گەڵاڵەی نوێی وەزارەتی ڕاهێنان و پەروەردە بە دژی زمانی دایک لە وڵاتی ئێرانی دەستکرد.

ڕێژیمی کۆماری ئاخووندی ئێران دەیەوێ لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەدە و فێرکردنەوە گەڵاڵەیەکی شوینیستی بۆ سەپاندنی زمانی فارسی بۆ منداڵانی پێش قوتابخانە پەسەند بکا.


عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری بە ناو ئیسلامیی ئێران نیگەرانیی خۆی لە لاواز بوونی زمانی فارسی دەربڕیوە و داوای لە لایەنە پێوەندیدارەکان کرد کە گرنگی زیاتر بە زمانی فارسی بدەن.
دوابەدوای قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی “ڕیزوان حەکیم زادە”، جێگری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران باسی لە گەڵالەیەک کرد کە بە تەواوی شوینیستی و بۆ سڕینەوەی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە.
جێگری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن ڕایگەیاند کە دەیانەوێ بەپێی گەڵالەیەک هەڵسەنگاندن بۆ ئەو منداڵانە بکەن کە تا ئێستا تەمەنیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خوێندن و پێویستە ئەو منداڵانە پێش چوونیان بۆ قوتابخانە زمانی فارسی بزانن.
ڕێژیمی کۆماری بە ناو ئیسلامیی ئێران وەک چۆن دەیەوێ هێژموونی شیعەگەری لە جیهاندا پەرەپێبدا، لە بەرنامەیەکی دیکە دا دەیەوێ بەپێی یاسایاک کە هەر خۆیان ئامادە و پەسەندی دەکەن، زمانی گەلانی دیکەی وڵاتی دەستکردی ئێران بسڕنەوە و زمانی فارسی بکەنە زمانی هەموو گەلانی وڵاتی دستکردی ئێران.
لەگەڵ ئەوەی کە زمانی فارسی زمانی ڕەسمی خوێندن و نووسینە لە ئێران و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی سەڵتەنەتی پەهلەوی و، نەتەوەی باڵادەست تا ئێستاش هەر بەردەوامە لە سڕینەوەی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران.
ئەوەی کە تا ئێستا زمانی فارسی بە زۆر بەسەر نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا سەپاوە و منداڵان لە دەسپێکی خوێندنەوە و لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە دەبێ بە فارسی دەرس بخوێنن و فێری زمانی فارسی بن، زوڵمیکە کە لە منداڵانی غەیرە فارس دەکرێ و بۆ منداڵێکی کوردی گوندێکی کوردستان زۆر سەخت و دژوارە کە لە یەکەم ڕۆژدا دەبێ بە زمانێکی بێگانە و جیا لە زمانی دایکی بخوێنێ و فێر بێ و تێیبگا، بەڵام ئەو گەڵاڵەیەی کە ئێستا باس دەکرێ لەوەش خراپتر و بە تەواوی سیاسەتێکی شوینیستییە نەک گەڵاڵەیەک بۆ پەروەردە و فێر کردن.
لەو گەڵالەیەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردندا هاتووە کە منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ دەبێ هەڵسەنگادنیان بۆ بکرێ و لە هێڵەک بدرێن هەتا بزانن چ کەموکوڕییەکیان هەیە کە یەکێک لەو خاڵانە قسە کردنە بە زمانی فارسی.
بۆ مناڵێکی کورد و بەلووچ کە لە بنەماڵەیەکی غەیرە فارسدا پەروەردە دەبێ و پێدەگا، چ مەنتقێک قبووڵی دەکا کە لە تەمەنی پێنج ساڵی تا حەوت ساڵیش کە زمانی دایکیی بە تەواوی نازانێ، چۆن دەتوانێ بە زمانی فارسی کە زمانێکی بێگانەیە و منداڵەکە هیچ سەروکارێکی لەگەڵی نەبووە، دەبێ قسەی پێبکات و ئەگەریش نەتوانێ قسە بکا ئەوە دەکەوێتە لیستی مناڵانی ڕیزپەر( ئیستسنایی) و کە ئەوەش نەک هەر دەکەوێتە خانەی هەڵاواردن، بەڵکوو بە ئاشکرا زوڵمێکی گەورەیە لە منداڵانی کورد، بەلووچ، ئازەری، تورک، عەڕەب و تورکمەن و هەر کەمەنەتەوەیەک کە لە ئێراندا دەژی.a

تعليقات