە خۆی هەر تاقە مەبەستێکی هەبووبێت و ئێمە ئەمرۆ بە چەند جۆر لێکیبدەینەوە ئەوا (نالی) لەم وشەکارییەدا گەلێ مەبەستی هەبووە، یا هەڵبەستەکانی وا داڕشتووە، کە بیری ئێمە بەلای چەند لیدانەوەیەکدا بەرێت، ئەمەش دیمەنێکی تری توانای هەڵبەتسوانیەتی نالییە. کە لە باسی ڕەوانبێژیدا گەلێک وێنەی دەخوێنین.
قوتابخانەی نالی بە هەموو ڕوخسار و ناوەڕۆکەوە تا سەرەتای سەدەی بیستەم بەردەوام بووە و لە رووی زمانیشەوە تا ئیستا بەردەوامە.

تعليقات