سێ وڵات دەیانەوێت گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران ڕابگرن

سێ وڵات دەیانەوێت گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران ڕابگرن
سێ کۆمپانیای فڕۆکەوانی بریتیش ئێروەیزی بەریتانی (BRITISH AIRWAYS) و ئێر فرانسی فەڕەنسی (AIRFRANCE) و کەی ئێڵ ئێمی هۆڵندی (KLM) بڕیاریاندا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران ڕابگرن.
کۆمپانیای بریتیش ئێروەیز لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا هیچ پاساوێکیان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی کە کارکردنیان لە ڕێگای ئاسمانیی لەندەن – تاران بازرگانی نییە، لە کۆتایی مانگی داهاتوودا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران ڕادەگرن.
ئاشکراشیکردووە، دووایین گەشتی بریتیش ئێروەیز لە لەندەنەوە بۆ تاران ڕۆژی ٢٢ی ئەیلولی داهاتوو و گەڕانەوەیشی ڕۆژی دواتر واتە ٢٣ی ئەیلول ئەنجامدەدرێت.
کۆمپانیایەکە لەگەڵ ئەوەی داوای لێبوردنی لەو گەشتیارانە کردووە کە تکتی گەشتی ئاسمانیی لەندەن بۆ تارانیان دوای ئەو بەروارە کڕیوە، ڕاشیگەیاندووە، گفتوگۆیان لەگەڵ چەند کۆمپانیا دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی گەشتەکانیان بۆ ئەو کۆمپانیایانە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر ئەو پلانە سەرینەگرت پارەی تکتەکان بە گەشتیاران دەدرێتەوە یاخود ئەگەر توانرا گەشتەکانیان پێشدەخەن.
هاوکات دوو کۆمپانیای ئێر فرانس و کەی ئێڵ ئێم ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارە ئابووریەی کە لە ئەنجامی گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هاتووەتە ئاراوە، مانگی داهاتوو سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تاران ڕادەگرن.
کۆمپانیای کەی ئێڵ ئێم ڕایگەیاندووە، دوایین گەشتی بۆ تاران ٢٤ی ئەیلوولی داهاتوو دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە چەند ڕۆژ پێش ئێستا کۆمپانیای نەوت و گازی فرانسۆ تۆتاڵی فەڕەنسی کارەکانی خۆی لە ئێران ڕاگرت.
٧ی ئەم مانگە و بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قۆناغى یەکەمى گەڕانەوەی سزا ئابوورییەکانى واشنتۆن بۆ سەر تاران دەستیپێکرد، کە ئاڵوگۆڕى دۆلار و بازرگانى زێڕ و کانزاکان و پرۆگرامەکانى پەیوەست بە پیشەسازى و کەرتى ئۆتۆمبێل دەگرنەوە.
لە هەنگاوى دووەمیشدا کە بڕیارە لە ٥ى تشرینى دووەمى ئەمساڵدا جێبەجێبکرێت، بە تەواوى هەناردەى نەوت و ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەڕێگەی بەندەرەکانى ئێرانەوە ڕادەگیرێت، کە چاوەڕواندەکرێت ئەو هەنگاوە زیانى گەورە بە ئابوورى ئێران بگەیەنێت.

تعليقات