چ ڕژێمی شای ئێران بێت و چ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کورد هەر یەک دوژمنن

چ ڕژێمی شای ئێران بێت و چ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کورد هەر یەک دوژمنن.

نە لایەنگرانی شای ئێران لە خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێراندا شوێنی متمانەن و نە لایەنگرانی میانەڕەوەکانی سەر بە خاتمی و ناتق نووری کە ماوەیەکی زۆرە لە لایەن خامنەیەوە پەراوێز خراون و ….هتد. ئەم چەند دەستە کە باسمان کردن بۆ کورد هەر یەک دوژمن. چۆن هەموویان دژی کوردستانێکی فیدراڵن لە ئێرانی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. ئەوان لەو باوەڕەدان ئێران یەک ئاڵا و یەک خاک و یەک زمان و یەک نەتەوە بمێتەوە و نەتەوەکانی دیکە هەر وەکوو جاران لە ژێر دەستەی ئەواندا ژیانی خۆیان بەسەر ببەنەوە.
سیاسەتی ئێستای حکوومەتی ئێران و سوپای پاسداران بە لاڕێدابردنی درووشمی خەڵکی خۆپیشاندەرە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن؟ یەکەم: بە بەرز کردنەوەی (بژی شا بژی شا)ی بە ناو خۆپیشاندەرانی ناو شەقامەکانی ئێران هیچ لە مەسەلەی کورد نایتە ناگۆڕێت، چۆن بیرۆکەی شا و بیرۆکەی حکوومەتی ئێستای ئێرانیش هەر یەک بیرۆکەیە بەرانبەر بە کورد. نەدانی مافی ئازادی زمان و کلتوور و ئاین و داب و نەریت و خاک و سروود و ئاڵا و…..هتد. لە ژێر هەر ناوێک بێت بۆ کورد جیاوازییەکی وای نابێت بۆ کوردستانێکی ئازاد و خەڵکێکی ئازادیخواز لە ئێرانێکی دوواڕۆژدا.
ئایا کۆماری ئیسلامی چۆن دەیەوێت خۆی لە ڕووخان و تووڕەی خەڵکی ئێران ڕزگار بکات؟ ئەو کەسانەی کە بە ناو میانەڕە و چاکسازن لە ئێستای ئێراندا و ناویان بە گۆڕانخواز دەرکردووە، هەمان مێشک و فکریەتی سەرەتاکانی هاتنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان هەیە، لە ڕاستیشدا لە بنچینەوە لە ژێر باوەڕی خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاو دەنێن و لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ماوەیەکە پەراوێز خراون، دەیانەویت دیسان بێنەوە مەیدان و نەهێڵن کۆماری ئیسلامی ئێران بڕووخێت و شۆڕشی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببەن و کۆماری ئیسلامی ئێران بە خوێنێکی نوێیەوە زیندوو بکەنەوە و خەڵکی لە ڕووخانی یەک جارەکی و لە ناو بردنی ئەم دەسەڵاتە دوور بخەنەوە.

تعليقات