ئەمریکا پیلانێکی درێژخایەنی تورکیا و عێراق دژ بە باشووری کوردستان پووچەڵ دەکاتەوە

ئەمریکا پیلانێکی درێژخایەنی تورکیا و عێراق دژ بە باشووری کوردستان پووچەڵ دەکاتەوە.

پاش ئەوەی بانگەشەی ئەوە کرا کە عێراق و تورکیا لەسەر کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لە ناوچەی (ئۆڤاکۆی) سنووری نێوان زاخۆ – سلۆپی ڕێککەوتوون، تاوەکوو قورسایی جموجۆڵی بازرگانی بخرێتە سەر ئەو دەروازەیە، ئاشکرا کرا کە ئەمریکا بەو پڕۆژەیە ڕازی نییە و پلانێکی هەیە کە بەهۆیەوە پێشمەرگە بۆ چەندان ناوچە دەگەڕێتەوە.
ڕۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی نزیک لە حکوومەتی تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەنقەرە و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لە (ئۆڤاکۆی) گفتوگۆیان کردووە، ئەو هێڵەی کە لە ناوچەی ئۆڤاکۆی تاوەکوو بەغدا درێژ دەبێتەوە، گوایە لەو ڕێگەیەوە کار لەسەر لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام دوای ڕێککەوتنەکە، ئەمریکا لە ڕێگەی برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکاوە، کەوتووەتە جموجۆڵ و ناوبراو لەمبارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆبووەتەوە، لە نێویشیاندا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە لە گفتوگۆکانی نێوان مەکگۆرک و بەرپرسانی باڵای هەرهەرێمی کوردستان، جەخت لەوە کراوەتەوە کە کەرکووک لەلایەک و ناوچەکانی سنووری نێوان عێراق و تورکیا بە گشتی دەکەونەوە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا.
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە لەمبارەیەوە مەکگۆرک لە مووسڵ، هەولێر، تەلەعفەر و شنگال، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە سنوورەکانی نێوان (عێراق – تورکیا) لەلایەک و (عێراق – سووریا) لەلایەکی دیکەوە، لە هێزەکانی عێراق پاک دەکرێنەوە و دەخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە.
بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەکەی نزیک لە حکوومەتی تورکیا، پلانەکەی ئەمریکا بە جۆرێکە کە سەرەتا تەلەعفەر و دەوروبەری لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق وەردەگیرێتەوە و فڕۆکەخانەی تەلەعفەر دەخرێتە ژێر چاودێریی هێزەکانی ئەمریکا. تەنانەت مەکگۆرک لەو کۆبوونەوانەدا ڕای گەیاندووە کە ئێستا تەلەعفەر لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سەر بە ئێران دایە و دەبێ شارەکە لەو هێزانە پاک بکرێتەوە و بکەوێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا.
”پێشمەرگە سنووری عێراق – سووریا کۆنتڕۆڵ دەکا“
ڕۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی تورکی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە کە لە گفتوگۆکانی مەکگۆرکدا، ٣ بەرپرسی باای ئەمریکی بەشدارییان کردووە و تێیدا گوتوویانە کە دەبێ سنووری نێوان عێراق – سووریا ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە بکرێ و لەمبارەیەشەوە واشنتۆن بڕیاری خۆی دایە و بۆ ئەو مەبەستەش، مەکگۆرک ماوەی ٤ ڕۆژ لە هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆی کردووە.
لەو گۆفتوگۆیانەدا، مەکگۆرک باسی لەوە کردووە کە ئێستا لە سنووری پارێزگاکانی مووسڵ و کەرکووک، ٤٠ هەزار چەکداری میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەنە و ٨٠٪ی سوپای عێراق لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران پێکهاتوون، بۆیە ئەوان دەیانەوێت ئەو ناوچانە لەو چەکدارانە پاک بکرێتەوە و بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە، قۆناغی دووەمیش، کەرکووک بە تەواوی بخرێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و بە هەرێمی کوردستانیشەوە گرێ بدرێت.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامەیەی نزیک لە حکوومەتی تورکیادا هاتووە، ئەو هەوڵدانەی ئەمریکا بۆ ڕێگەگرتنە لە پلانەکەی ئەنقەرە و بەغدا کە دەیانویست لە (ئۆڤاکۆی) دەروازەیەکی سنووریی لە نێوان تورکیا و عێراق دابمەزرێنن، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی ئەم دەروازە سنوورییە وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ دەروازەی سنووریی (ئیبراهیم خەلیل) دەکرێتەوە و قورسایی جموجۆڵی بازرگانی دەخرێتە سەر. ئامانجی تورکیا و عێراقیش لەم کارە، لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ڕۆژنامە تورکییەکە دووپاتی کردووەتەوە کە ئەمریکا بەم هەنگاوە ڕازی نییە و دەیەوێ پلانەکەی هەردوو دەوڵەت تێک بدات.
هاوکات باس لەوە کراوە کە ئەگەر سەرجەم ناوچە سنوورییەکان بە تەواوی بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە و ئەمریکا، لەلایەکەوە پڕۆژەکەی ئەنقەرە – بەغدا تێک دەچێت، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگەیەکی بەردەوام بۆ هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کە باڵی سووریای (پەکەکە)یە، بەردەوام دەبێت. بۆیە ڕۆژنامەکە داوای کردووە، بۆ ڕێگەگرتن لە هەوڵەکەی ئەمریکا، پڕۆژەی (ئۆڤاکۆی) بەپەلە جێبەجێ بکەن و دەروازەکە بکەنەوە.
وەک ڕوونە، پاش ڕێککەوتنەکەی بەغدا – ئەنقەرە لە میانی سەردانەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا، برێت مەکگۆرک هاتووەتە هەرێمی کوردستان و ماوەی ٤ ڕۆژ لەگەڵ بەرپرسانی کورد، کوردانی شەبەک، تورکمان، عەرەب و کریستیانەکان کۆبووەتەوە، لە هەولێریش لەگەڵ سەرۆک بارزانی بەرپرسانی باڵای دیکە، لە سلێمانیش لەگەڵ قوباد تاڵەبانی دیداری هەبووە، هەروەها شاندێکی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریش لەگەڵ مەکگۆرک لەو دیدارانەدا بەشدار بوون.

تعليقات