ئه‌نگێلا مێركڵ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا دژایه‌تی بۆ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان راگه‌یاندبوو.

مارک ھاوپتمان: “پێویستە دەوڵەتی کوردی لەسەر ھەمان لۆژیک بڕوات کە دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەر دامەزرێنرا، ببێتە پەناگەیەکی ئارام و خاڵی کۆبوونەوەی ئەو کوردانەی لە دیاسپۆرا دەژین و بە جیھاندا بڵاوبوونەتەوە”.


مارک ھاوپتمان، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌رامبه‌ر به‌ كورد گرت و وڵامی ئه‌نگێلا مێركڵ راوێژكاری ئه‌ڵمانیای دایه‌وه‌، كه‌ دژایه‌تی بۆ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان راگه‌یاندبوو.
مارک ھاوپتمان، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە سەر پارتی کریستیان دیموکراتی دەسەڵاتدار رایگەیاند، “کۆماری ئەڵمانیا ھەندێک جار پەیڕەوی لە سیاسەتی دوو فاقی دەکات، کاتێک دێینە سەر مافی چارەنووسی گەلان، لە کەیسی کۆسۆڤۆ لەگەڵی بوون، بەڵام بۆ کورد نا. راستی ئەوەیە، عێراق خاوەنی تەمەنێکی مێژوویی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو دەوڵەتێکی دروستکراوە، ئەو سنوورانە لە سەردەمی کۆڵۆنیاڵییەوە کێشراون. لەبەرئەوە نابێت ئەو فۆڕمەی ئێستای عێراق بە زۆر پارێزگاری لێبکرێت، نابێت ئەو خواستە گەورەیەی باکووری عێراق بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی پشتگوێ بخرێت”.
ھاوپتمان گوتیشی: “کوردەکان ھاوبەشێکی گرنگن بۆ جێگیری سیاسی لە ناوچەکە. دۆخی ئاسایش لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردی زۆر باشترە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق”.
هه‌روه‌ها گوتی: “ئەڵمانیا و ئەوروپا لەگەڵ ھاوبەشە کوردەکان لە کارێکی پێکەوەیی باشدان، پێویستە لە ناوچەکەدا ھاوبەشی باشمان ھەبێت نەک دوژمنکاریی وەک ئێران”.
دووپاتیشیكرده‌وه‌، “دەوڵەتی کوردی، کە ھەرێمی ئۆتۆنۆمی و ھەولێری پایتەخت دەگرێتەوە، پێویستە لە ژێر فشاری تورکیا دەربھێنرێت. پەکەکە کە حیزبێکی قەدەغەیە لە ئەڵمانیا، بیانووی چالاکییەکانی لە دەست دەدات. دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە دەوڵەتی کوردی لە سەر خاکی تورکیا دروست ناکرێت، بەڵکوو تەنیا لە باکووری عێراق و لەوانەیە لە رۆژھەڵاتی سووریاش”.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “پێویستە دەوڵەتی کوردی لەسەر ھەمان لۆژیک بڕوات کە دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەر دامەزرێنرا، ببێتە پەناگەیەکی ئارام و خاڵی کۆبوونەوەی ئەو کوردانەی لە دیاسپۆرا دەژین و بە جیھاندا بڵاوبوونەتەوە”.
هه‌ر له‌و میانه‌یه‌دا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌ڵمانییه‌ گوتیشی: “ئەوەی کە لە لایەکەوە بۆ خۆپاراستنی ناوچەیەک پشتیوانی کردبێت، نابێت داواکاری مافی چارەنووسی ئەو خەڵکە پشتگوێ بخات و بەکەم سەیر بکات. خواستی گەلی کورد، نەک تەنیا بۆ پاراستنی ناوچەکەیان، بەڵکوو بۆ سەربەخۆکردنیشی لەو دۆخە سیاسیەی کە ئەو ناوچەیە پێیدا تێپەڕ دەبێت، خواستێکی لۆژیکییە. دەوڵەتی کوردی و حکوومەتەکەیان ھۆکاری ئارامی و سه‌قامگیریی ده‌بێت لە ناوچەیەکی پڕ لە قەیراندا”.
ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ ئەنگێلا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانیا لە سەردانێکیدا بۆ شاری گۆسلەر لە ویلایەتی نیدەرزاکسنی ئەڵمانیا لە گوتەیەکیدا دژایەتی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لە عێراق پیشاندابوو. مێرکڵ رایگەیاندبوو، کە لەو باوەڕەدا نییە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی خزمەت بە ئاشتی لە ناوچەکەدا بکات.
مارک ھاوپتمان، وێنه‌یه‌كى ئه‌و نامه‌یه‌ى بۆ دڵشاد بارزانى، نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا ناردووه‌ و كوردستان٢٤ له‌ رێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ ئه‌ڵمانیا، راگه‌یاندراوه‌كه‌ى به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌.

Comments