Skip to main content

ئەمریکا چەند رادارێک لە رۆژئاوای کوردستان جێگیر دەکات

 ئەمریکا چەند رادارێک لە رۆژئاوای کوردستان جێگیر دەکات 


هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا چەند رادارێک لە بەشێکی کوردستان جێگیر دەکات.
سەرچاوەیەک لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، جێگیرکردنی ئەو رادارانە پلانی سەرەتایە بۆ سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، کە ئەمریکا پێش ماوەیەک خستییە روو.
ئەو سەرچاوەیە، کە لەبەر هەستیاریی بارودۆخەکە نەیویست ناوی بڵاو بکەینەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە سوپای ئەمریکا دەستی کردووە بە جێگیرکردنی ئەو رادارانە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی باشووری کۆبانێ و رمێلان لە پارێزگای حەسەکە.
بەپێی زانیارییەکان، رادارەکان چاودێریی ناوچەی دژەفڕین لە منبج تا دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن وهێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)ش لەسەر زەوی چاودێریی جموجۆڵەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە دەکات.
سەرچاوەکە پێی وایە ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بۆ دووبارە بەهێزبوونەوەی رۆڵی خۆی و گرنگیدانە بە هاوپەیمانەکانی لە سووریا.
جێگیرکردنی ئەو رادارانە لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا لەکاتێک دایە، کە جۆن بۆڵتنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا هەڕەشەیەکی توندی لە رژێمی سووریا کردبوو، کە ئەگەر ئەو رژێمی چەکی کیمیاوی لە ئیدلیب بەکاربهێنێتەوە، ئەوا رووبەڕووی ”گورزێکی توندتر لە جاری رابردوو“ دەبێتەوە.
رۆژی ٢٠١٧/٠٤/٠٤ فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا بە چەکی کیمیاوی  ناوچەی خان شەیخون لە پارێزگای ئیدلیبیان بۆردومان کرد و بە ھۆی بۆردومانەکەوە، ٥٨ کەس گیانیان لەدەست دا، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و نزیکەی 3٣٠٠ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی ٠٧/٠٤/٢٠١٧، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی تۆماهۆکی ئاراستەی سەربازگەیەکی سوپای سووریا کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.
لە مانگی ئاداری ٢٠١١ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

Comments