خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەوتیان دەستکەوت و وێنەی (مام جەلال)یشیان لابرد.

خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەوتیان دەستکەوت و وێنەی (مام جەلال)یشیان لابرد.


وێڕای ڕادەستکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق، گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایانگەیاندووە لەنێو خودی حزبەکەیان دان، نەیانتوانی پارێزگاری لە وێنەکەی سکرتێری گشتیی یەکێتیش بکەن.

لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی پارێزگای کەرکووکدا، ساڵەهای ساڵە، وێنەیەکی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە، بەڵام بەپێی ئەو وێنەیەی کە لەبارەی دوایین کۆبوونەوەی نێو هۆڵەکەدا بڵاو کراوەتەوە، دەردەکەوێت ڕاکان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، وێنەکەی جەلال تاڵەبانی لە هۆڵەکە لاداوە.

چاودێران پێیانوایە، گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی دەڵێن لەنێو خودی حزبەکەیان دایە و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووکیش دەڵێت یەکێک لە کوڕەکان و برازاکانی مام جەلالن، هەرچەندە کەرکووک و خورماتوو و ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق کرد، کەچی لە بەرامبەردا تەنیا نەوتیان قازانج کرد و پارێزگارییان پێ لە وێنەکەی مام جەلالیش ناکرێت.

پێشتر (باس) و (باسنیوز) ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە لە بەرامبەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، گرووپە خیانەتکارەکە ڕۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووکیان پێ دەدرێت و بەهۆیەوە کەناڵی ئاسمانی و پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان دادەمەزرێنن. بۆیە چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو گرووپە لە بەرامبەر ڕادەستکردنی کەرکووکدا، نەوتیان دەستکەوتووە، بەڵام جێگەیەکیان تەنانەت بۆ مام جەلالیش نەهێشتووەتەوە.

لە ماوەی رابردوودا ھەوڵێک بۆ دانانی پەیکەرێکی تاڵەبانی لەسەر قەڵای کەرکووک درا، بەڵام ھەر زوو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕێگەیان بە دانانی ئەو پەیکەرە نەدا و گرووپە خیانەتکارەکە بیانووی ئەوەیان هێنایەوە کە پەیکەرەکە بۆ شوێنێکی شایستەتر دەگوازنەوە، لە کاتێکدا قەڵای کەرکووک گەورەترین سیمبولی شارەکەیە.




تعليقات